كێ لە چارلس داروین دەترسێت؟

2 مانگ پێش ئێستا

یۆڤال نوا حەراری (هۆمۆ دیۆس)
وەرگێڕان: د.كۆیار شێركۆ
بە پێی ئامارێكی ساڵی ٢٠١٢، تەنها لە سەدا ١٥ی ئەمریكییەكان پێیان وایە مرۆڤ (هۆمۆ سەیپیەنس) تەنها لە ڕێی هەڵبژاردنی سروشتییەوە پەرەیان سەندووە بە بێ هیچ دەستتێوەردانێكی ئیلاهی. لە سەدا ٣٦ پێیان وایە كە ڕێی تێدەچێت مرۆڤ لە پرۆسەیەكی درێژخایەنی چەند ملیۆن ساڵەدا و لە فۆرمی سەرەتایی ترەوە هاتبێتە بوون، بەڵام خودا لە پشت ڕێكخستنی سەرجەم وێنەكەوەیە. لە سەدا ٤٦یش پێیان وایە خودا ١٠،٠٠٠ ساڵێك پێش ئێستا مرۆڤی لەم شێوەیەی ئێستایدا درووست كردووە، هاوشێوەی ئەوەی ئینجیل باسی دەكات. بەسەربردنی سێ ساڵ لە زانكۆ هیچ كاریگەرییەكی لەسەر گۆڕینی ئەم ئامارانە نەبووە. ئەنجامی هەمان توێژینەوە لەنێو ئەو كەسانەی خاوەن بڕوانامەی بەكالۆریۆس بوون، ئەوە بوو كە لە سەدا ٤٦یان باوەڕیان بە چیرۆكی درووستكردنی ئینجیلی هەیە و تەنها لە سەدا ١٤یان پێیان وایە كە مرۆڤ بە بێ هیچ دەستوەردانێكی ئیلاهی، پەرەیسەندووە. تەنانەت لە نێو هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دكتۆراشدا، لە سەدا ٢٥ باوەڕیان بە وەڵامەكەی ئینجیل هەیە. هاوكات لە سەدا ٢٩ پێیان وایە هەڵبژاردنی سرووشتی بەتەنها، پەیوەندی بە درووستبوونی سپیشسەكەمانەوە هەیە. 

لەگەڵ ئەوەی قوتابخانەكان بە شێوەیەكی زۆر خراپ مامەڵە لەگەڵ گەیاندن و وتنەوەی وانەكانی ئیڤۆلوشندا دەكەن، هێشتا توندڕەوە دینییەكان دەڵێن كە ئەم وانانە بە هیچ جۆرێك نابێت لە قوتابخانەكاندا بخوێندرێن. لە بری ئەوە، داوا دەكەن منداڵان ناچار بكرێن بە خوێندنی تیۆری دروستكردنی زیرەك، كە ئەوە دەخاتە ڕوو سەرجەم زیندەوەران لەلایەن درووستكەرێكی زیرەك و بەرزترەوە درووست كراون (واتا خودا). یان دەڵێن، با هەردوو شێوازەكە بخوێنن و لە كۆتاییدا خۆیان بڕیار بدەن.

بۆچی تیۆریی ئیڤۆلوشن (پەرەسەندن)، ڕووبەڕووی ئەم هەموو ڕەتكردنەوەیە دەبێتەوە، لە كاتێكدا هیچ كەسێك گرنگی بە خوێندن یان كە نەخوێندنی تیۆریی ڕێژەیی و میكانیكی كوانتەمی نادات؟ چۆنە سیاسییەكان دەستپێشخەری ئەوە ناكەن لە بری ئەم تیۆرییانە، منداڵان‌ بابەتی تر بخوێنن سەبارەت بە مادە، وزە، بۆشایی و كات؟ لە ڕاستیدا، بیرۆكەكانی داروین بە بەراورد با تیۆرییەكانی ئاینشتاین و وێرنەر هاینزبێرگ، مەترسییان كەمترە. تیۆری ئیڤۆلوشن، مانەوەی باشترین بە بنەما دەگرێت، كە ئێجگار ڕوون و سادەیە. لە بەرامبەردا، تیۆریی ڕێژەیی و میكانیكی كوانتەمی، باس لەوە دەكەن كە دەكرێت كات و بۆشایی بچەمێنرێتەوە و دەشكرێت شتێك لە هیچەوە بێتە بوون. ئەمەیان تا ڕادەیەك لە تێگەشتنی باومان دەدات. هاوكات كەسیش ناڵێت با منداڵە داماوەكانمان لەم بیرۆكە ڕسوایانە بپارێزین. بۆچی؟


