وەڵامدانەوەی فیلم، بە فیلم دەكرێت؟

3 مانگ پێش ئێستا

شكار جەمال
كورتە فیلمێك بەرهەم هێنراوە لەسەر قاسم سولەیمانی و سەرۆكی هەرێمی كوردستانی ئەوكات،  كە مێژووی ڕووداوەكان دەگەڕێتەوە بۆ پیلانی پەلاماردانی داعش بۆ شاری هەولێر، كە لە بەشێكی كورتە فیلمەكەدا تیشك دەخاتە سەر ڕووداوێك كە سەرۆكی هەرێم لەگەل بەغدادی ڕێكەوتنی هەبووە، بەڵام بەغدادی پاشگەزبۆتەوە لەو ڕێكەوتنە !!! 

ساڵی ٢٠١٢ ووڵاتانی كەنداو و سعودیە بەتایبەتی، زنجیرە درامایەكیان بەرهەم هێنا لەسەر (عومەری كوڕی خەتاب) كە بە ئاشكرا (علی كوڕی ئەبوتاڵیب)یان پشتگوێ خستبوو، بەڵام ئێرانیەكان نەهاتن بە بەرنامەو پۆست و لایڤ دەست بكەن بە دەنگە دەنگ و جنێودان ، ئەی چییان كرد؟ 
هاتن فیلمێكیان بەرهەم هێنا بە ناوی (موحەممەد، پەیامبەری خودا) هەتا كار گەیشتە ئەوەی زۆربەی زۆری ووڵاتانی ئیسلامی سوننی مەزهەب ڕەتی بكەنەوە لە سینەماكانیان نمایش بكرێت، چونكە فیلمەكە ئەوەندەی فۆكەس لەسەر ئەبوتاڵیبی باوكی خەلیفە علی بوو،  ئەوەندە لەسەر پێغەمبەر نەبوو،  بە جۆرێك كاتێك عەبدولموتەڵیب لەكاتی سەرەمەرگ پیاوماقوڵانی قورەیش كۆدەكاتەوە بەر لە مردنی، دەستی موحەمەد دەخاتە نێو دەستی ئەبوتاڵیب بەو مانایەی سپاردەی ئەوی دەكات ئەمەش تورەبوونی  زۆر گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا بۆ هەموو ووڵاتانی عەرەبی سوننی مەزهەب چونكە فیلمەكە پیشانی دەدات كە قەڵغانی  پاراستنی پێغەمبەر تەنیاو تەنیا باوكی خەلیفە علی بووە، دەی ئەمەیە وەڵامدانەوەی هونەر بە هونەر  .

نمونەیەكی دیكەی نوێی ساڵی ٢٠١٩
كارەساتی ئەتۆمی چێرنۆبڵ كە لەسەردەمی یەكێتی سۆڤیەت ڕوویدا ساڵی ١٩٨٦ كە بەیەكێك لە گەورەترین كارەساتەكان هەژمار دەكرێت، بۆیە ئەمەریكیەكان هەستان زنجیرەیەكی مێژووییان لەسەر بەرهم هێنا ٢٠١٩ كە ڕووسیای زۆر توڕەكرد، بەڵام ووڵامدانەوەی ڕووسیا تەنیا ئەوەندە بوو كە گوتیان (بە زنجیرەیەك وەڵامی ئەمەریكیەكان دەدەینەوە ).

بۆیە پێشنیاری من ئەوەیە كە كورتە فیلمێك بەرهەم بهێنن ، تیایدا (هێزی دژە تیرۆر) بكەنە قەڵغانی پاراستی شاری هەولێرو دانیشتوانە خۆشەویستەكەی، بەمەش وەڵامی هونەر بە هونەر دەدرێتەوە، دەی ئیتر پێویست ناكات هیچ دەموچاوێك بهێننە سەر تیڤی .