ڕانەگرتنی میز

3 مانگ پێش ئێستا

د.كۆیار شێركۆ
میز ڕانەگرتن یان لە دەستدانی كۆنترۆڵكردنی میزەڵان، حاڵەتێكی باوە و توندییەكەی لە كەسێكەوە بۆ كەسێك دەگۆڕێت، بە جۆرێك لە هەندێك كەسدا لە كاتی كۆكە و پژمەدا توانای كۆنترۆڵیان نییە و میزیان پێڕانگیرێت یان دەكرێت ئەوەندە توند بێت حاڵەتەكە كە نەخۆش فریا نەكەوێت بگاتە تەوالێت. لەگەڵ ئەوەی حاڵەتەكە لەگەڵ هەڵكشانی تەمەندا ئەگەری ڕودانی زیاترە، بەڵام لە هەموو تەمەنێكدا ڕوودەدات.

چەند هۆكارێكی جیاواز هەن بۆ توشبوون بە میزڕانەگرتن. ئەم حاڵەتە بۆ خۆی نەخۆشی نییە و ڕەنگە هۆكارێكی تری جەستەیی یان فیزیكی لە پشتەوە بێت. گەر حاڵەتەكە كاتی بێت ڕەنگە هۆكارەكەی هەندێك خواردن و خواردنەوە بێت وەك كحول، كافاین، خواردنەوە گازییەكە، بیبەر و خواردنی توون یان شوكولاتە.

میز ڕانەگرتن ڕەنگە هۆكارەكەی نەخۆشییەكی تر بێت، كە بە ئاسانی چارەسەر بكرێت، وەك قەبزی و ئیلتیهابی میزەڵان. كە دوای وەرگرتنی چارەسەری نەخۆشییەكە، میز ڕانەگرتنەكەش باش ئەبێت.

بەڵام میز ڕانەگرتن ئەكرێت حاڵەتێكی درێژخایەنیش بێت و بە هۆی حەمل، مناڵبوون، چونە تەمەن، ڕاوەستانی سوڕی مانگانە، گەورەبوونی پرۆستات، شێرپەنجەی پرۆستات یان نەخۆشی دەماری، وەك مەلتیپل سكلیرۆسس و پاركینسۆن. كە چارەسەری ئەكەوێتە سەر چارەسەری نەخۆشییەكە.

ئەو هۆكارانەی مەترسی توشبوون بەم حاڵەتە زیاد ئەكەن: ژنان ئەگەری توشبوونیان زیاترە، هەڵكشانی تەمەن، قەڵەوی، جگەرە كێشان، بوونی حاڵەتەكە لە ئەندامێكی تری خێزانەكەدا.

نیشانەی سەرەكی حاڵەتەكە ڕانەگرتنی میزە، بەڵام میز ڕانەگرتن چەند جۆرێكی هەیە. یەكێك لە جۆرەكان پێی دەوترێت میز ڕانەگرتنی سترێس، ئەمەش لەو كاتانەیا ڕوو ئەیات كە نەخۆش پێ ئەكەنێت، ئەكۆكێت، ئەپژمێت یان وەرزش ئەكات.

جۆرێكی تری میز ڕانەگرتن لە ناكاو ڕوو ئەدات و نەخۆش هەست ئەكات پێویستە بە خێرایی بچێتە تەوالێت و زوو زووش میزی یەت، شەوان لە خەو خەبەری ئەكاتەوە.

جۆرێكی تری میز ڕانەگرتن بە هۆی نائارامی جەستەیی یان دەروونییەوە ڕوودەدات و نەخۆش ناتوانێت لە كاتی پێویستدا بگاتە تەوالێت، بۆ نموونە نەخۆش گەر كێشەی ئیلتیهابی جومگەكانی هەبێت، بە هۆی ئازاری جومگەوە ناتوانێت لە كاتی پێویستدا بگاتە تەوالێت.

میزڕانەگرتنی تێكەڵیش هەیە كە تێكەڵی دوو جۆرە لە جۆرەكانی میز ڕانەگرتن.

میز ڕانەگرتن چەند لێكەوتێكی خراپیشی هەیە، وەك سوربوونەوە و ئیلتیهابی پێست و زیپكە. توشبوونی بەردەوام بە ئیلتیهابی میزەڵان و هاوكات لێكەوتی دەروونی و كۆمەڵایەتیشی هەیە و كاریگەری لەسەر ژیانی كەسەكە دروست ئەكات.

پاراستنی كێشێكی تەندروست و كەمكردنەوە قاوە و كحول و جگەرە كێشان و زیادكردنی سەوزە لە خواردندا، كۆمەڵێك ڕێگان بۆ خۆپارێزی و كەمكردنەوەی مەترسی توشبوون بەم میز ڕانەگرتن.