فیلمی (وردەكارییە بچووكان)

2 مانگ پێش ئێستا

شادۆ
هەستبزوێن - تاوان
فیلمی تاوان و لێكۆڵینەوە لەو جۆرە فیلمانەن كە هەمیشە چێژێكی تایبەت لەخۆدەگرێت بۆ بینەر، بەتایبەت بۆ ئەو بینەرانەی كە ئارەزووی فزووڵی زانینی كۆد و نهێنیە تاوانكاری و لێكۆڵینەوەكانن، فیلمی تاوانی زۆرجار چیرۆكەكەی وا رێكەوتووە تاوەكو نزیكی تەواوبوونی كۆتای چیرۆكی فیلمەكە پەی بە نهێنیەكەی نەبرابێت هەرچەندە هەموو فیلمێك دەبێت دواجار ئەو كۆد و گرێیە بۆ بینەر بكاتەوە كە پێی دەڵێن؛ خاڵی یەكلاكردنەوەی چیرۆك و یاخود لووتكە و ترۆپكی ئەنجامی چیرۆك.

ئەم فیلمە نوێیە، كە ساڵی ٢٠٢١ بڵاوبۆتەوە، فیلمێكی هەستبزوێنی تاوانییە، گوماناوییە، بینەر زۆر سەرقال دەكات بە ڕووداوەكانەوە، ئەمە جگەلە ڕۆڵی سێ ئەكتەری بە توانا كە تێیدا ڕۆڵ دەگێڕن بە تایبەت "دینزڵ واشنتۆن" كە چیتر دەرفەت بۆ بینەر ناهێلێتەوە بۆ قسەكردن لە سەر ئاستی بەرزی نواندن، چونكە دینزڵ زۆرجار لەڕۆڵەكانیدا هیچ كات هەست بە نواندنی "دروستكراو- مزیف" ناكەیت، وا هەست دەكەیت كارەكتەرێكی راستەقینە دەبینیت ئەمەش تەنها ڕای تایبەتە وەك بینەرێك، نەك گشتی.

لە راستیدا گەر بە دیقەت و سەرنجێكی وردەوە تەماشای فیلمەكە نەكرێت، ڕەنگە ئەنجامی ڕووداوەكانی فیلمەكە تا دوا سات و تەنانەت تا بەرزبوونەوەی تایتڵی فیلمەكەش كەمێك ئەستەم بێت درك بە زانینی تاوانباری ڕاستەقینە بكرێت! وە لە دوا ساتەكانی فیلمەكەدا هەست بە گومانێكی زۆر گەورە دەكەیت لە هەرسێ كارەكتەری سەرەكی فیلمەكە.

The Little Things
2021 ‧ Thriller/Crime