تیۆریی ڕێژەیی هیچ كەسێك توڕە ناكات، چونكە پێچەوانەی هیچ كام لە باوەڕە پیرۆزەكانمان نییە. زۆرینەی خەڵك گوێ نادەنە ئەوەی ئایا كات و بۆشایی ڕێژەیین یان ڕەهان. گەر پێت وایە دەتوانیت كات و بۆشایی بچەمێنیتەوە، بۆ نا، فەرموو. با بیبینم چۆنیان دەچەمێنیتەوە. من بۆ هەر گوێی بدەمێ؟ لە بەرامبەردا، داروین ڕۆحمانی لێسەندینەوە. گەر بە تەواوی لە ئیڤۆلوشن تێبگەین، دەزانین كە ڕۆح بوونی نییە. ئەمەش بۆچوونێكی ترسناكە، نەك تەنها بۆ ئەو موسڵمان  و مەسیحییانەی باوەڕیان پێی هەیە، بەڵكو بۆ ئەو مرۆڤە سێكیولارانەش كە هەڵگری هیچ دۆگمایەكی دینی نین، بەڵام دەیانەوێت باوەڕ بەوە بكەن كە هەر مرۆڤێك خاوەنی توخمێكی ئەبەدییە كە بە نەگۆڕی دەمێنێتەوە و لە كاریگەری مەرگ دەربازی دەبێت. 

مانای وردی وشەی 'تاك' شتێكە كە ناتوانرێت پەرت بكرێت. دەستەواژەی 'من تاكێكم' مانای ئەوەیە كە خودی من، بوونێكی دابەشنەكراوم نەك چەند پارچەیەكی جودا كە یەكیان گرتبێت. ئەم بوونە پەرتنەبووەش، لە ساتێكەوە دەچێتە ساتێكی تر، بە بێ ئەوەی هیچ شتێكی بۆ زیاد بێت، یان هیچ شتیك لە دەست بدات. جەستەم و عەقڵم بە پرۆسەیەكی بەردەوامی گۆڕاندا تێدەپەڕن. دەمارەكانم سیگناڵ دەنێرن، هۆرمۆنەكان دەڕژێن و ماسولكەكانیشم گرژ دەبن. كەسایەتیم، ویستەكانم و پەیوەندییەكانم هەرگیز وەك خۆیان نامێننەوە و دەكرێت لە چەند ساڵێك یان چەند دەیەیەكدا، بە تەواوی بگۆڕێن. بەڵام لە بنچینەدا، لە ساتی لە دایكبوونەوە تا مردن، من هەمان كەسم. ئومێدەوارانە، پاش مردنیش هەمان كەس هەر دەمێنێت. 

بەڵام بەداخەوە، تیۆریی ئیڤولوشن ئەو بیرۆكەیە ڕەتدەكاتەوە كە خودی ڕاستەقینە، توخمێكی دابەشنەبووی نەگۆڕاوی ئەبەدی بێت. بە پێی تیۆرییەكە، سەرجەم بوونە بایۆلۆجییەكان، لە فیلێكەوە تا دار بەڕوویەك، لە خانەیەكەوە تا مۆلیكیوڵی دی ئێن ئەیەك، بێ بوونی هیچ ئامانجێك، یەكدەگرن و جیادەبنەوە. خانە و فیلیش، لەئەنجامی پێكەوە نووسان و جیابوونەوەی نوێوە، وردە وردە پەرەیان سەندووە. شتێك كە توانای دابەشبوون و گۆڕانی نەبێت، بە پێی یاسای هەڵبژاردنی سرووشتی، ناتوانێت بێتە بوون یان بوونی هەبێت. 

چاوی مرۆڤ بە نموونە، سیستمێكی ئێجگار ئاڵۆزە، كە لە چەندین بەشی بچووكتری وەك كۆرنیا، لێنس و ڕێتینا پێكهاتووە. چاو لە ناكاو و لە هیچەوە بەم پارچە ئامادەكراوانەوە نەهاتووەتە بوون. بەڵكو، بە هەنگاوی هێواش هێواش، بە درێژایی ملیۆنان ساڵ، بووە بەم چاوە. چاوی ئێمەی مرۆڤ زۆر لە چاوی هۆمۆ ئێرێكتەس'ەكان دەچێت، كە ١ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر ژیاون. هاوكات كەمتر لە چاوی ئوسترالۆپیسیكەس'ەكان دەچێت كە پێنج ملیۆن ساڵ بەر لە ئێستا ژیاون و زۆر جیاوازە لە چاوی درایۆلێستیس'ەكان كە ١٥٠ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر ژیاون. واش دەردەكەوێت كە هیچ لێكچوونێكی لەگەڵ ئەو بوونەوەرە یەك خانەییەدا نەبێت كە سەدان ملیۆن ساڵ پێش ئێستا لەسەر هەسارەكەمان ژیاون. 

