چۆن بیر بكەینەوە؟ (1)

2 مانگ پێش ئێستا

یادگار واژەیی
هەموومان ڕۆژانە باسی پێویستی بیركردنەوە و گەڕانەوە بۆ عەقڵی خۆمان ئەكەین بەڵام بەبێ ئەوەی ئاماژە بەوە بكەین كە ئایا بیركردنەوە چیە؟ یان گەڕانەوە بۆ عەقڵ مانای چیە؟ یان چۆن بیر بكەینەوە؟

هەموومان بیركردنەوەمان كردووە بە شتێكی زۆر زل و قەبە و گەڕانەوە بۆ عەقڵمان كردووە بە شتێكی وونبوو كە وا ئەزانین دۆزینەوەی زەحمەتە، لەكاتێكا ئەم تەسەورە وا نیە و پێچەوانەیە، بیركردنەوە هێندە قەبە و گران نیە كە نەتوانین بیكەین و لەبنەرەتدا بیركردنەوە شتێكی وونبوو نیە و لەدەرەوەی خۆمان بێت، بە پێچەوانەوە بەردەوام لەجیاتی ئەوەی حازر بەدەست بێت حازر بە مێشكە و لە ناو خۆماندایە. 

بیركردنەوە بریتیە لە لێكدانەوە، لە بەراورد كردن، لە تێڕامان، لە ووردبوونەوە، لە پلاندان، لە گەڕانی هزر، لە گەڕانەوە بۆ ناوەوەی خۆت، لە خوێندنەوەی عاقڵانە، بیركردنەوە تەنها بریتی نیە لە ساتێك بێدەنگی لەگەڵ دەوروبەر و گفتوگۆكردن لەگەڵ دەنگی خۆت، ئەكرێ لەگەڵ دەوروبەر لە گفتوگۆشدا بیت بەڵام بیریش بكەیتەوە، بۆ نموونە كاتێك بە هۆشیاری و بە ئاگایی خۆت گفتوگۆ ئەكەیت واتە بیر ئەكەیتەوە ئینجا گفتوگۆ ئەكەیت.

بیركردنەوە نەبەستراوە بە زەمان و مەكانێكی دیاریكراوەوە، دەكرێ لە سەر جێگا و لە ساتە درەنگەكانی شەودا پێش خەوتن تۆ بیر بكەیتەوە، دەكرێ لە بەیانیەكی زوودا لە كاتی ڕۆشتنت بۆ سەر كارەكەت، دەكرێ لە ناو چیمەنێكی پڕ لە سەوزاییدا بیت بیربكەیتەوە، هەروەك دەكرێ لە كاتی دەست بە ئاو گەیاندنیشدا بێت تۆ لە بیركردنەوەدا بیت، بەگشتی كات و شوێن كۆنتڕۆڵت ناكەن هەتا تەنها لە چەند كات و شوێنێكی دیاریكراودا تۆ بیر بكەیتەوە. ئەوەندەی دۆخی دەروونی لە ناوەوەی خۆت لەبار بێت بۆ بیركردنەوە ئەوەندە دۆخی دەرەوەی خۆت گرنگ نیە هەتا ڕێگر بن لە بیركردنەوەت، دوا جار ئەوە عەقڵی خۆتە و تۆ خۆت بیری پێ ئەكەیتەوە.

بیركردنەوە تەنها لە دۆخی بێ هۆشی و بێ ئاگاییدا بوونی نیە، ئەگینا لە هەموو دۆخەكاندا بیر دەكرێتەوە، بیركردنەوە لەو دۆخانەشدا هەیە بەڵام بە ئاڕاستە دروستەكەی نا، تەنها لەو دۆخانەدا بیركردنەوە نامێنێت كە سۆز زاڵە بەسەر دڵ و مێشكدا، وەك كاتی لەدەستدانی ئازیزێكت، یان ساتی هاتنە دنیای كۆرپەیەك، ئەم دووساتە چونكە ساتی دروستبوونی مێشك یان كۆتایی مێشكە لە مرۆڤدا، بۆیە بیركردنەوەش لە ئارادا نیە چونكە لەیەكەمدا وەستاوە و لە دووەمیشدا لە سەرەتای دروست بوون و گەشەدایە.

