كۆیلەی وەرزشی

3 مانگ پێش ئێستا

كاروان شێخ زیرەك
وەرزش كردن بابەتێكی ئارەزوومەندانەی خۆ ویستە و سەرەتاكەی پاڵنەری ناوەكی هۆكارە بۆ پراكتیزەكردنی جموجۆڵە وەرزشیەكان و چالاكییە جەستەییەكان، ئەمانە دواتر گۆڕانی بەسەردا دێت و بارودۆخەكان لەكەسێكەوە دەگۆڕێت بۆ كەسێكی تر و دەگاتە ئەوەی كۆمەڵێك بۆ وەرزشی پیشەگەری و كێبڕكێ دەڕۆن و لەوێ خۆیان دەبیننەوە.

لە وەرزشی كێبڕكێدا و لەسەر ئاستی یانەكان لەهەرێمی كوردستان، هەر تاقم و گروپ و دەستەیەك لەژێر ناوی تیپ و یانەدا كۆدەبنەوە و لەناو خولە ناوخۆییەكانی ئەم هەرێمە و عێراقدا كێبڕكێ دەكەن.
لێرە تیپێك لەوەی تر جیاوازترە، یانەیەك بۆ یانەیەك و شارێك بۆ شارێك و دەڤەرێك بۆ ئەوەی تر لەڕووی بیركردنەوەو تێگەیشتنیان بۆ وەرزش جیاوازترو دوورترن لە یەكتری، هەندێك جار پرۆسەی خۆ بەپاڵەوان كردن و بچوككردنەوەی هاوڕێ و هاو پیشەكانی دیكە دەبینین و چەندین جار دووبارە دەبێتەوە، هاوكات پیرۆزكردن و ماستاوكردن و خۆ بچوككردنەوە بۆ بەرپرسە وەرزشییەكان، كەسێك یان چەند كەسێك دەبنە هۆكاری تێوەگلانی تیپ و یانەو ناوچەو شارێك لەو پرۆسە قێزەونەی كەپێی دەڵێن (خۆ بچوككردنەوەو پیرۆزكردنی كەسە بەقەبارە گەورە ناوەخن بۆشەكان).

سەرۆك یانەی وەرزشیی وا هەیە بۆ دەست كەوتێكی مانگانە هەموو مێژوی وەرزشیی خۆی ناشرین دەكات و بە خواستی كەسی پارە بەدەست دەجوڵێتەوە، ڕۆژنامەنوس هەیە بۆ سودێكی ماددی كەم قەڵەمەكەی وەك ژەهری مار دەڕژێنێتە ناو دنیای وەرزشەوە، ڕاهێنەر هەیە بەخۆشیەوە ناوەستێ بگرە كۆمەڵە نەوەیەكی داهاتوش دەخاتە بەردەم ئابڕوچونێكی مێژوییەوە، بەرپرسی وەرزشی وا هەیە لەبەر پۆستەكەی چاو لەهەموو ناحەقییەك دەنوقێنێت و خۆشی دەخاتە ناو كۆمەڵێك بڕیاری نادادپەروەرییەوە، ناوبژیوان و سەرپەرشتیاری وا هەیە بێ ویژدانانە ڕەنجی ساڵی تیپێك ئەفەوتێنن و هیچ سزایەكیش نایان گرێتەوە.

ئەمانەو چەندان رەفتاری ناوەرزشی دیكە لەناو یاریزان و راهێنەرو ناوبژیوان و سەرپەرشتیارو ئیداری و سەرۆك یانەو ڕاگەیاندنكارو بەرپرسی وەرزشی لەدەستەواژەی (كۆیلەی وەرزشی) جێی دەبێتەوەو ڕۆژانە بەبەرچاوماندا دێن و دەچن و هەر ئەوانیشن لەپێشەوەی ئەم بارودۆخە خراپەی وەرزشەكەی هەرێمی كوردستاندان و لەخێرو بێرەكەی دەخۆن.