مەڵاشوو چیە؟ ئایە مەڵاشوو كەوتن هەیە؟

3 مانگ پێش ئێستا

د. پشدەر عەبدوڵا
لە كاتی لە دایك بوونی منداڵدا كۆمەڵێك كون لە ئێسقانی سەردا هەیە كەدیارترین و گەورەترینیان ئەوەیە كە لە بەشی پێشەوەی سەردا هەیەو پێی ئەڵێن مەڵاشوو.
مەڵاشوو قەبارەیەكی دیاری كراوی هەیەو لەماوەیەكی دیاری كراودا دائەخرێت (9-18) مانگ، پێویستە مەڵاشوو تەخت بێت و نیمچە نەرم بێت ، هەندێ جار لێدانی هەیە وەك لێدانی خۆین بەر.

سودەكانی مەڵاشوو:
۱-لە كاتی لەدایك بوونی منداڵدا یارمەتیدەر ئەبێت بۆ تێپەربوونی كۆرپەلە بەناو لەشی ئافرەتدا چونكە ئێسقانەكانی سەر ئەچنە سەریەك بەهۆی بوونی ئەو كونانە لەسەردا.
۲-یارمەتیدەر ئەبن بۆ گەورەبوون و گەشەی مێشك ، واتە ئەگەر ئەم كونە زوو دابخرێت و ئێسقانەكان یەك بگرن ، مێشك ناتوانێت لەوە زیاتر گەورە بێت و گەشە بكات.
۳-لەڕێگەی ئەم كونەوە زانیاری لەسەر مێشك لەڕێگەی سۆنەرو ئامێری تری دیاری كردنی نەخۆشی بە ئاسانی وەرئەگیرێت.
٤-پزیشك لەڕێگەی دەست لێدانی ئەتوانێت زانیاری دەست بكەوێت لەسەر پەستانی ناو مێشك، بۆ نمونە ئەگەر چاڵ بوو بێت واتا نەخۆشەكە لەوانەیە ووشك بووبێتەوە، یان ئەگەر دەرچووبێت لەوانەیە پەستانی ناو مێشك زیادی كرد بێت .
٥-ئاگاداربن لەكاتی گریان و پاڵ كەوتن و ڕشانەوە مەڵاشوو بۆ دەرەوە دەرئەچێت.
هەندێ كەس لە كاتێكدا كە مەڵاشوو ئەچێت بەناوەوە و چاڵ ئەبێت لەكاتی ووشك بوونەوەدا پەستان ئەخەنە سەر بەشی سەرەوەی ناو دەم ،وا ئەزانن مەڵاشووی منداڵەكەیان كەوتووەو بەوە ئەیهێننەوە،بەڵام نازانن كە ئێسقانێكی زۆر پتەو لەنێوان دەم و مێشكدا هەیە كە بەهیچ شێوەیەك ئەو پەستانە كاریگەری نیە ، بەڵكوو تەنها ئازاری منداڵەكە ئەدات.
مەڵاشوو بە هیچ شێوەیەك ناكەوێت.

پرۆفایل:
د. پشدەر عبداللە اسماعیل
پزیشكی پسپۆری نەخۆشیەكانی منداڵان