پاشەڕۆی مێشك

6 مانگ پێش ئێستا

فەیسەڵ عەلی
لەشی مرۆڤ، جگە لە مێشك، تۆڕێكی تەواوكاری ئاوەڕۆی بۆ فڕیدانی پاشەڕۆكەی هەیە، تاوەكو خۆی لەو ژەهرانەی تێیدا كۆدەبێتەوە رزگار بكات، زاناكان بۆ ساڵانێكی زۆر بەدوای ئەوەدا وێڵبوون، كە چۆن مێشك پاشەڕۆكانی فڕێ دەدات كە ساڵانە بڕی ئەو پاشەڕۆیەی بەقەدەر قەبارەكەی خۆیەتی، واتە نزیكەی (١٤٠٠) گرامە، بۆ ئەوەی مرۆڤ بە تەندروست و مێشكێكی سەلامەتەوە بژی، بەڵام نازانرێ چۆن، بەتایبەتی كە مێشك تاكە بەشی لەشە كە ئەو شارەزاییەی نییە لەوەی چۆن وەك گورچیلە و گەدە، پاشەڕۆكانی رەوانەی بەشەكانی تری لەش بكات و خۆی لێ قوتار بكات.

ئایا رێی تێدەچیت ئەم بەشە گرنگەی لەشی مرۆڤ، كە بۆ ئەنجامدانی ئەركی ئێجگار گەورە و مەزن دیزاین كراوە، وەك بەرهەمهێنانی هزر و بڕیاردان، سیستمێكی بە توانای بۆ فڕێدانی پاشەڕۆكانی نەبێت. ئەم پرسیارە زاناكانی بۆ چەندین ساڵ دووچاری سەرسوڕمان كرد، بۆ ئەوەی بە تازە بیدۆزنەوە كە چۆن مێشك پاشەڕۆكانی فڕێ دەدات، مێشك بەو قەبارە بچوكە كە (٢٪) نێوەنجی لەشی مرۆڤە (١.٤) كیلۆگرامە، نزیكەی چوار یەكی كۆی وزەی لەشی مرۆڤ بۆ بەجێ گەیاندنی ئەركەكانی بەكاردەبات، لەبەر ئەوە دەبوو رێگەیەك هەبێت تاوەكو پاشەڕۆی ئەو وزە زۆرەی بەكاریدەبات رزگاری بێت، كە لەو بەكاربردنەی پیسی و پاشەڕۆی ژەهراوی و زیندووی لێ دروست دەبێت و كەلەكەبوونی لە ناو مێشك لاسەنگیی لە وەزیفە سەرەكییەكانی مێشك دروست دەكات، لێوەی نەخۆشی عەقلی و دەروونی دەبێت، دیارترینیان نەخۆشی زەهایمەرە، كە كەڵەكەبوونی ئەو پاشەڕۆیانە، وەك پرۆتین یەك لە هۆكارەكانی بێت.

ئەو پرۆتینە كەڵەكەبووەی ناو خانەكانی مێشك، زۆربەیجار لەگەڵیدا گرژی دروست دەكات و دەبێتە رێگر لە ناردنی ئاماژە كارەبایی و كیمیاییەكان لە مێشك و بۆ مێشكیش، زیانێكی گەورەی هەیە كە چارەسەر ناكرێت،، دیارترین بەڵگەی زیان گەیاندنی، زیادبوونی بەرهەمهێنانی پرۆتینی ناو مێشكی ئاژەڵەكانی تاقیگەكان، دووچار بوونیانە بە نەخۆشییەكانی وەك زەهایمەر، ئیفلیجی و لەرزۆكی كە لەگەڵ تێپەڕبوونی تەمەن روودەدەن.

لەم دواییانەدا زاناكان بە دۆزینەوەیەكی ئێجگار گرنگ گەیشتن، ئەویش بوونی كەناڵ و رێڕەوە كە لە كەناڵە لیمفاوییەكان دەچێت، بەڵام ئەمانە بە مێشك و حەبلی شەوكییەوە پەیوەستن، ناوی سیستمی جیلیمفاوی لێنراوە، ئەركیان رزگاركردنی مێشكە لەو پاشەڕۆیانە، ئەوەی سەیرە، لە كاتی خەوتندا لەو پەڕی چالاكیدا دەبێت، كە ئەركی خەوتن تەنها لە نوێكردنەوەی چالاكی مرۆڤدا خۆی نابینێتەوە، بەڵكو مێشكیش پاك دەكاتەوە.

وەك تێبینی دەكرێت، ئەوانەی نەخۆشی زەهایمەریان هەیە، بە دەست پچڕپچڕی ماوە درێژی خەوەوە دەناڵێنن بەر لەوەی دووچاری خروف بوون بن، كەمی خەو، خەوی پچڕپچر، تەنانەت كەسە ساغەكان و كەم تەمەنەكانیش دووچاری نەخۆشی مێشك دەكەن، لەوانە كەمبوونی تەركیز، لەدەستدانی كاتی زاكرە، هیلاكبوون، توڕەیی، هەلوەسە. كەم خەوتن دەشێ بەهۆی كەڵەكەبوونی پاشەڕۆكانی مێشكەوە مردنی لێبكەوێتەوە.