نزیكبوونەوەی نێر‌و مێ هەڕەشەی نەمانی لەسەره

1 مانگ پێش ئێستا

كوردۆ شابان
بۆ ئەوەی زوو مانای ناونیشانەكە ڕوون بێت، مەبەستمان لە "سێكس"ـە. توێژەران لەسەر ئەوە كۆكن، خەڵكی ئەم سەدەیە بە بەراورد بە سەدەكانی تر، كەمترین نزیكبوونەوەیان بەرەو سێكس هەیە، وێڕای ئەوەی لە هەموو سەردەمەكانی دیكەیش زیاتر باسی دەكەن‌و پێوەی سەرقاڵن.
بۆ ئەم دابەزینە، توێژەران هۆكاری زۆریان خستووەتە ڕوو كە پێوەستە بە ئابووری، دەروونی، شێوەی ژیان، تەندروستی‌و زۆر هۆكاری دیكە. هەندێك پێیان وایە، ئیتر خەڵكی زەوی لە وەچەخستنەوە دەكەون، چونكە نێر‌و مێ، تا دێ لەڕووی سێكسییەوە لەیەك دوور دەكەونەوە.
بەپێی ئامار‌و بەدواداچوونێك بۆ ساڵانی نێوان 1991 تا 2017 لەسەر هەڵسوكەوتی گەنجان لە ئەمەریكا كە سەنتەری پارێزگاریی لە نەخۆشی پێی هەستاون، دەركەوتووە ڕێژەی نزیكبوونەوەی سێكسی لەناو قوتابیانی قۆناغی ئامادەیی لە 54% دابەزیوە بۆ 40%، واتە ئێستە زۆرینەیان تا دەگەنە قۆناغی زانكۆ، بیریشیان لێی نەكردووەتەوە. (هەڵبەت ئەم ڕێژەیە بۆ ئەوان زۆرە، بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵات كە بەهۆی ئایین‌و نەریتەكانەوە قەدەغەیە، ئاسایییە.)
جان ئێم توینجی، مامۆستای دەروونناسی لە زانكۆی سان دیێگۆ، توێژینەوەیەكی لەسەر هۆكاری دابەزینی ئاستی سێكس لە ئەمەریكا كردووە، بۆی دەركەوت هاوسەرانی ئەمەریكی، ئێستە بە ڕێژەیەكی كەمتر لەچاو دوو نەوەی پێش خۆیان سێكس. بۆ نموونە ناوەندی نزیكبوونەوەی ژن‌و مێرد لە ساڵێكدا، تا ساڵانی نەوەتەكان، 62 جار بووە، بەڵام ساڵی 2014 لە ساڵێكدا بووە بە 54 جار، واتە لە هەفتەی جارێكیش كەمتر. بۆ ساڵی 2016 هێشتا لەوەش كەمتر بووەتەوە.
هێلین فیشەر زانای ئەنترۆپۆلۆجیا دەڵێ، بەهۆی كەمبوونەوە هەستی سێكسی لە نێوان نێر‌و مێدا، ڕێژەی هاوسەرگیریش كەمی كردووە‌و هەردوولا ژیانی تەنیایییان پێ پەسەندترە.
لە ماوەی 25 ساڵدا، ڕێژەی هاوسەرگیری لە تەواوی جیهاندا ڕووی لە كەمی كردووە‌و هەندێك هەر بڕوایان پێی نییە‌و ئەوانەیش كە دەخوازن هاوسەرگیری بكەن، دوایان خستووە بۆ كاتی نادیار.
هێلین دەڵێ، پێشتر خەڵك وایاندەزانی هۆكاری كەمبوونەوەی هاوسەرگیری، بۆ زۆربوونی پێوەندیی سێكسی دەرەوەی هاوسەرگیری دەگەڕێتەوە، بەڵام كاتێك دەبینین ئەویش بە شێوەیەكی زۆر فراوان ڕووی لە كەمییە، بۆمان دەردەكەوێ هۆكارەكە زۆر لەوە قووڵترە.
