قازی ڕەش ٢٠١٠

2 مانگ پێش ئێستا

نوسینی: چرۆ عیزەت

س: سینەما تیولیپ
فیلمی قازی ڕەش ، فیلمێكی درامی هەستبزوێنە كە لە لایەن دارین ئارنۆفسكی ییەوە كاری دەرهێنانی بۆ كراوە و براوی چەندین خەڵاتی جیاجیایە.

فیلمەكە باس لە ویست و هەوڵەكانی مرۆڤ دەكات بۆ ئەوەی ببێت بە كەسێكی پێرفێكت و تەواو، باس لە ترس و بابەتی متمانە بەخۆبوون و شەڕی مرۆڤ لەگەڵ ناخی خۆیدا دەكات بۆ گەیشتن بەوەی دەیەوێت.

نینا لە یەكێك كۆمپانیاكانی نیویۆركدا سەماكەرە، ژیانی تەرخان كردووە بۆ سەمای بالێ و لەگەڵ دایكیدا ژیان بەسەردەبات، دایكی نینا لە پێشووتردا سەماكەر بوو، هەربۆیە هەمان پیشەی بۆ كچەكەشی هەڵبژارد، ئەمەش وایكردووە نینا هەمیشە ترسی لە سەركەوتن و پێرفێكتبوونی خۆی هەبێت. پاش ئەوەی سەماكەری سەرەكی سەمای بالێی كاستەكە دەستبەرداری پیشەكەی دەبێت؛ كۆمپانیاكە بە كاتێكی سەختدا تێدەپەڕێت و سەرەڕای ئەوەی نینا سەماكەرێكی باشی قازی سپییە؛ بەڵام بۆ سەمای قازی ڕەش هەڵدەبژێردرێت، هەربۆیە نینا دووچاری شەڕێكی قورسی دەروونی دەبێت و ئەم ئەركە قورسە هێندەی تر ترس و متمانە بەخۆنەبوونی تێدا دەچێنێت.

لە پاڵ بەرجەستەكردنی سەماكاندا میوزیكی قازی ڕەش ی چایكۆڤسكی بەكارهاتووە و كەشی فیلمەكەی بەتەواوی گۆڕیووە، دەتوانین بڵێین ناخی مرۆڤ دوو دیوە، دیوێكی سپی پاك و بێگەرد و دیوێكی ڕەش و تاریك، لێرەدا دارین ئارنۆفسكی هەردوو سەماكەی وەكو سیمبولێك بۆ ئەم دیوە بەكارهێناوە، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی مرۆڤ كاتێك هەردوو دیوەكە دەناسێت و دەزانێت چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا بكات ئەوا كەسێكی تەواو و كامڵە، هەروەك چۆن نینا خۆی سەمای قازی سپی دەكات و دواتریش بە سەمای ڕەش دەگاتە كامڵبوون.

نینا ڕووبەڕووی چەندین ترس و باری دەروونی ناخۆش و كێبڕكێ دەبێتەوە، هەتاكو لە كۆتاییدا بەسەر ترسەكانیدا زاڵ دەبێت و سەماكارانی دیكە دەبڕێت و پێرفێكت دەبێت.

ترس یەكێكە لەو هۆكارانەی دەكرێت ژیانی مرۆڤ هەڵگێرێتەوە و بەئاڕاستەیەكی دیكەدا بیبات، بەڵام ئەوەی لەبەردەم سەركەوتنەكانت دەوەستێت بەتەنها خۆتی و دەبێت بەسەریدا زاڵ بیت هەتاكو بگەیت بە پێرفێكتبوون، هەرئەمەشە نینا بەرەو سەركەوتن دەبات.