نازپێدانی زۆری مناڵ

3 مانگ پێش ئێستا

ئاوێر شەهید سەردار
ناز پێدانی زۆری مناڵ، هەر وەك پێدانی بڕی زیادەی دەرمان بۆ نەخۆشێك، ئەشێ زیانی زیاتر بێت لە سودی.
نازی زۆر ڕەنگە هەندێ جار  ببێتە هۆكاری خۆپەرستی یان لاوازی مناڵ، ئەو مناڵانەی كە لە ماڵەوە زۆر نازدارن ئەیانەوێت نەك هەر لەناو خێزاندا بەڵكو لە باخچە و قوتابخانە و كۆڵان و لە هەموو شوێنێك، هەمیشە مامەڵەی تایبەتیان لەگەڵدا بكرێت و لە هەموو ڕویەكەوە لەپێشەوەی هەموان بن.تەنانەت لە گەورەییشیاندا زۆر بەڕونی كاریگەری لەسەر كەسایەتییان بەجێدێڵێت. 
جاران بەزۆری باوكان بڕێك توند بوون لەگەڵ مناڵەكاندا و دایكان زیاتر نازیان پێ ئەدان، بەڵام ئێستا بەزۆری دایكان دەستئەگرنەوە لە نازپێدان و لەبەرامبەردا باوكان دەست بڵاوترن، ئەمەش زۆر جار گرفتی لێكەوتوەتەوە.
ئەوەی كە لەهەموو شتێك زیاتر كاریگەری خراپی هەیە لەسەر پەروەردەی مناڵ و هەموو ڕیسی دایك و باوكەكان ئەكاتەوە بەخوری، زیاد لەپێویست ناز پێدانێتی لەلایەن پور و مام و خاڵ و نەنك و باپیرەوە. ئا ئەم هێزی پشتیوانییە بەناوی خۆشەویستییەوە و لە دڵسۆزی خۆیان جاری  وا هەیە قوڕێكت بۆ ئەگرنەوە زۆر بە ئاستەم لێی دەرئەچیت.
دایكێك نەك هەر نۆ مانگەكەی دوگیانی، بەڵكو  بە ماكەكانی دوای مناڵبوونەوە نزیكەی ساڵێك سەختی و ناڕەحەتی و نەخۆشی ئەچێژێت تا مناڵێك ئەهێنێتە دنیاوە، باوكێك ئەو هەموو ڕەنج و ماندوێتی و شەونخونییە ئەچێژێت بۆ مناڵەكەی، تۆ هەرچییەكی بیت ناكرێت خۆت لە ئەوان بە دڵسۆزتر بزانیت بۆ مناڵەكەیان.
هەر لەبەر ئەوەی كە مناڵەكەت خۆش ئەوێت، ناتوانی چاوپۆشی بكەیت لەهەڵەكانی، دەی ئەگەر لە مناڵییەوە ڕاست و هەڵە لەیەكتر جیانەكاتەوە و لەبەرامبەر پاداشتدا سزاش وەرنەگرێت، كە گەورەش بوو هەمیشە پێی وایە كە ئەو ڕاستە و دان بەهەڵەكانیدا نانێت.
كە ئەبینن مناڵێك لەسەر هەڵەیەك سزا دراوە، خێرا ئاشتی مەكەنەوە،  لەبەرچاوی خۆی دەست مەكەن بەسەركۆنەی دایك و باوكەكەی. مناڵی ئەمڕۆ ئەوەندە بەنازن، بەرگەی لێپرسینەوەیان نییە، وای لێهاتووە هەر بڵێ پشتی چاوت برۆیە، خێرا خۆی كۆئەكاتەوە و ماڵ بەجێدێڵێت.