بەبێ كەرتی كشتوكاڵ دەوڵەت بایەخی نامێنێت

3 مانگ پێش ئێستا

كارزان گلی
دەوڵەتبوون پەیوەندییەكی گرنگی بە بوژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ هەیە، هەر شوێنێك كشتوكاڵی بەهێز بوو و گرنگی پێدرا، ئەو شوێنە بووە بە دەوڵەت و بەهێز بووە. دەوڵەتبوون بەبێ بوژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ هیچ واتایەكی نییە.
ئەگەر ئاوڕێك لە مێژووی نەتەوان بدەینەوە، زۆرن ئەو نەتەوانەی گرنگیان بە كەرتی كشتوكاڵ نەداوە و لەناوچوون، زۆریشن ئەو نەتەوانەی كشتوكاڵ لە لایەن بایەخێكی بێ سنووری هەبووە و ئێستاش وەكوو وڵاتێكی زلهێز ماونەتەوە.
مانەوەی توركیا وەكوو وڵاتێكی بەهێز پەیوەندی بەوەوە هەیە، لەڕووی بەرهەمی گشتوكاڵییەوە پێویستی بە هیچ وڵاتێك نییە. ئەگەر هەر رووداوێكی نەخوازراو روو بدات، نموونە ڤایرۆسی كۆرۆنا، گەلی توركیا نامرێت لە برسان، چونكە لەڕووی كشتوكاڵەوە بەهێزە و ساڵانە بەرێژەی ملیاران دۆلار بەرهەمی كشتوكاڵی هەناردەی دەرەوەی توركیا دەكات.
ئەوە بۆیە ترسیان لە وشكەساڵی هەیە، چونكە دەبێتە هۆی لەناوچوونی كەرتی كشتوكاڵ لەو وڵاتەدا.
هەرێمی كوردستان لەوەتەی دروست بووە، كشتوكاڵ لە لای بایەخی نەبووە، خاكێكی بە پیت و پڕ بەرهەممان هەیە، كەچی هەرچی جوتیار بوو كردمان بە فەرمانبەر و، هەرچی بەرهەمی كشتوكاڵییە بێبایەخ كرا.
جێگەی دڵخۆشییە ئەم كابینەیە گرنگی بە كەرتی كشتوكاڵ دەدات، وەكوو ئەوەی لە چەند سەرچاوەیەك خوێندمەوە، لە چەند بەرهەمێكی كشتوكاڵیدا بەشی ناوەخۆ دابینكراوە و دەركردەی دەرەوەی دەكەن، نموونە هەنار و پەتاتە و قارچك و پیاز. بەڵام هێشتان لە ئاست گەورەیی و گرنگی كەرتی كشتوكاڵ بایەخ بەو بوارە نەدراوە.
ئەگەر بمانەوێت دەوڵەت دروست بكەین، پێویستە گرنگی بە كەرتی كشتوكاڵ بدەین، گەرنا دەوڵەتیشمان هەبێت سەنگمان نابێت لەڕووی نێودەوڵەتییەوە. نموونەی عێڕاقمان هەیە، چونكە لەڕووی كشتوكاڵەوە لاوازە، وەكوو دەوڵەت بایەخیشی نییە.