گەر هۆكاری ژیان گواستنەوەی جینەكانە، بۆچی مرۆڤ كاتێك توانەی وەچە خستنەوەشی نامێنێت، هێندە دەژی؟

6 مانگ پێش ئێستا

د.كۆیار شێركۆ
زانستی بایۆلۆجی ئەوەی سەلماندووە كە تاكە هۆكاری ژیان گواستنەوەی جینەكانە بۆ نەوەكانمان. گەر وایە، بۆچی مێینەی مرۆڤ، لە دوای وەستانی سوڕی مانگانەیەوە، ساڵانێكی زۆر دەژی؟ لە زۆرینەی ئاژەڵەكانی تردا، تەمەن  بە نزیكەیی لەو كاتەدا كۆتایی دێت كە چیتر نا‌توانن چالاكانە وەچە بخەنەوە و جینەكانیان بگوازنەوە بۆ دوای خۆیان. بەڵام لە مرۆڤدا، بە تایبەتیشدا لە ڕەگەزی مێدا، ئەم شتە بەم جۆرە نییە و زۆرینەی ژنان بە تێكڕا لە تەمەنی 52 ساڵیدا سوڕی مانگانەیان دەوەستێت و توانای گواستنەوەی جینەكانیان لە دەست دەدەن و دواتریش تەمەنێكی زۆر دەژین. 

پرۆفیسۆر كریستن هاوكس لە زانكۆی یوتا، نزیكەی 30 ساڵە سەرقاڵی لێكدانەوەی ئەم بابەتە و سەلماندنی ئەو گریمانەیەیە كە لە زانستی بایۆلۆجی و ئیكۆلۆجیدا بە 'گریمانەی نەنك' ناسراوە. گریمانەكە لەسەر ئەوەیە كە مرۆڤ لە سپیشسە بنەچەكانی پێشتری زیاتر دەژی و هۆكاری ئەمەش نەنك بوونە. لە هیچ ئاژەڵێكی تردا، ئەم دیاردەیە بوونی نییە. بەڵام لە مرۆڤدا، نەنك هێمایەكی دیارە بۆ فەراهەمكردنی خواردن و گەشەكردنی كۆرپە و نەوە. سەرەتا ئەم بیرۆكەیە لە ساڵانی هەشتاكاندا سەری هەڵدا پاش ئەوەی كۆمەڵێك زانا لە تەنزانیا چاودێری شێوازی ژیانی چەند هۆزێكیان كرد كە هێشتا بە شێوازێكی سەرەتایی دەژیان و خواردنیان لە ڕاوكردنەوە دەست دەكەوت. ئەوەی جێی سەرنجییان بوو، هەوڵدانی زۆری نەنكەكانی ئەم هۆزە بوو بۆ پەیداكردنی خۆراك بۆ نەوەی نەوەكانیان. لە سەرجەم ئاژەڵه شیردەرەكانی تردا، پاش لێبڕینەوەی شیر، نەوەكان دەبێت خۆیان خواردنی خۆیان پەیدا بكەن. بەڵام لە مرۆڤدا، دایك و باوك و نەنك و باپیر ئەم ئەركەیان گرتۆتە ئەستۆ. بەمجۆرە نەنك پاش ئەوەی توانای وەچە خستنەوە و گواستنەوەی جینەكانی لە دەست دەدات، لە ڕێگای مسۆگەركردنی ژیانێكی باشترەوە بۆ نەوەی نەوەكەی، ئەگەری مانەوە و گواستەنەوەی جینەكانی زیاتر دەكات. ئەمەش هاوكات یارمەتی كچەكانیان دەدات وەچەی زیاتر بخاتەوە لە ماوەیەكی كەمتردا. بەمەش منداڵەكان زووتر شیریان لێدەبڕێتەوە بەڵام درەنگتر دەتوانن خواردنی خۆیان پەیدا بكەن. بەمجۆرەش نەنكەكان ئەو كارە دەكەن وەك لە نموونەی هۆزە راوكەرەكاندا دەبینرێت و دواتر كچەكانیشیان وەك خۆیان ژیانیان درێژتر دەبێت.

چەندین بیردۆز و گریمانەی تر هەن لەسەر درێژی تەمەنی مرۆڤ. بۆ نموونە گەشەكردنی قەبارەی مێشك كە بووەتە هۆی یارمەتیدانی مرۆڤ بۆ ڕاوكردنی ئاژەڵ و دۆزینەوەی نێرینەیەك كە توانای پەیداكردنی بژێوی باش بێت. بەڵام تاقیكردنەوەیەكی پرۆفیسۆر هاوكس بە بێ وەرگرتنی قەبارەی مێشك و هۆكارەكانی تر، ئەوەی سەلماندووە كە نەنك بوون هۆكارێكی سەرەكی جیاكردنەوەی مرۆڤە لە چیمپ و گۆریلا لە ڕووی ساڵانی تەمەنەوە. 

هاوكس دەڵێت: "منداڵی چیمپانزی و گۆریلا دڵنیان لەوەی كە دایكییان تەنها بیر لەوان دەكاتەوە و تەواوی وزەی خۆی لەواندا تەرخان دەكات. بەڵام منداڵی مرۆڤ وانییە، چونكە دایكی منداڵی تری هەیە پێوەی سەرقاڵ بێت. ئەمەش وا دەكات تۆ زیاتر تامەزرۆی دایكت ببیت. بەڵام نەنكبوون وای كردووە مرۆڤ زیاتر تامەزرۆی یەكتر بێت و پەیوەندی كۆمەڵایەتی پتەوتر درووست بكات."

هاوكات گریمانەكە ئەوە ڕوون دەكاتەوە كە وەستانی سوڕی مانگانە، وا دەكات جۆرێتی پێش چەندێتی بكەوێت لە شیوازی ژیانی مرۆڤ و ئەگەری گواستنەوەی جینەكاندا. چونكە نەوەی ئەو كەسەی تەمەنی دەگاتە 50 ساڵ ئەگەری خستنەوەی منداڵێكی تەندروستی زیاترە كە لە دواتردا دەتوانێت جینەكان بگوازێتەوە. بۆیە ژنان لەو تەمەنەدا، ئەركە بایۆلۆجییەكەیان دەگۆڕێت و جۆرێتی گرنگترە بۆیان وەك لە چەندێتی.