زنجیرەفیلمی «Kampf um den Halbmonad»

2 مانگ پێش ئێستا

شاسوار مامە
ئەم زنجیرەیە كە بەرهەمی ستافێكی فەڕەنسییە و ئێستا لە تەلەفزیۆنی‌ «ARTE»  (فەڕەنسی - ئەڵمانی) پەخش دەكرێت، فیلمێكی جەنگی و خێزانییە باس لە ڕووداوەكانی ساڵی ٢٠١٤ دەكات كە داعش هێرشی كردە سەر ڕۆژاڤا و شەڕێكی سەخت لەنێوان موجاهیدەكانی دەوڵەتی ئیسلامی و شەڕڤانانی یەپەژە و یەپەگە لە ئارادابوو. دیمەنەكانی فیلمەكە لە فەڕەنسا، بەلجیكا و ئیسرائیل تۆمار كراون. گفتوگۆكان بە زمانی كوردی، فەڕەنسی، عەرەبی و ئینگلیزین.

ئانتوان گەنجێكی فەڕەنسییە، بە ڕێكەوت لە تەلەفزیۆندا دیمەنی تەقینەوەیەكی سووریا دەبینێت كە تیایدا فەڕەنسییەك كوژراوە. لە تۆماری بەر لە تەقینەوەكەدا كچەشەڕڤانێكی یەپەژە هەیە كە بە شێوەیەكی تایبەت قژی دەبەستێت. ئانتوان بەم ئاماژە بچووكە گومانی ئەوەی لەلا دروست دەبێت ئەوە كچە خوشكە تۆراوەكەی بێت كە ماوەیەكە بەهۆی ناكۆكی خێزانی ماڵەكەی جێهێشتووە. خۆیشی بە بەرپرسیار و تاوانبار دەزانێت لە بەرانبەر خوشكەكەیدا. چونكە كاتێك بە ڕێكەوت كوڕێكی ناسیوە و لەگەڵی كەوتووەتە خۆشەویستییەوە، خێزانەكەی لە ئەنجامی ئەم پەیوەندییە ترساون. چونكە كوڕەكە بەرهەڵستكارێكی ئێرانی بووە و هێشتا مافی پەنابەری وەرنەگرتووە. براكەی هەواڵی لێ دەداتە پۆلیس و كوڕەكەش خۆی ون دەكات.
 
ئانتوان سەرەتا دەچێتە توركیا و لە سنووری ڕۆژاڤا قاچاخچییەك دەدۆزێتەوە و وێنەی خوشكەكەی پیشان دەدات و پێی دەڵێت كە خوشكەكەی شەڕڤانی یەپەژەیە و دەیەوێت سۆراخێكی بزانێت. قاچاخچییەكە پێی دەڵێت، تۆ شێت بووی. ئێرە توركیایە، پرسیاركردن دەربارەی كوردەكان ئاسان نییە. دواتر ئەو قاچاخچییە هانی دەدات كە ئانتوان خۆی بچێتە ڕۆژاڤا و لەلای كوردەكان بە دوای خوشكەكەیدا بگەڕێت. بەڵام درۆی لەگەڵ دەكەن و كاتێك دەگەنە سووریا بە داعشی دەفرۆشن. هێرشی شەڕڤانانی یەپەژە ژیانی ئانتوان لە مردن ڕزگار دەكەن و لەگەڵ خۆیانی دەبەن.

پێشتر ئانتوان لە میسر پێی گوترابوو كە لە تەقینەوەیەكدا ئاننای خوشكی كوژراوە. بەڵام پاش بینینی ڤیدیۆكەی تەلەفزیۆن هەستی كردبوو خوشكەكەی نەمردووە. ئاننا ماوەیەك لە میسر كاری شوێنەوارناسی كردبوو. هەر لەوێش بە كەسێك ئاشنا بووبوو كە خۆی بە چالاكی ڕێكخراوێكی مافی مرۆڤ پێ ناساندبوو.
هەر ئەو كەسەش داوای هاوكاری لە ئاننا دەكات و پاسپۆرتێكی ساختەی پێدا دەنێرن بۆ ئێران بە بیانووی ڕزگاركردنی كەسێك كە ژیانی لە مەترسیدایە. پاشان ئاننا هەست بە ڕاستییەكان دەكات و بۆی دەردەكەوێت كە ئەم ماستە مووی زۆری تێدایە و پەیوەندی بە كاری سیخووڕی بەسەر چەكی ناوەكیی ئێرانەوە هەیە.

