خەمۆكی

3 مانگ پێش ئێستا

د. كۆیار شێركۆ
خەمۆكی نەخۆشییەكی بڵاو و جدییە كە بە شێوەیەكی نێگەتیڤانە كار ئەكاتە سەر هەستكردن، بیركردنەوە و ڕەفتاری ڕۆژانەی نەخۆشەكە. بەڵام خۆشحاڵانە، چارەسەر دەكرێت و نەخۆش دەتوانێت تێیپەڕێنێت. ئەو نەخۆشانەی خەمۆكییان هەیە، هەست بە بێتاقەتییەكی زۆر ئەكەن و تاقەتی ئەو چالاكیانەیان نامێنێت كە پێشتر چێژیان لێوەرگرتووە.

نیشانەكانی خەمۆكی ئەكرێ سوك بن و ئەشكرێ زۆر توند بن، كەوایە ئەم نیشانانە چین و چۆن بیناسینەوە؟ هەستكردن بە بێزاری و بێجەوی، گۆڕانكاری لە خواردندا، نەخۆشەكە بە بێ ئەوەی لەسەر ڕێجیمێكی دیاریكراو بڕوات، وەزنی یان سەردەكەوێت یان زۆر دائەبەزێت. كێشەی نەخەوتن یان خەوتنی زۆریان هەیە، بێ وزەیی و هەستكردنی بە ماندوێتی بەردەوام، هەستكردن بە نائومێدی و بێنرخی، نەخۆشی خەمۆكی توانای بیركردنەوەی كەم دەبێتەوە و ناتوانێت تەركیزی زۆر بكات و خراپترین نیشانەی نەخۆشییەكەش، بیركردنەوە یان هەوڵدان بۆ خودكوژی.

ئەگەری توشبوون بە نەخۆشی خەمۆكی پەیوەندی هەیە بە كۆمەڵێك هۆكارەوە، جیاوازی مادە كیمیاییەكان لە مێشكدا، جینات كاریگەری گەورەی هەیە و خەمۆكی دەكرێت لە خێزانێكدا توشی زیاد لە ئەندامێك ببێت، كەسایەتی مرۆڤ و ئەو كەسانەی هەستی خۆ بە كەم زانینیان تیایە زیاتر موعەرەزن بۆ توشبوون و هۆكاری ژینگەیی و كۆمەڵایەتیش هەن وەك توندوتیژی، ئیهمالكردن و هەژاری كە ئەگەری توشبوون بە نەخۆشییەكە زیاد ئەكەن.

بۆ ئەوەی پزیشكی نەخۆشییە دەرونییەكان بتوانێت ئەم نەخۆشییە دەستنیشان بكات، دەبێت ئەم نیشانانە بۆ ماوەی دوو هەفتە نزیكەی هەموو ڕۆژەكان و نزیكەی هەموو سەعاتێك لە ڕۆژەكاندا لە كەسی توشبوودا هەبن. خەمۆكی چەند جۆرێكی هەیە، خەمۆكی سەرەكی، خەمۆكی پاش منداڵبوون و خەمۆكی وەرزی. لەبەرئەوەی نەخۆشییەكە ئەگەری بەرەو خراپبوونی هەیە، زۆر گرنگە لە كاتی بوونی ئەم نیشانانە لە خۆت یان كەسێكی نزیكدا، سەردانی پزیشك بكرێت و هەوڵی چارەسەری بدرێت.

هەندێك حاڵەتی پزیشكی تر (وەك كێشەكانی غودە، وەرەمی مێشك و كەمی ڤیتامینەكان) ڕەنگە هەمان نیشانەكانی نەخۆشی خەمۆكی دروست بكەن بۆیە هەندێك جار پزیشك ئەم فەحسانە ئەكات بەر لەوەی نەخۆشی خەمۆكی دەستنیشان بكات. بە پێی توێژینەوەیەكی ڕێكخراوی ئەمریكی بۆ نەخۆشییە دەرونییەكان، ساڵانە لە هەر 15 كەسێكدا كەسێك توشی نەخۆشی خەمۆكی ئەبێت، و لە هەر شەش كەسێكدا لە ماوەی ژیانیاندا، كەسێك توش دەبێت واتە بە ڕێژەی لە %16. كێشەی هەرە گەورەش لە بەردەم نەخۆشانی خەمۆكیدا ئەوەیە كە نیشانەكان ناناسنەوە و وا ئەزانن شتێكی ئاساییە و زۆرجار ئەیبەستنەوە بە چەند ڕوداوێكەوە كە لەو ماوەیەدا ڕویانداوە یان لە كاتی هەستكردنی بە نیشانەكاندا، سەردانی پزیشك ناكەن لەبەر شەرم یان قسەی چواردەور یان هەر هۆكارێكی تری كۆمەڵایەتی، بەڵام ئەمە زۆر هەڵەیە چونكە نەخۆشییە دەرونییەكانیش وەك نەخۆشییە جەستەییەكانی تر كێشەی جدین و كار لەسەر ژیانی نەخۆش دەكەن.

گرنگیشە ئەوە بزانین كە خەمۆكی و بێتاقەتی یان بێزاری هەمان شت نین، زۆر كەس دوای لە دەستدانی كەسێكی ئازیزی یان لە دەستدانی ئیش یان جیابوونەوە لە پەیوەندییەكی عاتفی، توشی تێكشكان و بێتاقەتی ئەبێت. ئەم هەستە كە دوای ڕوداوێكی وا دروست ئەبێت، شتێكی ئاساییە و لە هەموو كەسێكدا هەیە و پرۆسەیەكی سروشتییە و هەر كەسێك بە شێوازی تایبەتی خۆی مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخانە دەكات. بۆ جیاكردنەوەشیان چەند خاڵێك هەیە كە پێویستە بزانرێت، لە بێزاری و بێتاقەتیدا، هەستێكی بەقوەتی بێزاری لە كەسەكە هەیە كە دێت و دەڕوات و زۆرجار بەستراوە بە یادەوەری كەسی ڕۆشتوو لە حاڵەتی مردن یان جیابونەوەیا،بەڵێ‌م لە خەمۆكییا هەستەكە زۆرینەی كاتەكان بۆ ماوەی دوو هەفتە ناگۆرێت و بەردەوامە. لە بێزاریدا، كەسەكە هەست بە بێنرخی خۆی ناكات بەڵام لە خەمۆكیدا بە پێچەوانەوەیە. هەرچەندە لە هەندێك كەسدا لە دەستدانی كەسێك یان دەستدرێژییەكی جەستەیی ڕەنگە سەرەتا بێزاری دروست بكات و دواتر ببێتە خەمۆكی، بۆیە جیاكردنەوەیان و سەردانكردنی پزیشكی پسپۆر كارێكی ئێجگار گرنگە.