حیزب ڕواندن لە دەماغی ئینساندا
11 مانگ پێش ئێستا
هونەر تۆفیق
شۆرشی نانۆ تەكنەلۆجی گۆڕانكاری گەورەی بەسەر زانستدا هێناوە. توانای مرۆڤی گەیاندووە بە دەستكاری كردنی دەماغ. سەرەتاكانی لە چارەسەری كێشەی بیستنو بینیندا دەستی پێكردووە، دەتوانرێت لەڕێگای چاندنی چیپسی ئەلكترۆنیەوە لەناو مێشكدا بیستنو بینین بگەڕێننەوە بۆ نەبیستو نابیناكان .
كۆمپانیای تسالا دەڵێت لە چەند ساڵی داهاتوودا دەتوانین پرۆگرامی زیرەكی لە مێشكدا بڕوێنین، لەوە زیاتریش لەڕێگای چاندنی چپسی ئەلەكترۆنی زمانەوە، مرۆڤ كام زمانەی بوێت پێی دەدەین. بۆ نمونە پێویست ناكات بۆ فێربوونی زمانی چینی كەسێك چەندین ساڵ بخوێنێت بۆ فێربوونی چینی، دەتوانێت پرۆگرامی زمانی چینی بكڕێتو لە مێشكی خۆیدا دایمەزرێنێت، كەسەكە بە كلیكێك دەبێت بە چینی زان. لەداهاتووشدا خوێندنو فێرگەكانی وەك قوتابخانەو زانكۆ نامێنێت، هەر لە ڕێگای چیپسی پرۆگرامەكانەوە كام پسپۆریەی مرۆڤ بۆ كارەكەی پێویستی دەبێت، پرۆگرامی جۆری پسپۆریەكە دەكڕێتو لەمێشكی خۆیدا ئینستۆڵی دەكات .
وەك كوردێك كاتێك بیر لەو داهاتووە زانستیە دەكەمەوە، دیمەنی ئەو حیزبانە دێتە بەرچاوم كەبۆ بەدەروێشكردنی لایەنگرەكانیان لەگەڵ كۆمپانیای تسالادا ڕێكدەكەون چیپسی پرۆگرامی تەلەقینیان بۆ دروست بكات تا لە مێشكی لایەنگرەكانیاندا بیڕوێنن. لەبری ئەوەی لەو كاتەدا كورد بیر لە كڕینی پرۆگرامی پسپۆریو شارەزایی بۆ ئاوەدانیو بەڕێوەبردنی وڵات بكاتەوە، هەوڵی پەیداكردنی جۆرە پرۆگرامێك دەدات كە حیزبی بۆ بخاتە ناو مێشكی خەڵكەوە، هیچی تر ..