نەوت و ئابوری كۆمیۆناڵ
2 مانگ پێش ئێستا
كەمال محەمەد
ئابوری وەك چەمكو مانا یۆنانییەكەی بەواتای دەستورو ڕێسای بەخێون دێت، ئابوری كۆمیۆناڵیش سیستەمێكی دیموكراسیو ژینگەپارێزە كە سەبارەت بەپێداویستییەكانی كۆمەڵگاو ڕێژەی پێداویستیو تایبەتمەندیەكانی بڕیاری ڕاست ئەدات ئابوری كۆمیۆناڵ دۆكتۆرینێك یان داهێنانێك نییە، بەڵكو مۆدێلێكی نوێیە كە ئامانجی ئەوەیە كۆمەڵگاو سیستەمی حكومڕانی بتوانێ درێژە بەبونی خۆی بدات ئابوری كۆمیۆناڵ یەكەیەكی بەهێزی بناغەی نەتەوەی دیموكراسیە چونكە نەتەوەو كۆمەڵگایەكی دیموكراتی لەسەر بنەمای ئابوری كۆمیۆناڵ گەشەی بەرچاو دەستێنێ .
هەرێمی كوردستان دۆخێكدایە كەلەنێو نەبونی پێویستییەكانو بێكاریدا گرمۆڵە بوە مسۆگەرە ئەم گرفتە نە لەمیكانیزمی سروشتو نەپەیوەندیشی بەجوگرافیاو خاكەكەیەوە هەیە، بەڵكو سیاسییە زۆردارەكانە كە لەناوخۆیدایەو دەستیان بەسەر بەهاكانی كۆمەڵگادا گرتوەو وەك گەنەیەكی سیاسی خوێنی كۆمەڵگایان مژیوەو دڵۆپێك لەو خوێنەشیان دەرواردی هەندێ لایەنەكانو نوسەرو ڕۆژنامەنوسەكانی سەربەلایەنی خۆیانداوەو بەمجۆرە كردونیان بەهاوبەشی قەیرانو تاوانەكانیان.
كامە مرۆڤی بیناو خاوەن بیرو ویژدان دەتوانێت نكوڵی لەوە بكات كە سیاسیو بنەماڵە دەستڕۆیشتوەكانی ئەم هەرێمە نەبونەتە توێژێكی هەرە خۆش ژێنێو سەرمایەدار بۆ خۆیانو لەبەرامبەر ئەمەشدا بێكاری وەك هەرەسی بەفر لەزیادبوندایە؟ لێرەدا ڕونە كە چۆن سەرمایەداری ئەم دەسەڵاتەو سیاسییەكانیان وەك تۆڕێكی بەرفراوان لەسەر پشتی كۆمەڵگا ئاوابونو زێدە بەها ئابوریو نەوتو كانزای ئەم هەرێمە تاڵان ئەكەن، ئەو هەرێمەی بەدرێژایی مێژوو چەندین نەتەوەو كۆمەڵگای تێركردو دایكایەتی بۆ كۆمەڵگایەكی نیولۆتیك كرد هێشتا لەژێر حوكمی نێوخۆییدایەو بەسەرمایە دەستكەوتوەكانیان نەیانتوانیوە داهێنەری زۆربەی سێكتەرەكانی پیشەسازیو گەشتوگوزارو كشتوكاڵ بن لەبواری بەرهەمهێنانیدا، بەڵام پێچەوانەوە ئاسا تەنها لەبیری ئەوەدان تۆرێكی ناقۆلای سەرمایە بۆ خۆیان بەدەستبهێنن ئەویش لەڕێگەی بەتاڵانبردنی نەوتەوە .
لەهەرێمی كوردستان نەوت بەدەست دەسەڵاتە ئۆتالیتارییەكەوە هەمو كایە ئابورییەكانی دیكەی بەرهەمهێنانی لەناو بردوە، ئەم دەسەڵاتە كلیپتۆكراتییە بەناوی سەربەخۆیی ئابورییەوە چەندین ساڵە خەریكی فرۆشتنی نەوتی كوردستانە بەشێوەیەكی ناشەفاف كە كەس نازانێ داهاتەكەی چەندە و دەچێتە خەزێنەی دەوڵەتەوە یان حساب بانكی بازرگانە سیاسییەكانەوە لەسەردەمی ئابوری سەربەخۆییەوە نەوت گەورەترن خاڵی نهێنی ئەم حكومەتە بوە بەجۆرێك كابینە یەك لەدوای یەكەكان هەمویان كرێخۆری نەوت بونو پشتیان بەنەوت بەستوەو نەیانویستوە بیكەنە دراوێكی مۆڵكراوی بەهێز تا كێشەی قەیرانەكانی ئابوریو موچەی فەرمانبەرانی پێ چارەسەرو بنەبڕبكەن.
ئێستا كەباس لەسەر ڕێكەوتنی هەرێمو بەغداو مەلەفی ڕادەستی نەوت هاتۆتە پێش گێچی كوردایەتیو نەتەوایەتی هاتۆتە پێش بۆ ئەوەی بیرەكان بۆ ئەوە نەچن كە ئایا بۆ لەفرۆشی نەوتی سەربەخۆوە نەتوانتوانیوە ئابورییەكی كۆمیۆناڵ گەشە پێبدەن كە گرنگترین پێویستی سیستەمو كۆمەڵگایەكی سۆسیۆلۆژیو سیاسیە، ئێستا نەوت بوە بەگرێكوێرەی كێشەكانو ژەهرێكی ڕەش لەجەستەی حكومڕاناندا.