كوردستان لە فرۆشتنی هەر بەرمیلێك نەوت چەند پارەی بۆ دەمێنێتەوە؟

2 مانگ پێش ئێستا

س: بوار نیوز
بەپێی بە دواداچوونەكان و دوایین راپۆرتی كۆمپانیای دیلۆیت بۆ وردبینی و بەرهەمهێنان، لە كۆی هەناردەكردن و داهات و خەرجی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2020، تەنیا 30% داهاتەكەی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان ماوەتەوە.

بەپێی راپۆرتەكەی دیلۆیت كە بۆ مانگەكانی نیسان و ئایار و حوزەیرانی 2020 بڵاویكردووەتەوە، داهات و خەرجی پرۆسەی نەوت بە رێژەی سەدی بەمشێوەیە بووە:
- كرێی بۆڕی نەوتی كوردستان و توركیا %13
- قەرزی توركیا و كۆمپانیاكانی كڕیاری نەوت %16
- قەرزی كۆمپانیا ناوخۆییەكان (كارەبا و پاڵاوگەكان) %9
- حەقدەست و شایستە دارایییەكانی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت %30
- خەرجی گۆڕینەوەی دۆلار بە دینار 2%.
- پوختەی داهاتی ماوە بۆ مووچە ‌و خەرجی حكومەت 30%.
ئەحمەد حاجی‌ رەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی‌ لە پەرلەمانی عێراق بە بواری رایگەیاند: هەرێم لە فرۆشتنی بەرمیلێك نەوت به ‌رێژەیەكی كەم داهاتی‌ بۆ دەمێنێتەوە، بۆیە هەرێم له ‌پرسی‌ نەوتدا پێشەكییەكی هەڵەی‌ داڕشتووه ‌‌و ئەنجامی‌ هەڵەشی داوە بەدەستەوە”. 
ئەو ئەندامەی لیژنەی‌ دارایی‌ ئەوەشی خستەڕوو، لەو 450 هەزار بەرمیلەی نەوتی‌ رۆژانەی هەرێم دەیفرۆشێت تەواوی‌ پارەكەی‌ نایەتەوە دەست خۆی‌‌ و، كۆمەڵێك ئیلتزامی‌ لەسەرە كە زۆر ئەستەمە بتوانێت وەك عێراق بێت، تەنانەت نرخی‌ ئەو نەوتەی‌ هەرێم دەیفرۆشێت بەراورد به ‌عێراق كەمترە.
روونیشی كردەوە، لە بودجەی ساڵانەی عێراق لە بڕی زیاتر لە 90 تریلۆن دینار لە داهاتەكانی نەوت، 10 بۆ 13 تریلۆن دیناری بۆ پارەی حەقدەستی كۆمپانیا و گواستنەوەی نەوت تەرخانكراوە، بەڵام هەرێمی كوردستان لەو داهاتەی دەستیدەكەوێت زۆربەی بۆ كۆمپانیاكان و كرێی گواستنەوە و قەرز و ئیلتیزامی دیكە دەچێت.
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو، بەگشتی‌ عێراق بۆ هەر بەرمیلێك نەوت 7 دۆلار كەمتر لە نەوتی برێنت دەیفرۆشێت‌، بەڵام هەرێم نرخی‌ نەوتەكەی‌ كەمتر لە 11 دۆلار لە نەوتی‌ برێنت دەفرۆشێت‌ و تاوەكو دەگاتە بەندەری‌ جەیهان تێچووی‌ زیاترە. نەوتی‌ هەرێمی‌ كوردستان زۆربەی قورسە، زۆرتریش ئەوە هەناردەی‌ دەرەوە دەكات، نەوتە سووكەكەی دەدرێت بەكۆمپانیاكان بۆ بواری‌ پاڵاوتن، یان دەدرێت بە حسابی‌ كۆمپانیاكانی‌ نەوت لەجیاتی ‌تێچووی بەرهەمهێنان.

عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە بوار نیوزی راگەیاند: راپۆرتەكەی دیلۆیت پێمان دەڵێت، فرۆشتنی نەوت تێكڕای فرۆشتنی نەوت 26 دۆلار و 33 سەنت بووە بۆ ھەر بەمیلێك، لەو بڕە 7 دۆلار و ٨٠ سەنت وەك پوختەی داھات ماوەتەوە، واتە 29٪‏ و شەش سەنت داهتی ئەو نەوتی فرۆشراوەی حكومەتی ھەرێمە بەمەش .70.4% ی وەك خەرجی رۆشتووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد، لە مانگی ئازاری 2020 بڕیار بوو پێداچوونەوە بە گرێبەستی ئەو كۆمپانیایانە بكرێت، كە مانگانە بە 13 رێگا دەیان ملیۆن دۆلار وەردەگرن بەڵام ئەویش جێبەجێنەكرا.

هاوكات كۆمپانیای سۆمۆ لە راگەیێندراوێكی نوێیدا رایدەگەیەنێت،‌ جگە لەوەی هیچ بڕە نەوتێكی هەرێمی كوردستانیان بەدەست نەگەیشتووە، هەروەها هیچ وردەكارییەكیش لای سۆمۆ نییە بۆ دانانی نرخی نەوتی خاوی هەناردەكراو لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە.
كۆمپانیای سۆمۆ، ئاماژەی بەوەش كردووە، نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی كەركووكی هەناردەكراو لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە بەرزترە لە نرخی فرۆشتنی لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە.
لەبارەی پێداچوونەوەی بەو پارەیەی كە هەرێم بە كۆمپانیا نەوتییەكانی دەدات، جوتیار عادل،  وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: پێداچوونەوە بە پارەی كۆمپانیا نەوتییەكان و قاچاخچێتی لە خاڵە سنوورییەكاندا دەكەین.