هەر لەوێش لەگەڵ تیمێكی شوێنەوارناس كچێكی كورد دەناسێت كە خوشكێكی لە ڕیزەكانی یەپەژەدایە. ئەو كه دڵسافە و‌ ئاگاداری ڕاستییەكان نییە، هاوكاری ئاننا دەكات.  مۆساد كە لە پەنای ئەوانەوە خەریكی پیلانی خۆیەتی، لە تاران تەقینەوەیەك دەكات و چەندین زانا و هاوڵاتیی ئێرانی دەكوژێت. ئاننا لە ئێران دەگەڕێتەوە ئینجا بە تەقینەوەكە دەزانێت. بەڵام تازە درەنگ بووە و كچەكەی هاوڕێ لەگەڵ هاوژینەكەی لەلایەن ئیتلاعاتەوە دەستگیر كراون و كوژراون.

ئاننا تازه دەزانێت ئەو كەسەی لە میسر ناسیویەتی ئەفسەرێكی گەورەی مۆسادی ئیسرائیلە. بەڵام ئیدی درەنگ بووە و‌ لە كارەكانی مۆسادەوە گلاوە. هەرچەندە تووڕە و نیگەران بێت، ناچارە لەگەڵی بڕوات. ئانا دەگەڕێتەوە میسر، بەڵام مەترسی ئەوە هەیە ئێران دەستی لێ بوەشێنێت. ئەفسەرەكەی مۆساد سیناریۆی مردنی دادەڕێژێت و ئێرانیش ڕادەكێشێتە ناو سیناریۆكەوە. بەڵام ئاننا بەپێی سیناریۆكە ڕزگاری دەبێت و بە ناسنامەیەكی دیكەوە ڕەوانەی سووریای دەكەن و دەچێتە ڕیزەكانی یەپەژە.

هەمان ئەفسەری مۆساد لە پەیوەندیی دوو گەنجی بەریتانی لەگەڵ داعش ئاگادارە و لەگەڵ هاوڕێیەكی ئەو دوو گەنجە پەیوەندیی دروست دەكات. بەڵام خۆی بە هەواڵگریی بەریتانی دەناسێنێت و ڕازی دەكات كە لە ڕێی هاوڕێكانییەوە سیخووڕی بەسەر داعشەوە بكات. ئەو كوڕە پێشتر سەربازی سوپای بەریتانی بووە لە ئەفغانستان و دژی تاڵیبان جەنگاوە. ئێستاش لەگەڵ دوو هاوڕێكەی ڕوو لە ڕیزەكانی داعش دەكات. دوو بەریتانی بۆ جیهاد و یەكێكیشیان بۆ سیخووڕی خۆیان دەگەیەننە ژێر سایەی دەوڵەتی ئیسلامی.

ئانتوان سەرەنجام خوشكەكەی دەدۆزێتەوە. هەروەها بڕیار دەدات نەگەڕێتەوە و ببێتە شەڕڤانی یەپەگە لە یەكەی شەڕڤانە ئەنتەرناسیۆنالەكان. بەشداری لە چەندین شەڕی گرنگدا دەكات. لە هەمان كاتدا لەگەڵ فەرماندەیەكی كوردی یەپەژە بە ناوی ساریا كە لەدایكبووی فەڕەنسایە‌، دەكەوێتە پەیوەندییەكی قەدەغەوە‌. ساریا لە شەڕێكدا بەسەختی بریندار دەبێت و تەنیا لە نەخۆشخانەكانی ئەورووپا چارەسەر دەكرێت. سەرەنجام یەپەژە ڕێكارە قانوونییەكان جێبەجێ دەكات و لەگەڵ ئانتوان ڕەوانەی فەڕەنسای دەكەن. لە فڕۆكەخانە دایك و باوكی چاوەڕێی دەكەن، بەڵام پێیان ناڵێت كە ئاننا هێشتا زیندووە...