بیركردنەوە بەشێكی زانینە، لە زانینیشدا تەنها ئەوە ناو مەنێ زانین كە ئەزانیت چی ئەڵێی، ئەوەش بۆ خۆی هەر زانینە كە ئەزانیت چی ناڵێیت، یان ئەوەش بۆ خۆی زانینە كە نازانیت چی بڵێیت!
 
بیركردنەوە پشكی شێری بەر تێگەیشتن ئەكەوێت، تێگەیشتن لە بابەتێك یان لە ڕوداوێك هەلی بیركردنەوەت بۆ ئەڕەخسێنێ و ڕێگای بیركردنەوەت بۆ فراوان ئەكات، سەرنج بدە كاتێ لە شتێ تێ ئەگەیت یەكسەر ئیعازێكی نادیار لە ناوەوەت هۆشداریت ئەدا لە تێگەیشتنت لەو شتە و بە ئاماژەی سەر بۆ خوارەوە یان زەردەخەنەیەك یان ووتنی تێگەیشتم ئەو ئیعازە لە تێگەیشتنت دەر ئەبڕیت.
بیركردنەوە هەتا قوڵ بێت كاریگەرترە، هەتا فراوان بێت گشتگیرترە، هەتا بە ئاسۆیی و بە ستونی بێت، هەمە چەشن و ڕەنگاو ڕەنگترە، بیركردنەوە خوێندنەوەی هەموو دۆخێكە لە سات و كاتی خۆیدا، بیركردنەوە لێكدانەوەی هەموو دژێكە بە ئاڕاستەی ناسینی دژدا نەك بە ئاڕاستەی لێدان لە دژێكی تر، لێكدانەوەی دژ نابێت لێدان بێت لە دژ، بەڵكو بۆ ناسینی جۆرێكی تر بێت لە دژ.

بیركردنەوە ئەوە نیە چاوت هەر شتێكی بینی ئینجا بیری لێ بكەیتەوە، بیركردنەوە ئەوەیە چاوت بتوانێت ئەوە ببینێت كە بیری لێ ئەكەیتەوە، كاتێك چاو ئەوەی بینی كە لە زیهنی خۆتدایە ئەوە مانای ئەوەیە ئەوەی بیری لێ ئەكەیتەوە لەبەر چاوتایە و بە ئاسانی دەیخوێنیتەوە. بە نموونە لە ناو شەمەندەفەرێك یان سەیارەیەك دانیشتوویت و لە جامی سەیارەكەوە دەرەوە ئەبینیت، تۆ ڕاستە چاوت دەرەوە ئەبینێت بەڵام ئەكرێ بیر لەوە نەكەیتەوە كە چاوت ئەیبینێت، بەڵكو ئەوەی بیری لێ ئەكەیتەوە چاوت لە شێوەی فەنتازیایەك بیبینێ و بیركراوەكانت بكات بە وێنایەك و بیهێنێتە بەردەمی چاوت، ئەوكاتە چاوت وەك فیزیك دەرەوە ئەبینێت بەڵام وەك مەعنەوی ئەوە ئەبینێت كە بیری لێ ئەكەیتەوە. ئەمە بینینی بیركردنەوەیە، ئەمە ئەو ساتەیە كە دۆستێكت پێت ئەڵێ منیشت بینی بەڵام سەلامێكت نەكرد! تۆ ڕاستە ئەوت بینیوە بە دوو چاوی سەر بەڵام لە بینینی ڕاستەقینەی ئەوەدا بوویت كە بیرت لێ كردۆتەوە.