بۆ فیلمساز و سینەماكار و سەرمایەدارانی كورد

3 مانگ پێش ئێستا

بەرەو شۆڕشێكی سینەمایی
بەكر شوانی
ئەم وتارەم دەربارەی بەكارهێنانی سینەما لە توركیا وەك چەكێك دژ بە گەلی كورد زیاد لە جارێك و لە چەندین ماڵپەڕ و پێگەدا بڵاو كراوەتەوە. بە خوێندنەوەی ئەم وتارە و كتێبەكەی موسلم یوجەل (بە زمانی توركی)، بۆمان ڕوون دەبێتەوە كە سەرەتای دژایەتیكردنی كورد لە ڕێی سینەماوە لە توركیاوە دەستی پێ كردووە.
ئێستا لە كاتێكدا باس و خواسی فیلم و سینەما و كورد بە گەرمی لە ئارادایە، كاتی ئەوەیە فیلمسازان و سینەماكاران و سەرمایەدارانی كورد دەست لە دژایەتیكردنی یەكدی هەڵبگرن و قۆناغی قسە و كوڕووزانەوە و تیۆری بەجێ بهێڵن و هەنگاوی كردەیی بنێن بۆ دامەزراندنی كۆمپانیایەكی كوردستانی-جیهانی بۆ بەرهەمهێنانی سینەمایی.
ئەم دوو توێژە، سینەماكاران و سەرمایەداران، تەواوكەری یەكدین و دەتوانن بە هونەر و سەرمایەكانیان فیلمی ناوازە لەسەر كورد بەرهەم بهێنن و لەو ڕێیەوە شۆڕشێكی سینەمایی بەرپا بكەن و هەم قازانجی میللی و هەم قازانجی داراییش بكەن.
دڵنیا بن ئەگەر وەخۆ نەكەون و دەست بە كار نەكەن، ئەوا سەدەی بیست و یەكەمیش وەك سەدەی ڕابردوو بەسەردەبەن.
من بەش حاڵی خۆم، بڕیام داوە هیچ بابەت و بۆچوونێكی تیۆریی سینەماكار و فیلمسازانی كورد ناخوێنمەوە و گوێ لێ ناگرم. تەنیا بایەخ بەو فیلمسازانە دەدەم كە بەرهەم دەئافرێنن؛ وەك مانۆ خەلیل.