سوودمەندی سەرەكیی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە (2021)دا كێیە؟

2 مانگ پێش ئێستا

رۆندیك فارس
پەتای كۆرۆنا گۆڕانكاری ڕیشەیی بەسەر زۆربەی بازاڕەكانی جیهان و لە ناویشیاندا وزە هێنا. نرخی نەوت لە 2020ـدا، لە ڕوو داتەپینەوە، ژمارەی پێوانەیی تۆماركرد، بەڵام لە سەرەتاكانی 2021 تا ئەمڕۆ، لە هەڵكشان بەردەوامە، بەجۆرێك كە بۆ 58 دۆلار بەرزبوویەوە، بەڵام دوای لێكەوتەكانی كۆرۆنا، ئەم بەرزبوونەوەیە كاریگەری جیاواز بەسەر داهات و میزانیەی هەر وڵاتێكدا دەسەپێنێت، چونكە:
-هەر كاتێك نرخی نەوت دەگاتە ئاستی 45 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، ئەو كات وڵاتانی ئەندام لە ڕێكخراوی OPEC و هەروەها non-OPEC دەست دەكەن بە دانوستان، لە پێناو گەییشتن بە ڕێككەوتن و هاوسەنگكردنی نرخی وزە لە بازاڕەكانی جیهاندا، هۆكاری ئەم هەنگاوەیش ڕاگرتن و ڕێگریكردنە لە نزمبوونەوە و بەرزبوونەوە لە نێوان 50 بۆ 55 دۆلار، بۆ هەر بەرمیلێك.
-تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی تر جیاوازە و لە هەمان كاتدا، جیۆپۆڵەتیكی گواستنەوەی ئەو نەوتە بۆ بازاڕەكان، كار دەكاتە سەر هاوكێشەكانی داهات و بەهای دۆلاری ئەو وڵاتە بەرامبەر بە دۆلار.

دوای دەستبەكاربوونی ئیدارەی بایدن و واژۆكردنی ڕێككەوتنەكانی تایبەت بە پاراستنی ژینگە، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئەمریكا، لە 2021ـدا دادەبەزێت، چونكە یەكەم بڕیاری ئیدارەی بایدن ڕاگرتنی هێڵەكانی گواستنەوەی Keystone XL لە كەنەدا وە بۆ ئەمریكا، ئەمەیش هۆكار بوو بۆ ئەو ناڕەزایەتییەكانی ئەم دوادواییانەی شەقامی ئەمریكا، بەم بڕیارەیش تا چەند ساڵی داهاتوو ئەگەرێكی بەهێزە بۆ ئەوەی ئەمریكا وزەی زیاتر هاوردە بكات، كەواتە كۆمپانیا ئەمریكییەكان بە هەمانشێوەی ساڵانی 2015 و 2017، لەبارەی نرخی نەوتەوە، ڕووبەڕووی ناهاوسەنگی بەرهەمهێنان دەبنەوە.
ڕووسیا لە ساڵی 2020ـدا، ڕۆژانە 11.49 میلیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە و لە دوای سعودیە بە پلەی سێیەم هاتووە، بەڵام سوودمەندی هەرە سەرەكی لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە ساڵی 2021ـدا مۆسكۆیە، هۆكارەكانیش ئەمانەن:
- لە 2021 تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت لە ڕووسیا بڕی 46 دۆلارە و بودجەی ئەو وڵاتە لەسەر ئەو بڕە پەسەندكراوە، بەڵام لە سعودیە بڕی 68 دۆلارە، كەواتە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ 58 دۆلار لە قازانجی ڕووسیایە.
- هەناردەكردنی نەوت بۆ بازاڕەكان بە دۆلارە، بەڵام لاوازیی دراوی ڕۆبڵی ڕووسی بەرامبەر بە دۆلار، خاڵی بەهێزی ڕووسیا بۆ سوودمەندبوونی زیاتری لە بەرزبوونەی نرخی نەوت بۆ ئەو ئاستە، بەڵام ڕیاڵی سعودی بەرامبەر بە دۆلار بەرزە.
-  ڕووسیا لە هەناردەكردن بە دۆلار و لاوازیی ڕۆبڵ بەرامبەر بە دۆلار، دەتوانێت كورتهێنانی بوودجەی وڵاتەكەی پڕ بكاتەوە، چونكە سەرباری ئەوەی كە بەرهەمهێنێكی زلهێزە، ئاستی بەكاربردنی وزەی لە ناوخۆدا لە سعودیە زیاترە.
كەواتە هەر ڕێككەوتنێك لە داهاتوودا، بۆ ئاستی بەرهەمهێنان و هاوسەنگكردنی نرخ ئەنجام بدرێت  لە قازانجی ڕووسیایە.