ئیمپراتۆرەكەی چین

2 مانگ پێش ئێستا

ن/ ماركۆ دینێڤ
لەعەرەبیەوە/ هێمن مەحمود 
كاتێك (وۆ تی) ئیمپراتۆر لەناو جێگە گەورەكەیداو لەقوڵایی ناوەوەی كۆشكی ئیمپراتۆریدا مرد، كەس هەستی بە مردنەكەی نەكرد. هەموان سەرقاڵی جێبەجێكردنی بڕیارو فەرمانەكانی بوون.

تاكە كەسێك كە بە مردنەكەی دەزانی (وانگ مانگ)ی سەرۆكوەزیران بوو. ئەم سەرۆكوەزیرانە ئەوەندە چاویبڕیبووە تەختی پاشایەتی، لاشەی ئیمپراتۆری شاردەوەو هیچی دەربارەی مردنەكەی نەوت.

دوای تێپەڕینی ساڵێك، ئیمپراتۆرییەتەكە بووژانەوەیەكی باوەڕپێنەكراوی بەخۆیەوە بینی. (وانگ مانگ) ئێسكەپەیكەری ئیمپراتۆری كۆچكردوی پیشانی گەل دا و وتی: " دەبینن..؟ ساڵێكە ئەم مردووە لەسەر تەختی پاشایەتییە. ئەی لەڕاستیدا كێ دەسەڵاتی بەڕێوەدەبرد..؟ ئەوە من بووم. من شایانی ئەوەم بكرێم بەئیمپراتۆر".

هەربۆیە گەل (وانگ مانگ)یان خستە سەر تەختی پاشایەتی و ئەویش بەوە دڵخۆشبوو، دواتر كوشتیشیان، بۆ ئەوەی وەك ئیمپراتۆرەكەی پێشوتر نمونەیی بێت و بووژانەوەكە لەئیمپراتۆریەتەكەدا بەردەوام بێت.