كامیان مەترسیدارترە مۆبایل یا كۆرۆنا ؟

12 مانگ پێش ئێستا

كۆڤان حسێن
بەشێك لە وڵاتانی جیهانی بۆ قۆناغی پاش كوارەنتین رێكاری نوێ بۆ خۆ پارێزی دەگرنەبەر ، چین لە رێگەی ئەپێكەوه (App) هەوڵی كەمكردنەوەی بڵابوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەدات كە پێویستە تەواوی دانیشتووانی وڵات خۆیان تیایدا تۆمار بكەن و هەریەكەیان ( باركۆد)ی تایبەت بە خۆی هەبێت ، چونكە بۆ هەر شوێنك بچێت ( رێستورانت، مۆڵی بارزاكردن، هۆتێل، زانكۆ، و تەواوی دامەزراوەكان ) وەك ناسنامەی بەكار دەهێنرێت. لە ڕێگەی ئەم ئەپەوە دەزانرێت ئەم كەسە لە چ شوێنێك بووە، و چەند (موعەرز)بووە بە توشبوون. لە جیاتی ناسنامە ،و پشكنینەكانی ( كۆڤید ١٩) داوای باركۆد تایبەتی هاوڵاتیان دەكرێت، لە رێگەی سیستمی جی پی ئێسەوە و (Geolocation)دەزانرێت ئایە بەركەوتنی هەبووە لەگەڵ كەسی توشبوو ، یاخود چەند نزیكی ئەو ناوچانە بووە كە رێژەی تووشبوون تیایدا بەرزە ، ئەگەر دەركەوت بەركەوتووی كەسێكی توشوبیێت رنگی ( باركۆدە)كە دەگۆرێت بۆ زەرد ، ئەگەر رەنگی (باركۆدە) سوور بێت ئەوا هەڵگری ڤایرۆسەكەیە. ئەو كاتەش یەكسەر دەبێت دوورت بخەنەوە لە كوارەنتین دابنرێیت.

- لەسەر ئاستی ئەورۆپا و ئەمریكا

دوا بە دوای ئەم هەنگاوە لەسەر ئاستی ئەورۆپا كۆماری چیك ئەم مانگە ئەپێك هاوشێوە بڵاودەكاتەوە، هەر یەكە لە وڵاتانی بریتانیا و ئیتاڵیا هەمان هەنگاو پەیرەو دەكەن.
لە ئەمریكا هەردوو كۆمپانیای گووگڵ و ئەپڵ بە هاوبەشی كار دەكەن بۆ جۆرە تەكنەلۆژیایەكی نوێ بۆ‌ هاوكاریكردنی حكومەت و كەرتی تەندرۆستی بۆ كەمكردنەوەی بڵابوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ، تەكنەلۆژیاكە لە رێگەی سیستەمەكانی (Bluetooth) بلووتۆس و (Application Programming Interface) ناوبەستی پرۆگرامی (بەرنامەسازی) بەركار و (Cryptography) كرپتۆگرافی كار لەسەر دوو كەس دەكەن : یەكەم ( كەسی توشبوو – Affected User) شوێن و پانتایی گەڕان و هاتوچووی تۆماردەكات و دەگوازرێتەوە بۆ بەركاربەری تر ، بۆ ئەوەی ئەوان ئاگاداری شوێن و پانتای ژیانی كەسی توشبوو بن .
دووەم (كەسی موعەرز بۆ تووشبوون – Exposed User) داتاو زانیاری وەدەگرێت لەبارەی جیولۆكەیشنی كەسە تووشبووكان ، لە رێگەی نامە و ئاماژەی ئەلێكترۆنییەوە پێی دەگات .

گەرچی یەكەم جارنییە لە وڵاتانی جیهانی ‌(بە هەرێمی كوردستانیشەوە) ئەم تەكنەلۆژیایە بەركار بهێنرێت. پێشتریش بەشێك لە كۆمپانیاكان ئەم جۆرە تەكنەلۆژیایان بەكارهێناوە، بە واتایەتی تر لە رێگەی (GPS) زانراوە كەسی بەركاربەر كەی لە كوێ بووە، و ماوەی ئەو كاتانەی لە شوێنەكان بەسەر بردووە ، تەنانەت خێرایی ئوتومبێلی كارمەندكانیان تۆماردەكات، بەڵام رەنگە ئەم سیستەمی نوێیە بەتایبەت كە لە هەندێ وڵات ناچارییە لێكەوتەی باشی نابێت و لە ئێستاوە ئاماژەكان دەركەوتوون ، یەكەم وڵات كە پەیرەوی ئەم سیستەمەی كرد وڵاتی سەنگافورە بوو بەڵام بە هۆی مەترسی تایبەتمەندییەوە تەنها لە سەدا ١٢ دانیشتوانی بەكاری دەهێنن. ئەم جۆر چاودێریكردنی مرۆڤ و تایبەتمەندییەكانی بێ وێنەیە ، مەترسی زیاتریش لە دوای خۆیەوە دەهێنت چونكە :-

یەكەم :- ئەم وابەستهە ‌ناچارییە ( حەتمیەتی تەكنەلۆژیا) جۆرێكی تر لە كۆلایەتیكردن بەرهەم دەهێنێت.

دووەم:- داتاو زانیارییەكان مرۆڤ وەك كاڵا(كرین و فرۆشی) پێدەكرێت، لە لایەن چەند كۆمپانیایەكی دیاریكراوە مۆنۆپۆڵ دەكرێت.

سێیەم:- پانتای تایبەتمەندی كەسێتی مرۆڤ هێندە بەرتەسك دەكات هیچ واتایەكی نامێنێت.