ڤاكسینی كۆرۆنا و پرسی ناسیۆنالیزم

3 مانگ پێش ئێستا

رۆندیك فارس
دوای پەسەندكردنی ڤاكسینی دژە پەتای كۆرۆنا لەلایان وڵاتە زلهێزەكانی جیهان، حكومەتەكان لە رێگەی گرێبەستی فەرمیەوە داوای ڤاكسین لە كۆمپانیایە بەرهەمهێنەرەكان دەكەن بۆ كوتانی دانیشتوانی وڵاتەكانیان بە زۆرترین ئاست.
ئەم هەنگاو و ڕێككەوتنانە جگە لە نزیكبوونەوەی سیاسی و مرۆیی وڵاتان لە یەكتر، كاریگەری زۆر لەسەر گەشەی ئابوری جیهان بەگشتی و تاك بە تایبەتی دروست دەكەن، بۆیە ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان وئاژانسی WHO بە تایبەت هەوڵی دابەشكردنی ڤاكسینی دژی كۆرۆنا بۆ وڵاتەكانی پێشكەوتوو دواكەتوو (داهات بەرز و داهات نزم) دەدەن، بەڵام ئەم هەوڵە لە لایان وڵاتە بەرهەمهێنەرەكان بە نموونە ئەمریكا درەنگتر پەیڕەو كرا، لە سەرەتادا بۆ كوتانی  خەڵكی ئەمریكا، دەستەڵاتدارانی ئەو وڵاتە گرێبەستیان لەگەڵ كۆمپانیایەكانی ناوخۆیی كرد، دواتر ڕێككەوتن لەگەڵ وڵاتانی تر.

كاتێك وڵاتیك زۆرترین ڕێژەی ڤاكسین بە خەڵكی وڵاتەكەی دەدات، ئەوا جموجۆڵی بازرگانی باشتر گەشە دەكاتەوە و ترس كەمترە، بەڵام ئەگەر سەرنج بدەین لە ئاستی ڕێژەی هەناردەكردنی ئەمریكا، ئەوا ڕێژەی %4 هەناردەی بۆ وڵاتانی داهات نزمە، وەك فلیپین و ڤێتنام و سلڤادۆرە، كەواتە كلیلی گەشەی ئابووری جیهان تەنها پەیوەست نیە بە كوتانی سەرجەم دانیشتوانی وڵاتیكی زلهێزی ئابووری. 

چونكە، بە نموونە ئەگەر وڵاتانی بەرهەمهێنی ڤاكسین (ئەمریكا، وڵاتانی ئەوروپا، ڕوسیا، چین، هیندستان)، زۆرترین ڤاكسین بۆ هاونیشتمانی وڵاتانی خۆیان دابین بكەن و بەرهەمی بهێنن، ئەوا ئاستی دابەزینی یان لە دەستدانی داهاتی هەر تاكە كەسێك GDP لە جیهان لە ڕێژەی %3.7 بۆ %1.7 دادەبەزێت و بژێوی تاكە كەس گەشەدەكاتەوە.
بە واتایەكی تر، هەرچەند ئەو وڵاتانە ڤاكسین بۆ تاكی وڵاتەكەیان بەكاربهێنن، بەڵام وڵاتانی تر(هەژارەكان) مانگانە بڕی 103 ملیار دۆلار لە داهاتی تاكەسیان كەمدەبێتەوە بە هۆی داخستن و لاواز بوونی بازرگانی و داتەپینی جیهان بە گشتی، كە ساڵانە دەكاتە 1.2 تڕلیۆن دۆلار.

وڵاتانی دەوڵەمەند داوای ڤاكسینی زیاتر دەكەن، ئەمەش كاردەكاتە سەر شێواز و نرخی ڤاكسین بۆ وڵاتانی داهات نزم و مامناوند.
بەگوێرەی توێــژینەوەكانی دەزگای Oxfma ی نێودەوڵەتی، خەرجی پێدانی ڤاكسین بە وڵاتانی داهات نزم بڕی 25 ملیار دۆلارە، بەڵام زیانی كەمی یان لاوازی خواستی ئەو وڵاتانە بۆ كاڵاكانی ڕوسی و ئەمریكی و بەریتانی و چینی 119 ملیار دۆلارە، كەواتە پێدانی ڤاكسینەكە زیانی كەمترە و ئاستی خەرجییەكە لە %4.8 بۆ %1 كەمدەبێتەوە، واتا ئەگەر هەریەك لەو وڵاتە زلهێزانە بڕی 1 دۆلار لە پێدانی ڤاكسین خەرج بكەن بۆ وڵاتە هەژارەكان، ئەوا بڕی 4.8 دۆلار قازانج دەكەن. 

بەراورد كردنی ئاستی بەرهەمهێنان و تێچووی پێدانی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا بە وڵاتانی بەكاربەر، تیژی هزری ئابووری و سیاسەتی ئەو وڵاتە شیدەكەنەوە، بۆیە دەكریت زۆر لە هاوكێشەكان پێچەوانە ببنەوە.