تاقیكردنەوەی ماڵیكردنی ڕێوییەكان چیمان لەسەر ڕەفتاری مرۆڤ پێ ئەڵێت؟

9 مانگ پێش ئێستا

وەرگێڕان: د.كۆیار شێركۆ 
تاقیكردنەوەیەكی سەردەمی سۆڤییەت بۆ گۆڕینی توخم و ماڵیكردنی ڕێوی كێوی و دڕ، كۆمەڵێك زانیاری نوێمان سەبارەت بە ڕەفتاری كۆمەڵایەتی و ماڵیكردن بۆ دەسەلمێنێت. نزیكەی 60 ساڵە، زانایانی ڕوسیا سەرقاڵی تاقیكردنەوەیەكن لەسەر ڕێوی ئارام و ڕێوی دڕ. توێژینەوەیەكی نوێ كە تایبەت بوو بە لێكۆڵینەوە و تەماشاكردنی جینۆمی هەر دوو جۆرەكە، ئەوەی سەلماند كە گۆڕانكاری گەورە و سەرنجڕاكێش‌ لە دی ئێن ئەی ڕێوییەكاندا ڕوویداوە. 

بێگومان ئەمەش كاتێكی زۆری پێچووە. ساڵی 1959، پیاوێك بە ناوی دمیتری بێلیاڤ، دەستی بە تاقیكردنەوەیەك كرد بۆ تێگەشتن لە شێوازی ماڵی بوونی سەگ. بێلیاڤ و بایۆلۆجستەكانی تر لەو باوەڕەدا بوون كە سەگی ماڵی لە گورگەوە هاتوون و بنەچەیان دەگەڕێتەوە سەر خێزانی گورگ. بەڵام نەیاندەزانی چۆن ئەو هەموو جیاوازییە ئەناتۆمی و فیسیۆلۆجییە ڕوویداوە و چۆن ڕەفتاری گورگ و سەگ هێند جیاوازن؟ 

بێلیاڤ بیرۆكەیەكی هەبوو، پێیوابوو كە جیاوازی سەرەكی نێوانیان، ماڵیبوونی سەگە. پێشوابوو ئەو گۆڕانكارییە بایۆلۆجییانەی لە ئاژەڵی ماڵیدا هەبوون، وەك خاڵی سپی، كلكی چەماوە، گوێی نەرم و كەلەسەری كورت، هەموویان دەرئەنجامی گۆڕانكاری ئیڤۆلوشنی (پەرەسەندنی) ڕەفتاری سەگەكانن، نەك گۆڕانكاری جەستەیی. 

ئەمە بووە هۆكاری ئەوەی بیرۆكەی تاقیكردنەوەكە درووست ببێت. بێلیاڤ باوەڕی وابوو كە بە كۆكردنەوەی ئەو ڕێوییانەی ڕەفتاریان نەرم و نیانە و زووتر دەبن بە هاوڕێی مرۆڤ و كەمتر دڕن، دەتوانێت پاش چەند نەوەیەكی تر و جووتبوونی ئەم ڕێوییە ئارامانە، نەوەیەك لەم ڕێوییانە دروست بكات كە ماڵی دەكرێن و هەمان پرۆسە دووبارە بكاتەوە كە گورگ پێیدا تێپەڕیوە و بووەتە سەگ و ماڵی بووە. بەمجۆرە بێلیاڤ كۆمەڵیك ڕێوی سیلڤەری لە كێڵگەیەكی كەنەدی كڕی و لە تاقیگەكەیدا لە یەكێتی سۆڤییەت، دەستی بە كار كرد. 

بە تێپەڕینی كات بێلیاڤ بۆچوونەكەی خۆی سەلماند و ڕێوییەكان جگە لەوەی بە دوای هاوڕێیەتی مرۆڤەوە بوون و دەیانویست پەیوەندی كۆمەڵایەتی لەگەڵ مرۆڤدا ببەستن، سەرجەم ئەو گۆڕانكارییە ئەناتۆمییانەش بەسەر جەستەیاندا هات كە تایبەتمەندن بە ئاژەڵی ماڵی: خاڵی سپی، كلكی چەماوە، گوێی نەرم و ئەوانی تریش. 

