لەبەردەم كامێرای مناڵەكانماندا

2 مانگ پێش ئێستا

هێمن عەبدولقادر
 پێش چەند چركەیەك بە دەست نانمان دەخوارد، قۆپچەی كراسەكەمان كرابۆوە، قژمان هەر تاڵێكی بەلایەكدا ڕۆشتبوو، هەزار هەزار قسەمان ئەكرد، بەڵام كاتێك ویستمان وێنەیەك یان ڤیدیۆیەك تۆمار بكەین و بمێنێتەوە! دەست بەجێ خۆمان رێكدەكەینەوە قۆپچەی كراسەكەمان خێرا دادەخەین و قژمان ڕێك دەخەین  و زمانیشمان لە گۆ دەكەوێت، چونكە دەترسین ئەم وێنەیە بۆ هەمیشە لە بەردەم خەڵكدا بمێنێتەوە بە ناشیرینی .

منداڵەكانیشتان  وەك كامێرا بە دوو (لێنز)، دوو چاوی گەورە و میمۆریەكی بەهێز، هەموو ئەوانەی ڕۆژانە لە دایك و باوك و ڕاگەیاندن و قوتابخانە و مامۆستا و بازاڕ و خێزان و خەڵكی دەبینێت .. تۆمار دەكات، كەواتە بۆچی لەبەردەم كامێرای منداڵەكانمان  گوێ بە وێنەی ڕەفتار و گوفتاری خۆمان و خەڵكی تر نادەین؟

تۆ ڕۆژ بەڕۆژ لاواز تر و پیرتر دەبیت و منداڵەكەشت ڕۆژ بەڕۆژ بە هێزتر دەبێت، كاتێك كە بەقسەت ناكات و تۆڵەت لێدەكاتەوە و سزات دەدات تۆش پێت وایە سەردەمەكە گۆڕاوە و منداڵەكەت توشی لادان بووە، بەڵام لە ڕاستیدا تۆ بەرهەمی خۆت دەدوریتەوە!
كاتێك لاواز بوو ترساندت، ئەمە ڕێسایە ،ڕێسای (چاندن و دەستكەوت): 
ئەوەی گەنم دەچێنێت، گەنم دەدورێتەوە و ئەوەی دڕك دەڕوێنێ هەر دڕك دێتە ڕێی، بەڵام ئەگەر منداڵەكەت پڕ نەكرد لە ترس و ڕق، ترسی ئەوەشت نابێت لە پیریدا خراپ بێت لە گەڵت.
ئەگەر منداڵێك دڵی یان دەماغی  بچوكە، مانای ئەوە نیە ناتوانێت وەك تۆ هەست بەشتەكان بكات، منداڵێك با چاوەكانی بچوكیش بێت، بەڵام خۆ وەكو من و تۆ دەبینن، كەواتە بۆ بە ڕێزەوە لە بەردەمیاندا نادوێن و ڕەفتار ناكەن .

عەلی كوڕی ئەبی تالب فەرمووی (هیچ میراتێك بۆ منداڵ، لە مانەوەی ئەدەب و پەروەردەیەكی جوان باشتر نیە). میراتێك كە سەرچاوەكەی پەروەردە بێت خاوەنەكەی كەمتر توشی ئاریشە و گرفت دەكات.
خەڵكێك هەیە تەمەنێكە مردووە كەچی ڕۆژانە بە هۆی ڕەفتاری ناجیزی منداڵەكانیەوە هەزارەها قسەی نەشیاو بۆ گۆڕی ئەڕوات، خەڵك هەیە هەموو شتێكی هەیە كەچی بەردەوام گیرۆدەی دادگا و یاسا و شەری خێزانی و ئیدمانی و هەزارەها شتی ترن .

مانەوەی پارچەیەك زەوی و ڕیزە دوكانێك و ناوبانگی پیشەیی و زانستی و هەندێك پارە گرنگە و هەردوو ئەگەری لادان و زەرەریشی تیایە، بەڵام مانەوەی پەروەردەی دروست هەمیشە ئەگەری قازانجی زیاترە، چونكە خاوەنەكەی لە ئارامیەكی زۆردا دەهێڵێتەوە.

فارس دەڵێت : 
(نەریتی هەور وایە، هەرچیەك لە دەریا وەرگرێت پێی دەداتەوە)
گرنگە بزانین چی دەدەین بە منداڵەكانمان، تا بزانین لە داهاتودا چی وەردەگرینەوە .