نەخۆشی سەدەفی

2 مانگ پێش ئێستا

د.كۆیار شێركۆ
نەخۆشی سەدەفی یەكێكە لەو نەخۆشییە باوانەی‌ لە ئەنجامی هەوكردن و زیاد دروستبوونەوەی چینەكانی پێست  توشی دەبیت. نەخۆشییەكە  له شێوەی پەڵەی سووردا دەردەكەوێت و قەراغەكانی زیاتر بە ڕەنگی سپی یاخود سیلڤەر دەردەكەون.
 
نزیكەی‌ لە سەدا 2-3ی دانیشتوانی جیهان توشبووی نەخۆشی سەدەفین. لە كوردستانیش یەكێكە لە باوترین نەخۆشییەكانی پێست و ڕۆژانە لە نەخۆشخانە و كلینیكەكانی تایبەت بە نەخۆشییەكانی پێستدا زۆر دەبینرێت.
 
ئەو كەسانەی كە پێستیان كاڵە مەترسییەكی زیاتریان لەسەرە بۆ توشبوون بەم نەخۆشییە بەو پێیەی نەخۆشییەكە لە كەسانی ڕەشت پێستدا زۆر كەم دەبینرێت. و ئەو كەسانەش كە زیاتر توشی ئەم نەخۆشییە ئەبن لە تەمەنیان لە نێوان (16-20) یاخود (55-60) ساڵیدایە.
 
سەدەفی یەكێك لەو نەخۆشیانەیە كە هۆكارەكانی توشبوونی تا ئێستا ڕوون نین و كۆمەڵێك فاكتەر پێكەوە دەبنە پاڵنەری توشبوون. جینات یەكێكە لە پاڵنەرەكانی نەخۆشییەكە بە پشتبەستن بەوەی كە زۆرجار نەخۆشییەكە لە چەند ئەندامێكی هەمان خێزاندا دووبارە دەبێتەوە.
 
هاوكات كۆمەڵێ پاڵنەری تریش هەن بۆ توشبوون بە نەخۆشییەكە، ئەوانیش بریتین لە
-برینداربوون –سووتانی بەر تیشكی خۆر –تووشبوون بە ڤایرۆسی ئێچ ئای ڤی –قەلەقی زۆر كە زۆرجار بە هۆی كار یان لایەنی عاتفییەوە ڕووبەروی كەسێك دەبێتەوە –خواردنەوە و جگەرەكێشان و قەڵەویش هۆكارێكی ترە بۆ زیادكردنی ئەگەری توشبوون بە نەخۆشییەكە
 
هەڵبەت زۆرینەی جار نەخۆشانەكان تەنها بۆ چارەسەری پەڵەكان سەردانی پزیشك دەكەن بێ ئەوەی هیچ نیشانەیەكی تریان هەبێت. بەڵام هەندێك جاریش توشی خوران دەبن لە شوێنی پەڵەكاندا. ئەو شوێنە باوانەی كە پەڵەكان تێیاندا دەردەكەون بریتین لە كەلەسەر، ئەژنۆ و ئەنیشك، بەشی خوارەوەی پشت، نینۆك، برۆ، بنباڵ یاخود ناوك و دەكرێت نەخۆشییەكە لە زیاد لە شوێنێكدا بڵاو بێتەوە.
 
نەخۆشی سەدەفی بە دەگمەن مەترسی لەسەر ژیانی نەخۆش دروست دەكات. بەڵام لە سەدا 5-10ی نەخۆشەكاندا، كەسی توشبوو جومگەكانی توشی هەوكردن دەبن و هێواش هێواش پوكانەوەی جومگەكان ڕوودەدەن.
 
بە شێوەیەكی گشتی چارەسەرییەكانی سەدەفی دابەش دەكرێن بە چارەسەركردن بە مەڵهەم یاخود تیشكی ئەڵتراڤایۆلێت لەو كاتانەی نەخۆشییەكە تەنها پێستی گرتۆتەوە. بەڵام لە حاڵەتی توشبوونی جومگەكاندا چارەسەری تر بەكار دەهێنرێت لە ڕێگەی حەب و دەرزییەوە.