ڤایرۆسی ئێچ ئای ڤی/ئایدز

3 مانگ پێش ئێستا

د, كۆیار شێركۆ
ئایدز كە كورتكراوەی ئەكوایەرد ئیمیونۆدیفشنسی سیندرەمە، نەخۆشییەكی درێژخایەنی مەترسیدارە كە بە هۆی ڤایرۆسی ئێچ ئای ڤییەوە توشی مرۆڤ دەبێت. ئەم ڤایرۆسە لە ڕێی لاوازكردنی سیستمی بەرگری لەشەوە كاریگەری وا دەكات جەستە نەتوانێت وەك پێشتر بەرگەی ئیلتیهاب و نەخۆشی بگرێت.

ئێچ ئای ڤی یەكێكە لەو ڤایرۆسانەی لە ڕێگەی چالاكی سێكسی و خوێنی توشبووەوە دەگوازرێتەوە، ئەشكرێ لە كاتی حەملا، لە دایكەوە بۆ مناڵ بگوازرێتەوە. ڤایرۆسەكە چەندین ساڵی پێویستە تا بگاتە خاڵێك كە نەخۆش توشی ئایدز بكات. له ئێستادا هیچ چارەسەرێك بۆ ئایدز نییە بەڵام چەند دەرمانێك بە شێوەیەكی بەرچاو بەرەوپێشچوونی نەخۆشییەكە خاو بكەنەوە. ئەم دەرمانانە بوونەتە هۆی  ئەوەی ڕێژەی مردن بە هۆی ئایدزەوە لە وڵاتە پێشكەوتووەكان بە شێوەیەكی بەرچاو كەم ببێتەوە.

نیشانەكانی ئێچ ئای ڤی/ئایدز دابەش دەكرێن بە پێی قۆناغی نەخۆشییەكە، سەرەتا پاش ئەوەی ڤایرۆسەكە دەچێتە جەستەوە، لە ماوەی 2-4 هەفتەی سەرەتادا، نەخۆش چەند نیشانەیەكی سوكی دەبێت لە شێوەی پەتای وەرزیدا، وەك سەرئێشە، تا، ئازاری ماسولكە، ئازاری قورگ، گەورەبوونی لیمفەكان، ئارەق كردنەوەی شەوان سكچون و لە هەندێك حاڵەتیشدا لە دەستدانی كێش. ئەم نیشانانە دەكرێت ئەوەندە سوك بن نەخۆش هەر هەستیشی پێنەكات. هەرچەندە دەشكرێت كە ژمارەی ڤایرۆسەكە لە خوێندا هەر لە سەرەتاوە زۆر بێت و ئاسانتر بە جەستەدا بڵاو ببێتەوە.

لە قۆناغی دووەمی نەخۆشییەكەدا، ڤایرۆسەكە هێشتا لە خوێن و خرۆكە سپییەكاندایە. بەڵام ڕەنگە نەخۆش دیسان هیچ نیشانەیەكی نەبێت. ئەم قۆناغە ڕەنگە چەندین ساڵ بخایەنێت گەر نەخۆش دەرمانی دژە ڤایرۆس وەرنەگرێت. لە كەسێكیشەوە بۆ كەسێكی تر ماوەی ئەم قۆناغە دەگۆڕێت.

قۆناغی سێیەم، كە  قۆناغی دەركەوتنی نیشانەكانە، ڤایرۆسەكە لە جەستەدا زیاتر بڵاو بووەتەوە و كاری كردووەتە سەر سیستمی بەرگری لەش. نیشانەكانی ئەم قۆناغە بریتین لە تا، شەكەتی، ئاوساوی لیمفەكان، سكچوون، لە دەستدانی كێش، ئیلتیهابی سییەكان.

قۆناغی دواتر ئەو قۆناغەیە كە پێی دەوترێت ئایدز. ، توێژینەوەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئەوە دەردەخەن كە بە هۆی ئەو دەرمانە دژە ڤایرۆسانەی ئەمڕۆ بەردەستن، زۆرینەی نەخۆشەكان به توشی ئایدز نابن بە هۆی ڤایرۆسی ئێچ ئایڤییەوە. بەڵام گەر نەخۆش دەرمانەكان بەكار نەهێنێت، بە شێوەیەكی ئاسایی ڤایرۆسەكە لە ماوەی 8-10 ساڵدا كەسی توشبوو توشی ئایدز دەكات. هەركەسێكیش توشی ئایدز ببێت، مانای ئەوەیە سیستمی بەرگری لەشی بە تەواوی لاواز بووە و ئەو نەخۆشییانەی پێشتر كاریگەرییان لەسەر جەستە دروست نەكردووە، لەمەودوا كەسەكە نەخۆش ئەخەن. نیشانەكانی ئەم قۆناغەش بریتین لە، ئارەق كردنەوە، لەرز و تا، سكچونی درێژخایەن، برینی سەر زمان و ناو دەم، شەكەتی و لاوازی بەردەوام، لە دەستدانی كێش.

گەر نەخۆش گومانی هەبوو لەوەی كە ڕەنگە هەڵگری ئێچ ئای ڤییە، یان نیشانەكانی تێدا دەركەوت پاش وەرگرتنی خوێن یان چالاكی سێكسی، پێویستە سەردانی پزیشك بكات تا بوون یا نەبوونی نەخۆشییەكە پشتڕاست بكاتەوە و گەر پێویست بكات لە قۆناغەكانی سەرەتادا دەست بە چارەسەر بكرێت.