موچە؛ فۆڕمێك لە نا-كاركردن

3 مانگ پێش ئێستا

پەیڕەو ئەنوەر
سەنتەری فەڵسەفەی سیاسی پرسیاركردنە لە "دادپەروەری كۆمەڵایەتی Social Justice" دادپەروەری كۆمەڵایەتی كێیە؟ 
هەندەسەی دادی كۆمەڵایەتی چییە؟ 
چۆن بونیاد، رەهەندە ناوەكییەكەی، وێنەی دەرەوەی دابڕێژینەوە. (جۆن ڕاوڵز) وەك تیۆریستێكی مۆدێرن دادپەروەری كۆمەڵایەتی وەك ڕەوایی، وەك دووبارە داڕشتنەوەی كۆمەڵگە وێنا دەكات. 
راوڵز نیۆ لیبڕاڵە؛ سەرەوە-خوارەوەی كۆمەڵگە لەرێگەی كەناڵی دادپەروەری كۆمەڵایەتییەوە بەیەكتر ببەستیتەوە. دادپەروەری كۆمەڵایەتی وەك گرێبەستێكی كۆمەڵایەتی Social Contract، وەك شەرعیەت، وەك بەها و رێسایەكی نەگۆڕ لەناو كۆ سیستمدا. چەمكی (كار) موچە، پشوو، چێژ، دادی كۆمەڵایەتی، ململانێ و بەرەنگاربوونەوە بەدای خۆیدا دەهێنێت. لەڕاستیدا دادپەروەری كۆمەڵایەتی بكەر، كۆ سیستمە؛ كۆ دامەزراوە و شوناسە. ئەمڕۆ زۆرینەی سیستمە باڵا، مۆدێرن و جوانەكانی دونیا لەڕێگەی دادپەروەری كۆمەڵایەتییەوە خۆیان دەردەخەن و گفتوگۆدەكەن. 

موچە و كار لای ئێمە شتێكی ترە! كار لەدیدی ئێمەدا فۆڕمێكە بۆ گەیشتن بە دونیایەكی دوور، بە داهاتوو، بەدواین قۆناغی تەمەن. دەكرێت بڵێین دۆخێكە بۆ دیسپلینكردن تاوەكوو دەوڵەمەند نەبێت، بەڵكو بژیت. لەڕاستیدا دیاردەی "موچە" لای ئێمە فۆڕمێكە لە كارنەكردن، لەبیرۆكرسیەت و تەنهایی! دیاردەی موچە لەدوای ٢٠٠٣ ەوە لەناو بیرۆكراسەتی كوردی گەشەدەسێنێت نەك لەناو كارخانە، پڕۆژەی ئابووری و كایەی بەرهەمهێنان و بازاڕ. بازاڕی ئێمە موچە بەرهەم ناهێنێت، موچە رادەكیشێت و لوولی دەدات. ئێمە دەمانەوێت بەزمانی یاسا و كۆدەكان چیڕۆكی مووچە و كار لەناو بیرۆكراسیەتدا رێكبخەین، چوارچێوەكانی بونیادبنێین! ئەم پڕۆسەیە بۆ سیستمی كۆمەڵایەتی، داهاتوو، كەرتە كۆمەڵایەتییەكی دونیای كوردی لە چەندین لاوە گرنگ و شیاوی قسەلەسەركردنە:
یەكەم: موچە نوێنەرایەتی تاك دەكات وەك سوبێكتێكی ئابووری! زۆرینەمان بەشدارین بە دیاردەی موچە. ئەوەی ئامادەنییە، بەشدارنییە "دادپەروەری كۆمەڵایەتییە". ئێمە بێ گرێبەستی كۆمەڵایەتین. 
دووەم: ژیان، ئەدەبیات، رێساكانی بیرۆكراتیەتی كوردی چەمكی موچەی یەكسان نەكردووە بە كاركردن. موچەی میری واناسراوە كە شێوەیەكە لە ناكارایی، توانەوە و خانەنشینی. ئەوەی گرنگە چۆنیەتی رێكخستنی ژیانە لەناو بیرۆكراسیەت و كاردا. چۆن بەگوێرەی جوڵە، بەرهەم و ئاگاییت موچەت پێدەدرێت. چۆن یاسا كارامەییەكانی تاك دەگۆرێت بۆ موچە! (موچە و كار) دوانە و پرسێكی جیهانییە. دەوڵەت و هاوڵاتی لەبەشێكی جیهانی ئەمڕۆدا لە ململانیدان لەسەر ئەم دوانەیە!