دار بە بچوكی ڕاستی نەكەیتەوە، بە گەورەیی ڕاستكردنەوەی ئەستەمە

3 مانگ پێش ئێستا

د. دیار كەمال
ئەو پاشا گەردانیەی لە ناو سێكتەری وەرزش دروست بووە و بەردەوامی هەیە، ڕەگ و ڕیشەی هەیە و پێویستی بە هێزێكی پڕ لە (ارادە و ادارە) هەیە بۆ ئەوەی ئەو تۆڕەی بوونەتە ژەنگ و ژار و كرمی نۆك دووریان بخاتەوە، بە ووردی سەیربكە لێرە دەست لە بەرژەوەندیان بدە لەوپەری ئەولاوە دێنە جوڵە و وەڵام، لەكاتی بوونی مەترسی لەسەر پێگە و ناوەڕۆكی پووچ و هزری بەتاڵیان زۆر بەخێرایی دەبنە پشت و پەنای یەكتر . 

ئەوانەی لە ماوەی پانزە ساڵی ڕابردوو خاوەن پۆست و پێگەبوون و لە ژێر سێبەری بەرپرسەكان بەحەشاری خۆیان دەوڵەمەندكرد و وەرزشیان هەژار كرد و بەدانانی وێنەی گەورەكانیان لە پەنا سەریان خەڵكانیان چاو بەست كرد ئەبێ ڕوون كردنەوەیە بدەن بۆ سەروو خۆیان ئایا حكومەتی بەغدا بەم چەند ساڵە كەمە چۆن بوونە خاوەنی ئەو هەموو یاریگا و دامەزراوە وەرزشیانە .

ئنجا پرسیاری گرنگ ئەوەیە ئایا ئەتوانن بەداتا بیسەلمێنن كە ئەوان لە ساڵانی ڕابردوو بڕە پارەی زەبەلاحیان بۆ خەرج نەكراوە، ئەگەر ئەتوانن بۆ نایكەن، ئەگەر ناشتوانن دیارە پێچەوانەكەی ڕاستە و بۆیان خەرج كراوە . 

ئەوەی كراوە و دەكرێ، وەرزش نەبووە و نیە بەڵكو حوكمی قەرەقوش یا لە ڕووی زانستی بڵێن بەڕێوەبردنێكی هەڕەمەكیە، كۆمەڵێك نەزان بوونە سوارچاك و سەرقافڵە بەڵام زوو یا درەنگ ئەبێ ئەو بەفرە لە بەر تینی تیشكی زانست و ڕاستی بتوێنەوە و وەرزشی كوردستان بە نیشتمانی بكرێت .