تەواوی ئەم تاقیكردنەوەیەش سەرەتا بە كۆكردنەوەی ڕێوییەكان دەستی پێكرد. هەڵبژاردنی ڕێوییەكان لە قۆناغی یەكەمدا، لەسەر بنەمای ڕەفتارییان بوو كاتێك مرۆڤ لێیان نزیك دەبووەوە. ئەوانەیان جیاكردەوە كە  لە مرۆڤ نزیك دەبوونەوە و ڕێیان پێدەدان دەستیان لێبدەن. ئەوانەشیان بە جیا دانا كە دەچوونە دواوە، لە ترسا هاوارییان دەكرد و دڕ دەردەكەوتن. 

بێلیاڤ لە ساڵی 1985دا كۆچی دوایی كرد، بەڵام تاقیكردنەوەكە تا ئەمڕۆش بەردەوامە. نزیكەی 40 نەوەی ڕێوی ئارام و دڕ بە جیا گەورەكراون. ئێستاش بۆ یەكەمجار، جینۆمێكی تەواوەتی ئەم ڕێوییانەیان لە بەردەستدایە كە بە ڕوونی ئەو گۆڕانكارییانە نیشان دەدات كە لە پرۆسەی ماڵیكردنی ڕێوییەكاندا ڕوویداوە و لە ڕێوییە كێوییەكاندا جیاوازە. ئەمەش یارمەتییان دەدات كە جگە لە سەگ، جینۆمی ئاژەڵێكی تریشیان لەبەردەستا بێت بۆ تێگەشتن لە ڕەفتاری ئەو ئاژەڵە كێوییانەی ماڵی دەبن، چونكە سەگ و ڕێوی دوو شێوازی ژیانی تەواو جیاوازییان هەیە. 

لە كۆی ئەو 103 جیاوازییە بنچینەییەی لە جینۆمی ڕێوییە كێوییەكان و ڕێوییە بە ماڵیكراوەكاندا هەبوو. توێژەرەوەكان كاریان لەسەر جینێك كرد كە پێی دەوترێت (SorCS1) ئەم جینە پێشتر لە ئاژەڵە كێوییەكاندا نەبینراوە و لەواندا ڤێرژنێكی تەواو جیاوازی ئەم جینە بوونی هەیە كە لە جۆرەكانی تر دەگمەنە. 

پێشتر هیچ بەڵگەیەك بوونی نەبوو كە گومانی ئەوە لای زاناكان دروست بكات كە ڕەنگە ئەم جینە پەیوەندی بە ڕەفتاری كۆمەڵایەتییەوە هەبێت. كوكیكۆڤا، یەكێك لە زاناكانی تاقیكردنەوەكە دەڵێت، "پێشتر دەمانزانی ئەم جینە لە مرۆڤدا پەیوەندی هەیە لەگەڵ ئۆتیزم و نەخۆشی ئەلزهایمەردا. ئەم تاقیكردنەوەیە یارمەتیمان دەدات لە پەیوەندی ئەم جینە و ڕەفتاری كۆمەڵایەتی بگەین." 

ئاژەڵی ماڵی، كەمتر دوچاری سترێس ئەبن بە بەراورد بە ئاژەڵە كێوییەكان. بە تایبەت لە كاتی بینینی خەڵكی نەناسراو و شتی نوێدا. تاقیكردنەوەش ئەو جینانەی دۆزیوەتەوە كە پەیوەندییان بەم رەفتارە جیاوازەوە هەیە و پەیوەستە بە (هایپۆپالامیك پیوتیتەری ئەدرینال ئاكسز)ەوە هەیە. بەمەش جۆرە پەیوەندییەك لە نێوان مێشك و سیستمی ڕژێنە گلاندەكانی جەستەدا دروست دەبێت و كاریگەری لەسەر كاردانەوەی ئاژەڵەكە بۆ سترێس دەبێت. 

س: ناشنال جیۆگرافیك