زۆربەی وڵاتانی دونیا، گرنگی بەوە نادەن چاودێری باری سێكسیی هاووڵاتیان بكەن، لەكاتێكدا ئەو بوار زۆر گرنگە‌و پێوەستە بە داهاتوو وڵاتەكانەوە. لە توێژینەوەیەكی بریتانیدا ئاشكرا بووە، خەڵكی ئەو وڵاتە لە تەمەنەكانی 16 بۆ 44 لە ساڵی 2001 لە مانگێكدا شەش جار نزیكی یەكتر بوونەتەوە، بەڵام لە ساڵی 2012 بۆ چوار جار لە مانگێكدا كەم بووەتەوە. ئەم كەمبوونەوەیەش لە زۆربەی وڵاتانی دونیادا بە ڕێژەی جیاواز تۆمار كراوە.
یەكێك لە گەورەترین هەڕەشەكانی سەر نزیكبوونەوەی نێر‌و مێ، بریتییە لە زۆربوونی خۆخاڵیكردنەوەی ئەو دوو ڕەگەزە بە تەنیا، بەبێ دوور لەوەی هانا بۆ پێوەندی لەگەڵ ڕەگەزی بەرانبەر ببەن. وڵاتی ژاپۆن پێشەنگی ئەو وڵاتانەیە كە بەدەست ئەو ژیانە تاكگەراییەوە دەناڵێنێ‌و دەیەوێ هەرچۆنێك بێت خەڵكی ڕزگاریان ببێ‌و توانای پیتاندن بەرز بكاتەوە، لە كاتێكدا خەریكە توانای پیاوی ئەو وڵاتە بە تەواوی لاواز دەبێ. بۆ ئەمەش حكوومەت خۆی شوێنی سێكسكردنی دروست كردووە‌و پارە دەدات بە هەركەسێك بچێت بەشداری بكات، بەڵام هێشتا خەڵكی ئەوەیان پێ باشترە، بووكەڵەیەك بكڕن‌و نزیكی ڕەگەزی بەرانبەر نەبنەوە. ئەمەش كارەساتێكی گەورەی بۆ وڵاتەكە دروست كردووە‌و خەریكە منداڵ‌و گەنجی تێدا نامێنێ‌و بووەتە وڵاتی پیران.
لەوێ نزیكی نیوەی گەنجانی تەمەن 18 بۆ 34 ساڵ، یەك جاریش لە تەمەنیاندا سێكسیان نەكردووە. هەروەها ڕێژەی نزیكبوونەوەی هاوسەرانیش لە مانگێكدا بۆ كەمتر لە یەك جاریش دابەزیوە.
لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەمیشە ڕێژەكە بەراورد بە ڕۆژئاوا باشتر بووە. پێناسەیەك بۆ خەڵكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كراوە، دەڵێن: "ئەوان هەمیشە باسی تۆپی پێ دەكەن‌و ناشیكەن، كەمترین باسی سێكس دەكەن‌و دەشیكەن." بەڵام ئایا ئەو ڕێژەیە لەم ناوچانەش دانەبەزیوە؟
كێشەی گەورەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو جیاوازییەیە لە نێوان نێر‌و مێ. ڕەگەزی نێر ئازادە باسی سێكس بكات، تەنانەت ئازادترە لەوەی بتوانێ پێش هاوسەرگیری بیكات بەبێ ئەوەی كەس تۆمەتی خراپی بەسەردا بدات‌و بگرە خۆیشی شانازییی پێوە دەكات. لە بەرانبەردا كچ بۆی نییە باسی بكات تا شوو دەكات، بۆی نییە نزیكی ببێتەوە. ئەگەر خۆشەویستێكی هەبوو، پێكەوە نزیكی بوونەوە‌و دواتر جیا بوونەوە، كوڕەكە ڕەنگە حەیای ببات‌و ئیتر ئەو كچە بۆ هەمیشە پەڵەیەك بەسەرییەوە دەبێ‌و ڕەنگە هەرگیز كەس ئامادە نەبێ بیخوازێ. كوڕەكە لەپێش چاوی ئەو كە بەشێكی كردارەكە بووە، ژن دەهێنێ.
ئەم هۆكارانەی سەرەوە وای كردووە، هەمیشە كاتێك ڕاپرسی دەكرێ، كوڕ وەك بەشێك لە شازانی ئەگەر سێكسیشی نەكردبێ دەڵێ كردوومە، كچ ئەگەر كردبێتیشی دەڵێ نەمكردووە، بۆیە هیچ پێوەرێك بۆ كوڕان‌و كچانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێش هاوسەرگیری ڕاست نییە. وێڕای ئەوەش، ئەگەر تەنیا ڕێژەی نزیكبوونەوەی نێوان ژن‌و مێردیش بپێورێ، هەر ڕووی لە كەمبوونە‌و كارەساتەكە ئەم ناوچەیەشی گرتووەتەوە.
