ئازاری گەشەی قاچی منداڵ چیە؟ چۆن چارەسەر ئەكرێت؟

3 مانگ پێش ئێستا

د. پشدەر عەبدوڵا
لە چ كاتێكدا دایك وباوك پێویستە سەردانی پزیشكی منداڵان بكەن؟
ئازارێكی زۆری ماسولكەكانی پەلەكانی خوارەوەیە كە هەندێ منداڵی تەمەن ۳ بۆ ٥ ساڵ تووشی ئەبێت لەكاتی ئێوارە یان كاتی نووستن و بەو هۆیەوە خەبەری ئەكاتەوە.
هەندێكجار لە تەمەنی ۸-۱۲ساڵ جارێكی تر سەرهەڵدەداتەوە و منداڵەكە و دایك و باوكی تووشی ناڕەحەتیەكی زۆر ئەكەن.
ڕاستە پێی ئەڵێن ئازاری گەشە بەڵام تا ئێستا نەسەلمێنراوە پەیوەندی بە گەشەی منداڵەوە هەبێت.
لێكۆڵینەوەكان دەریان خستووە كە زیاتر پەیوەندی بە جووڵەو چالاكی منداڵەكەوە هەیە.
ئازاری گەشە لە منداڵێكەوە بۆ منداڵێكی تر جیاوازە، لە هەندێكیاندا ئازارەكە زۆرە، بەڵام لە هەندێكیاندا كەمترە، زۆربەی منداڵەكان ئازارەكەیان هەمووڕۆژێك نیە.
ئازاری گەشە دێت و دەڕوات واتە لەوانەیە چەند ڕۆژێك بێ ئازار بن و دواتر چەند ڕۆژێك ئازاریان هەبێت.
ئازارەكە لەوانەیە ئەوەندە زۆر بێت منداڵەكە لە خەو خەبەر بكاتەوە، بەڵام ڕۆژی دواتر بەیانیەكەی كە خەبەری بوویەوە زۆر باشەو هیچ ئازارێكی نیە.
ئازارەكە بەزۆری لەهەردوو قاچیدا بەتایبەتی بەشی پێشەوەی ڕان و بەشی دواوەی ئەژنۆو ماسوولكەكانی پشتەوەی بەشی خوارەی قاچدا هەیە.
پێویستە لەم كاتەنەدا یەكسەر سەردانی پزیشكی منداڵان بكەیت:
۱-ئەگەر تای هەبوو.
۲-ئەگەر ئارەزووی خواردنی كەمی كرد.
۳-ئەگەر گیانی پەڵەپەڵە بوو ،یان سوور بوویەوە.
٤-ئەگەر جوومگەكانی قاچی ئاوسان ، سووربونەوە، یان گەرم بوو.
٥-ئەگەر منداڵەكە زوو زوو هەستی بە هیلاك بوون كرد.
٦-ئەگەر هەستت بە لاوازی ماسوولكەكانی منداڵەكە كرد.
۷-ئەگەر كێشی منداڵەكە كەمی كرد.
۸- ئەگەر منداڵەكە لە جووڵە كەوت بەهۆی ئازاری قاچیەوە.
چارەسەركردنی ئازاری گەشە:
۱-ماساجی قاچی بۆ بكە.
۲-هەوڵ بدە قاچی گەرم دابپۆشیت یان گەرم كەرەیەك بۆ ماوەیەك نزیك قاچی دابنێیت بەڵام نابێ لەكاتی خەودا نزیكی بێت بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی سووتانی.
ئەگەر سوودی لەمانە نەبینی پێویستە سەردانی پزیشكی منداڵان بكەیت بۆ ئەوەی دەرمانی ئازارشكێنی وەكو پاراسیتامۆڵ یان بڕۆفینی بۆبنوسێت ، پێویستە پزیشكی منداڵ بڕی دەرمانەكە دیاری بكات ،تكایە لەخۆتەوە دەرمان بەكارنەهێنیت بۆ منداڵ.


پرۆفایل
د.پشدەر عبداللە اسماعیل
پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشیەكانی منداڵان و گەشەی منداڵان.