زمان وەک حیجابی جەهل

12 مانگ پێش ئێستا

جبار احمد

ناوەندی ئەکادیمی لەکوردستان لەپاڵ سەتحی و کورتبینییەکەیدا (وەک لە نوسینێکی ترم دا لەژێر ناوی ئاکادیمیا و کورتبینی ـ سەرنجێک لەمەڕ جەهلی زانکۆ لەکوردستان) هەڵوەستەم لەسەر کردووە، هاوکات گیرۆدەی بەربەستێکی ترە، بەربەستێک کە زۆر تراژیدی تر لە سەتحی بوون و کورتبینی، بووەتە هۆکاری گۆڕانی زانکۆ بۆ ناوەندێکی متبووی چەقبەستو و بێمەعریفە و بێڕۆڵ، ئەو بەربەستەش بریتییە لە شاردنەوەی بەتاڵی و نەزانییەکی قوڕس لەژێر زانینی زمانی بیانی دا، واتا بەکارهێنانی زمان بۆ شاردنەوە و داپۆشینی جەهالەتێکی ترسناک و گەمژەییەکی خەتەر، هاوکات خۆنمایش و خۆعەرزکردنێکی بێسنور بە پاساوی لێهاتوویی زمانەوە، لەجیاتی ئەوەی زمان ئامرازێک بێت بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و بەخشینی بەخوێندکاران و خوێنەران، بووەتە ئامرازێک بۆ شاردنەوەی بێمەعریفەیی و پۆزلێدانی مامۆستایان بەسەر خوێندکاری داماوەوە.

من لەو کەسانەم کە پێموایە زمان زانست نییە، زمان مەعریفە نییە، زمان تەنها وەسیلەیەکی گەیاندن و وەرگرتنە، ئینسان هەرچەندە بێشومار زمان بزانێت مانای ئەوە نییە کەسێکی مەعریفی یان زانست دۆستە، هەروەک نەزانینی زمانیش ئینسان مەحروم ناکات لەوەی بتوانێت بەزانست و مەعریفە بگات. زمان زانینی زۆریش ئاماژە نییە بۆ ئاکادیمیستی لێهاتوو، بەڵکو دەکرێت تاجیر، دەڵاڵ، کرێکار و گارسۆن، ڕۆژنامەوان، ڕێکخەری گەشتیار، تەنانەت سۆزانییەکانیش توانای زانینی زمانی زۆریان هەبێت، بەپێی ڕایی کردنی ئیش و کارەکانیان.
ئەوەی لەم چەندساڵەدا و لەناوەندی ئەکادیمی کوردی زمانی بیانی وەک پۆز بەخوێندکاران فرۆشراوەتەوە، ئەوەندەی لەپاڵ ئەو زمانە بیانییەدا ئیهانەی زمانی کوردی کراوە، کەگوایە زمانی زانست نییە، هەربۆشیعر و پەخشان گونجاوە، ...هتد، هەرگیز هیچ کاتێک و هیچ زمانێک ئەوەندە ئیهانە نەکراوە، دەیان توێژینەوەی ئاست نزم لەژێرناوی زمانی بیانیدا فویان پیاکراوە و گەورەکران، لەکاتێکدا توێژەران هەرخۆیان شەرم دەکەن لەکردنە کوردی ئەو توێژینەوانە.
بۆئەوەی هەم چیتر لەژێرناوی زمانی بیانیدا نازانستی و لاوازی و ئاست نزمی توێژنەوەکان نەشاردرێتەوە و زمانی بیانی نەکرێتە پەردە و حیجابێکی خراپ بۆ شاردنەوەی بێمەعریفەیی توێژەران، و هەم بۆ ئەوەی لەپەنای زمانی بیانیدا چیتر ئیهانەی زمانی کوردی نەکرێت.

داواکار و تکا کارم لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، زانکۆکان و ناوەندەکانی توێژینەوەی ئەکادیمی، کە متمانە بەهیچ توێژینەوەیەک نەکەن تا ئەوکاتەی بەزمانی کوردی و لەگۆڤارێکی ئەکادیمی کوردیدا مافی بڵاوکردنەوە بەدەست ئەهێنێت.