گۆڤاری "ئەتلانتیك" ساڵی 2018 ڕاپۆرتێكی بڵاو كردەوە كە "كیت جۆلیان" ئامادەی كردووە، تێیدا گرنگترین هۆكارەكانی دابەزینی ڕێژەی سێكس لە جیهاندا دەخاتە ڕوو:
یەكەم: دایكان‌و باوكان هەمیشە لە ئامۆژگارییەكانیان بۆ مێردمنداڵەكانیان ئەوەیە، خەریكی خوێندن بن‌و دوور بكەونەوە لە پێوەندی خۆشەویستی. ئەم هەستی ڕقە لە ڕۆمانسییەت، زۆر جار كاریگەریی لەسەر ئەو هەرزەكارە دروست دەكات‌و بۆ قۆناغی زۆر دواتر بەردەوام دەبێ.
دووەم: سەردەمی تەكنەلۆجیا، گەورەترین زیانی بە كوڕ‌و كچ گەیاندووە، ئەمەش بە چەندان شێوە. بۆ نموونە ئێستە خەڵكی زیاتر لەودیو شاشەوە لە ڕێی وێبسایتەكانەوە دەورووژێ، یان پێوەندیی كوڕان‌و كچان لەودیو شاشەوە لە ڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دروست بووە. یان وای كردووە بەهۆی ئەو فیلمە پۆڕنۆیانەی دەیبینن‌و كاتێك تەماشای جەستەی خۆیان دەكەن‌و بەراوردی دەكەن بەو ئەكتەرانە، تووشی نائومێدی دەبن‌و نایانەوێ خۆیان پێشان بدەن. ئەمە جگە لەوەی هەر مانەوە خۆی بەدیار شاشە‌و هۆكارەكانی تری تەكنەلۆجییەوە، باری تەندروستیی سێكسی لاواز دەكات.
سێیەم: ئاسانیی نزیكبوونەوەی كچ‌و كوڕ لە یەكتر، لەجیاتی ئەوەی پرۆسەكە زیاتر بكات، خاوی كردووەتەوە‌و بەرەو نەمانی دەبات. توێژینەوە بەریتانییەكان سەلماندوویانە، تێكەڵبوونی ئێجگار نزیكی كچ‌و كوڕ لە یەكتر، وا دەكات هەست بە جیاوازییە ڕەگەزییەكان نەكەن‌و ئیتر هەستە ڕەگەزییەكانیش بەرەو نەمان دەبات. بۆیە ئێستە ئەوان خەریكی پڕۆژەیەكن بۆ ئەوەی جارێكی تر كچان‌و كوڕان لە قۆناغی ئامادەییدا لەیەك دوور بخەنەوە، بۆ ئەوەی حەزیان بۆ یەكتر بگەڕێتەوە.
چوارەم: توێژەرە دەروونییەكان لەسەر ئەوە كۆكن، گەنجانی ئەم سەردەمە، لە هەموو سەردەمەكان زیاتر تووشی خەمۆكی‌و دڵەڕاوكێ بوون، ئەمانەش هۆكارێكی سەرەكین بۆ دووركەوتنەوە لە سێكس.
پێنجەم: گۆشەگیری‌و حەزی مانەوە لە ماڵەوە، یەكێكە لە گەورەترین كارەساتەكانی گەنجی ئەم سەردەمە. هەمیشە حەز دەكەن بەدیار ئامێرەكانیانەوە، لە كونی ژوورێكی تەسكی خۆیان بن، زۆر زیاتر چێژی لێ دەكەن لەوەی لەگەڵ خێزان یان هاوڕێكانیان بچنە دەرەوە.
شەشەم: كەمبوونەوەی جووڵە‌و زۆر دووبارەكردنەوەی چەند جۆرێك خواردنی چڕ‌و چەور، بەبێ بایەخدان بە خواردنە ڕووەكی‌و میوەكان، هۆكارێكی تری دابەزینی توانای پیتاندنە.