هەرچەندە بوونەوەرە یەك خانەییەكانیش چەند ئۆرگانێلێكیان هەبووە تا یارمەتییان بدات تاریكی و ڕووناكی لێك جیا بكەنەوە. بەڵام ئەو ڕێگایەی لە كۆمەڵێك هەستەوەری بچووكەوە گەیشتووەتە چاوی مرۆڤ، ئێجگار درێژ و ئاڵۆزە، هەرچەندە گەر سەدان ملیۆن ساڵت لە بەردەمدا بێت، دەتوانیت هەنگاو بە هەنگاو، تەواوی ڕێگاكە ببڕیت. گەر چاو بوونێكی یەك پارچە بووایە و لە چەند بەشێك پێك نەهاتبا، هەرگیز نەدەكرا لە ڕێی هەڵبژاردنی سرووشتییەوە پەرەبسێنێت.

لەبەر ئەمەیە كە ئیڤۆلوشن ناتوانێت بیرۆكەی بوونی ڕۆح قبوڵ بكات. بەتایبەت گەر كاتێك دەڵێین‌ 'ڕۆح'، مەبەستمان توخمێكی دابەشنەكراوی نەگۆڕی ئەبەدی بێت. بوونێكی لەو جۆرە هەرگیز ناكرێت دەرئەنجامی ئیڤۆلوشنێكی قۆناغ بە قۆناغ بێت. هەڵبژاردنی سرووشتی دەتوانێت چاو درووست بكات، چونكە چاو لە بەشی جیا جیا پێك هاتووە. بەڵام ڕۆح بەش بەش نییە. گەر ڕۆحی ئێمە (هۆمۆ سەیپەینس) لە ڕۆحی هۆمۆ ئیرێكتەس'ەوە پەرەی سەندووە، بەشەكانی كامانەن؟ ئایا هیچ بەشێكی ڕۆح هەیە لە ئێمەدا كە پێشكەوتووتر بێت لە ڕۆحی ئێرێكتەس'ەكان؟ نەخێر، چونكە ڕۆح بەش بەش نییە.

ڕەنگە بڵێیت ڕۆح پەرەینەسەندووە و بە پرۆسەی پەرەسەندندا تێنەپەڕیوە، بەڵكو لە ڕۆژێكی گەشاوەدا، بە تەواوی شكۆی خۆیەوە دەركەوتووە. بەڵام ئەو ڕۆژە گەشاوەیە بە وردی دەكەوێتە كەیەوە؟ كاتێك بە وردی تەماشای پەرەسەندنی مرۆڤ و لێكچووەكانی دەكەین، دۆزینەوەی ئەو ڕۆژە، شەرمەزاركەرانە قورسە. هەموو مرۆڤێك كە دێتە بوون، لە ئەنجامی پیتاندنی هێلكەی مێیەكەوەیە لەلایەن سپێرمی نێرێكەوە. با بیر لە یەكەم منداڵ بكەینەوە كە خاوەنی ڕۆح بووە. ئەو منداڵە زۆر لە دایك و باوكی چووە، تەنها لەوەدا نەبێت كە ئەو ڕۆحی هەبووە و دایك و باوكی نەیانبووە. زانیارییە بایۆلۆجییەكانمان دەتوانن بە وردی ئەوە شیبكەنەوە كە كۆرنیای چاوی منداڵێك كەمێك چەماوەترە لە كۆرنیای چاوی دایك و باوكی. بازدانێكی بچووك لە جینێكدا دەتوانێت وەڵامی ئەوەمان بداتەوە. بەڵام بایۆلۆجی ناتوانێت ئەوە شی بكاتەوە كە منداڵێك خاوەنی ڕۆحە و لە دایك و باوكێك بووە كە ڕۆحیان نەبووە. ئایا بازدانێك یا چەند بازدانێك پێكەوە، بەسن بۆ ئەوەی ئاژەڵێك ببێتە خاوەنی توخمێك كە پارێزراو بێت دژی هەموو گۆڕانێك، بە مردنیشەوە؟

لەبەر ئەمەیە كە بوونی ڕۆح لەگەڵ تیۆریی ئیڤۆلوشندا یەك ناگرێتەوە. ئیڤۆلوشن واتا گۆڕان. واتا توانای ئەوەی نییە توخمی ئەبەدی نەگۆڕ بێنێتە بوون. لە ڕوانگەی ئیڤۆلوشنەوە، نزیكترین شتێك لە جەوهەری بوونی مرۆڤەوە، دی ئێن ئەیە. ئەمیش ئامێری بازدان و گۆڕانە نەك كورسی ئەبەدییەت. ئەم بابەتە ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی دەترسێنێت، ئەوانەی كە ئیڤۆلوشن ڕەت دەكەنەوە و نایانەوێت دەستبەرداری ڕۆحیان ببن.