ئایا ڤایرۆسی كۆرۆنا كۆتایی بە خۆری نەوت دێنێت؟

3 مانگ پێش ئێستا

فەرهاد حەمزە  
لە سەدەی رابردوودا چەندین تیۆری ئابووری وایان پێش بینی دەكرد كە رۆژێك دا دێت دوا دڵۆپە نەوت دا دەچۆرێت و كۆتایی بە چەرخی نەوت دیت ،بەڵام هەموو ئەو وادانەی دانرابوون هیچیان راست دەرنەچوون .

(سبنسەر دیل) گەورە ئابووریناسی بەریتانی لە كۆمپانیای  (B.P)لە ساڵی 2015 لە توێژینەوەیەكیدا گۆرانكاری بەسەر ئەو چەمكانەدا هێناوە كە باس لە كۆتایی هاتنی نەوت دەكەن و دەڵێت: (دوور نییە داخوازی لەسەر نەوت كەم بێتەوە سەرەنجام لەگەڵ رۆژگاردا نرخیشی دا دەبەزێت ).

دێڵ لەو بروایەدایە یەدەكێكی زۆری نەوت لە ژێر زەویدا ماوە و نەدۆزاوەتەوە بە جۆرێك بەشی مرۆڤایەتی ئەكات تا ئەو رۆژەی خۆری بەكارهێنانی نەوت ئاوا دەبێت. هەرچەندە (سبنسەر دێڵ) باسی نەوتی لەسەردەمی پاش كۆرۆنا نەكردووە بەڵام كۆمپانیای (B.P) كەتیایدا كار دەكات بۆچوونەكانی خۆی بۆ نرخی نەوت دوای كۆرۆنا لە دەوروبەری 55 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك دیاری كردووە، هەروەها گەڕان و پشكنینی لەو شوێنانە ڕاگرتووە كە تێچووەكەی بەرزە .

ئێستا تێبینی دەكەین بە هاتنی كۆرۆنا یەكێتی ئەوروپا بودجەی تایبەتی دەست نیشان كردووە بۆ بەرەبەرە دوركەوتنەوە لە بەكارهێنانی نەوت، هەروەها (جۆن بایدن ) سەرۆكی ئەمریكا 2 ترلیۆن دۆلاری تەرخان كردووە بۆ چاككردنی ژینگە و بایەخدان بە جێگرەوەكانی نەوت. 
ئاشكرایە 70% ی نەوتی بەكارهێنراو لە سێكتەری گواستنەوە خەرج دەكرێت هەر بۆیە وڵاتانی پیشەسازی لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ جێگرتنەوەی ئۆتۆمبێلی بەنزین بۆ ئۆتۆمبێلی كارەبایی لەوانە كۆمپانیای (Tesla) هەوڵەكانی چڕ كردۆتەوە لە دروست كردنی ئۆتۆمبێلی كار كردوو بە پاتری بە جۆرێك پاتری یەك ملیۆن میلی داهێناوە و لە چەندین سووچی جیهاندا كارگەی بنیات ناوە. هەرگیز چاوەڕوان ناكرێت جارێكی تر بەكاربردنی سووتەمەنی فڕۆكە وەك پێش ساڵی 2020 ی لێبێت , ئەگەر داخوازی زۆریشی لەسەر بێت ئەوا فرۆكەیەك دروست دەكرێت كەمترین بەنزین خەرج بكات.

هەموو پێشبینیەكان وا دەردەخەن ساڵی 2021 سەرەتایی كز بوونی خۆری نەوت دەبێت، پێناچێت جارێكی تر هەوڵەكانی وڵاتانی ئۆپیك پڵاس بتوانن نرخی نەوت بە جۆرێك بەرز بكەنەوە وەك لە ساڵی 2015 توانیان ئەنجامی بدەن .

لەمەوە دەگەینە ئەو ڕاستییەی كە ڤایرۆسی كۆرۆنا جگە لەوەی زۆر شتی لەسەر زەوی گۆری تەنانەت دابوونەریتە كۆمەڵایەتییەكانیش دەبێتە سەرەتای ئاوا بوونی خۆری نەوت و جارێكی تر ئەو ڕۆژگارە نایەتەوە كە نرخی نەوت بگاتە 100دۆلار .