ئەو كارەساتە لە بەشەكانی وەرزشی زانكۆو پەیمانگاكانی وەرزش ڕابگرن

7 مانگ پێش ئێستا

هەرێز جەمال
هەموو كۆتایی هاوینێك بەرەو دەستپێكی وەرزی پایز، ئیدی خوێندكاری داماو كە ٩ ساڵ ناوەندی تەواو دەكات و یان ١٢ ساڵ بە شەرە شەق و گەرما و سەرما قۆناغێكی خوێندن تەواو دەكات ئیدی ئەگەر بزانرێت كەشەكەی بۆ خوێندنی تر ناگونجێت دەڵێن كوڕە دە برۆ بەشی وەرزشێك تەواوی كەو فشەیە یان برۆ مەعهەدێكی كۆمپیوتەر یان هونەرە جوانەكان چونكە ئەمە سەرئێشەی نییەو هەرچۆن بێت تەواوی دەكەیت .

بەندە بەهۆی شارەزایم لە بواری وەرزش و وەرگرتن لە بەشەكانی ئەو بوارە لە زانكۆو پەیمانگاكان وردم و چەندین ساڵە هەمووان قەوان لێ دەدرێتەوە بۆ وەرگرتنی خوێندكار، هەرگیز بیرم ناچێت كاتێك مامۆستا عومەر فەیسەڵی پاڵەوانی لەشجوانی ویستی لە بەشی وەرزش وەربگیرێت بەڵام بەهۆی ئەوەی نمرەو هەروەها بەشەكەی هاوپەیوەستی كۆلیج نەبوو وەرنەگیرا لە كاتێكدا ئەو یاریزانە چەند رۆژێك بەر لەوەی ویستی بچێت وەربگیرێت لە پاڵەوانێتییەكی جیهانی لە وڵاتی ئیتاڵیا گەڕابووەوە .

نموونەی مامۆستا عومەرو هاوشێوەكانی ئەو پاڵەوانە ساڵانە زۆرە ئەگەرچی چەندین كورسیش بۆ پاڵەوانان دیاریكراوە بەڵام كۆت و بەندی ئەمەندە سەیرو سەمەرەی تێدایە دواجار هەر خەونی پاڵەوانەكان دەپوكێتەوە ، ئەوە بێزەحمەت ئەمساڵ خۆ هیچ پاڵەوانێتییەك نەكرابوو پاڵەوان بە چی سیستمێك و پێوەرێك وەردەگیرێت ؟

نەنگی نییە بگوترێت ئەو كۆلیژو و پەیمانگایانە خاوەنی دەیان كادری بەتواناو پسپۆڕو دكتۆری باشن كە كاری ئەمان بونیادنانی وەرزشكارێكی ئەكادیمییە ، بەڵام بەراستی كارەسات و عەیبەیەكی زۆرە كە ساڵی ٢٠٢٠ و ئێستەش تاقیكاری بە سیسمتی ساڵانی ٧٠ كان دەكرێت ، باشە یانی چی راكە راكە ، ئادەی شوتێ ، ئادەی جەمپێ ، ئەمە بێزەحمەت چی پێوەرێكی وەرزشییە ؟ باوەربكەن فێرخواز هاتووە بە پانتۆڵەوە رایكردووە ، هەیە وتوێتی من هەر خۆم ناگۆرم كەچی چۆتە تاقیكاری، توخوا عەیب نییە ئەو سیستمە سەقەتە .

باشە بەحساب خۆ زانكۆو پەیمانگاكان هەمیشە دەكەونە سنگ دەرپەڕاندن وەڵا رانكمان یەكەمی عێراقە تو دینیتان ئاگات لە سیستمی بەشەكانی وەرزشە ؟ یانی زانكۆو بەشی پەیمانگاكان لە وەزارەتی پەروەردە پارەی یەك كەسیان نییە ساڵانە كەسێك بنێرنە دەر بۆ بینینی خولێك بزانێت نوێترین سیستمی وەرگرتن چییە لە كۆلیژەكانی جیهان ؟ وەڵای ئەمەی لە كوردستان هەیە لە سۆماڵ و سودانیش باوی نەماوە .

یانی چی هەشتی بەیانی ٣٠٠ فێرخواز دەخەیتە بەرگەرمای یاریگەیەك بە بێ ئەوەی هیچ فریاگوزراییەكی سەرەتایی و ئۆتۆمبێلی فریاكەوتنی تێدا بێت؟ وەڵای هەر یاریزانێك لەو ساتانە تووشی كارەساتێك ببێتەوە پێویستە خانەوادەكەی لە تاك بە تاكی زانكۆو پەیمانگاو بەشەكان خۆش نەبێت .

كوڕە بە بیلا وەتەڵا عەیبە ئەو پرۆسە ناشرینە ، تازە ئەمساڵ لەدەست دەرچوو ساڵێكی تر بەخۆتانا وەرنەوەو لە گێژاوی ئادەی شوت باوكە راكە وەرە دەی ئافەرم ئای دوو شناو رزگارمان بكەن .