موچە، لەنێوان رێككەوتن و رێكنەكەوتن

2 مانگ پێش ئێستا

سەرتیپ جەوهەر
دوو رۆژی داهاتوو یەكلاكەرەوەیە. بەپێی زانیاریی نوێ‌، بەغدا گۆڕاوەو نەرمتر بووە. ئێستا قسە لەسەر رێككەتنێكی واقعی دەكرێت بتوانرێت جێبەجێبكرێت. لە دوایین دانوستانی نێوانیاندا هەرێم هیچ رێگرییەكی نەبووە سەبارەت بەرادەستكردنی نەوت یان بەهای نەوت، بەڵام ئاستەنگەكان پەیوەندی بەچۆنیەتی رادەستكردن و خەرجیی دەرهێنان و ناردنی نەوت و وردەكارییەكانی دیكەیە.

پێشنیارێك هەیە هەرێم رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت یان بەهای ئەو بڕە نەوتە (بەنرخی سۆمۆ) بداتە بەغدا، هەرێم بۆخۆی خەرجی دەرهێنان و تێچووی فرۆشتن و پارەی كۆمپانیاكان لەو 180 هەزار بەرمیل نەوتە دابین بكات كە دەمێنێتەوە، بەوپێیەی هەرێم توانای دەرهێنانی 430 هەزار بەرمیلی هەیە. بەغداش بەركەوتەی هەرێم بدات دوای لێدەركردنی بەهای ئەو 250 هەزار بەرمیل نەوتە.

پێشنیارێكی دیكە هەیە كە هەرێم تەواوی نەوت رادەست بكات، واتە رۆژانە هەر 430 هەزار بەرمیل (نەوت یان بەهای نەوت) رادەستبكات و بەغدا تەواوی بەركەوتەی هەرێم لەبودجەی گشتیی دابینبكات، بەڵام ئەو پێشنیارەش وردەكاریی تێدایەو هێشتا یەكلایی نەكراوەتەوە. گوایە هەرێم بەو پێشنیارە رازی بووە بەمەرجێك خەرجییەكانی دەرهێنان و رەوانەكردن و فرۆشتن و بەركەوتەی كۆمپانیاكان لەلایەن عیراقەوە دابینبكرێت، بەوپێیەی بەغدا بۆ ساڵی 2021 نزیكەی 9 ملیار دۆلاری بۆ خەرجی دەرهێنانی نەوت دابینكردووە، ئەوەی هەرێمیشی بخاتەسەر.

بەدڵنیاییەوە پێشنیاری دیكەش هەیەو باسكراوە، ئەمەی سەرەوە گرنگترین پێشنیارەكانە، ئەوەی گرنگە هەریەكێك لەو پێشنیارانە سەربگرێت بەغدا بڕێك پارە بۆ هەرێم دەنێرێت، بەڵام رەنگە تێرایی پێویستییەكانی هەرێم بۆ دابینكردنی موچەو پێویستی هەرێم نەكات، چونكە نەوتی هەرێم بەجۆرێك ئاڵۆزكراوە مومكین نییە بەغدا بێتە ژێر باری دابینكردنی تەواوی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، بۆیە لەباشترین حالەتدا ئەگەر رێككەوتنیش بكرێت ئەوا مانگانە موچەی موچەخۆرانی هەرێم لەنێوان لە 15% بۆ زیاتر 20% لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە دەبڕێت. تا دوای رێككەوتنەكە ئەو رێژەی ئەو لێبڕینە بەتەواوی دەرناكەوێت. خۆ ئەگەر رێككەوتن نەكرێت، لێبڕینەكە زۆر زیاتر دەبێت.

ئەگەر هەرێم لەگەڵ بەغدا رێككەوێت، لەوانەیە بەغدا ئامادەبێت 900 بۆ 950 ملیار دینار مانگانە بداتە هەرێم، بەڵام گرفتی گەورە بەركەوتە (مستحقات)ی كۆمپانیاكانی نەوتە كە (جەماعەت گرێبەستیان لەگەڵ كردوون) و لەسەر حیسابی موچەخۆرانی هەرێم پارە دەكێشنەدەرەوەی هەرێم و لەبەرامبەردا موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەبڕدرێت.

رێككەوتن لەگەڵ بەغدا جگە لەدەستكەوتنی داهاتی زیاتر، هاوكات بەشێك لەداهات دیار دەبێت، چونكە ئێستا ئەو نەوتەی كوردستان دەفرۆشرێت نازانرێت چۆن دەفرۆشرێت و پارەكەی چەندە! ئەگەر رێككەوتنەكە بكرێت بەشێك لەداهاتی كوردستان دیاردەبێت.

ئەوەی زانراوە، وەفدی هەرێمی كوردستان لێكتێگەیشتنیان لەگەڵ حكومەتی بەغدا زیاترە، ماوەتەوە لەگەڵ گروپ و لایەنە شیعەكان رێككەون، هاوكات پێویست دەكات لەگەڵ فراكسیۆن و لایەنە كوردستانییەكانیش لێكتێگەیشتنێكیان هەبێت، چونكە رێككەوتنێك موچە بڕینی بەدواوە بێت، ئاسان نییە پشتیوانی كردنی! نەخاسمە هەڵبژاردن لەپێشەو ململانێ و موزایەدەی سیاسی لەچەند مانگی داهاتوودا توندتر دەبێت.