ئاماژە مەترسیدارەكان

3 مانگ پێش ئێستا

عەلی حەمە ساڵح
ئەم ئاماژانە پێماندەڵێت، فۆشتنی نەوت بەنرخێكی زۆر هەرزان (یازدە دۆلارو ٧٣ سەنت كەمتر لە برێنت)، خەرجی زۆری كۆمپانیاكان (بەهۆی گەندەڵی) و گرێبەستی خراپ لە نەوتی هەرێم پێویستی بە پێداچونەوەیە..
-نرخی برێنت ٣٨ دۆلارو ٧ سەنت بوە، بەڵام پوختەی داهات بۆ بەرمیلێك نەوتی هەرێم ٧ دۆلار ٨٠ سەنت بوە..
-شایستەی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانان و كرێی بۆری بۆ هەر بەرمیلێك ١٦ دۆلار و ٨٥ سەنت بوە، بەڵام تێكڕای داهات بۆ حكومەت ٧ دۆلارو ٨٠ سەنت بوە..
-تێكڕای فرۆشتنی نەوت ٢٦.٣٣ بوە بۆ هەر بەمیلێك لەم ڕێژە ٧ دۆلارو ٨٠ سەنت وەك پوختەی داهات ماوتەوە، واتە (%29.6) ئەو نەوتەی فرۆشراوە داهاتی حكومەتی هەرێمە (%70.4) وەك خەرجی ڕۆشتوە!

دەچمە وردەكاری ..
لە ٩ مانگی یەكەمی ساڵی 2020 حكومەتی هەرێم ١٢٤ ملیۆن و ٧٧٩ هەزارو ٩٦١ بەرمیل نەوتی فرۆشتوە.. 
تێكڕای نرخی فرۆشتنی  نەوتی هەرێم لەو نۆ مانگەدا،  26.339 دۆلار بوە، تێكڕای نرخی برێنت 38.73 دۆلارە یە، بەمەش هەرێم 11.73 یازدە دۆلارو ٧٣ سەنت، كەمتر لە نرخی برێنت نەوتەكەی فرۆشتوە!! ئەم بڕە لە داشكاندن زۆر زۆرە.. 

ئەوەی جێگای ڕەخنەو گومانە..
حكومەتی هەرێم لە ١ی نیسان تاوەكو ٣٠ حوزەیران، ٣٨ ملیۆن بەرمیل نەوتی فرۆشتوە بە تێكڕای نرخ 15.78 دۆلار، لە كاتێكدا تێكڕای نرخی برێنت لەو سێ مانگەدا 29.43 دۆلار بوە... واتە هەرێم بە 13.78 (سیانزە دۆلارو حەفتاو هەشت سەنت كەمتر لە نرخی نەوتەكەی فرۆشتوە!! 

لەم سێ مانگەدا خەرجیەكانی نەوت زۆر زیاترە لە داهاتەكەی، بەشێوەیەك حكومەت نەك داهاتی نەبوە، بەڵكو ٧٦ ملیۆن دۆلار زیانی بەركەوەتوە. 
چۆن؟ 
داهاتی نەوت ٥٩٠ملیۆن دۆلار بوە، خەرجی نەوت ٦٦٦ ملیۆن دۆلار بوە... 
بۆ داپۆشینی ئەم زیانە حكومەت بڕی ٤١٥ ملیۆن دۆلاری لە كۆمپانیاكانی نەوت وەرگرتوە بۆ فرۆشتنی نەوتی ساڵانی ئایند بە پێشەكی!!
 
كرێی بۆری 
بڕی پارەی دراو بۆ تاریفەی كۆمپانیای وزەی توركی ٢٥٤ ملیۆن دۆلارە. 
بڕی پارەی دراو بۆ كۆمپانیای بۆری كوردستان ( كار و ڕوس نەفت) ٤٥٥ ملیۆن دۆلارە..
كۆی گشتی: ٧٠٩ ملیۆن دۆلار
بەمەش كرێی بۆری بۆ هەر بەرمیلێك نەوت 5.69 پێنج دۆلار و شەست و نۆ سەنت كەوتوە، بەراورد بە نرخی نەوت بڕێكی زۆرە..

شایستەی كۆمپانیاكانی نەوت 
كۆی ئەو پارەیەی لە دراوەتە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت یەك ملیارو ٣٩٤ ملیۆن و ٥٥٥ هەزار دۆلارە، ئەمەش بەراورد بەنرخی نەوت بڕێكی ئێجگار زۆرە! 
بۆنمونە :
١ی نیسان تاوەكو ٣٠ حوزەیران كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانانی نەوت ٥٠٠ ملیۆن دۆلاریان وەرگرتوە، بەڵام پوختەی داهات بۆ حكومەت نەك سفر بوە بەڵكو ٧٨ ملیۆن دۆلاریش زیان بوە..
شایستەی كۆمپانیاكانی نەوت بۆ هەر بەرمیلێك 11.16 یازدە دۆلارو ١٦ سەنت بوە.. لەكاتێكدا پوختەی داهاتی حكومەت  بۆ هەر بەرمیلێك ٧ دۆلارو ٨٠ سەنتە..
ئەم بڕە بڕێكی ئێجگار زۆرە چونكە ١٧٠ هەزار بەرمیل نەوت هی كێڵگەی خورمەڵەیە، كە كێڵگەیەكی خزمەتگوزاریە نەك هاوبەشی لە بەرهەم و كۆمپانیای كار بەڕێوەی دەبات.. 

لە ڕاپۆرتەكە بڕی ئەو پارە دیارنیە كە دراوە بە هەر یەك لە كۆمپانیاكان تاوكو بە داتای كۆمپانیاكە بەراورد بكرێت..

ئاماژە مەترسیدارەكان و ئەو داهاتەی بۆ حكومەتی هەرێم ماوەتەوە
هەرچەندە بەپێی ڕاپۆرتی دیلۆیت  یەك ملیار ٨٣١ ملیۆن و ٧٧٢ هەزار دۆلار  وەك داهات پاش دەرهێنانی خەرجی بۆ حكومەتی هەرێم ماوەتەوە، بەڵام لەم بڕە ٩١٣ ملیۆن ٦٦٦ هەزار دۆلار فرۆشتنی نەوتی ئایندە بوە بە پارەی پێشوەخت (قەرز) واتە: 
پوختەی داهاتی نەوتی نۆ مانگی ساڵی پێشوو ٩١٨ ملیۆن و  ١٠٦ هەزار دۆلار بوە، حكومەت ٤٧ ملیۆن ٦٥٦ هەزار دۆلار قەرزیشی داوەتەوە لە داهاتی نەوت دەبێ ئەژمار بكەین بە زیادكردنی داهات، بۆیە داهاتی ڕاستەقینە ٩٦٥ ملیۆن و ٧٦٢ هەزار دۆلار بوە.. واتە لە بەرمیلێك تەنیا 7.80 حەوت دۆلار و هەشتا سەنت ماوەتەوە!!