كۆمەڵگایەك لەناو دارستان: ئەوانەی چاوەڕوانی خوایان نەكرد ڕزگاریان بكات

11/02/2021

چەند تێبینییەك دەربارەی فیلمی "بەرەنگاریی"  (Defiance)
پێشڕەو محەمەد
فیلمی بەرەنگاریی لە دەرهێنانی ئێدوارد تسڤیك، تاقانە فیلمێك نییە باسی فراوانخوازیی و جەنگی ڕەگەزیی و وێرانكاریی نازییەكان و قڕكردنی جولەكە بكات. بەڵام ئەوەی فیلمەكە، لەو هەزاران فیلمانەی دیكە جیادەكاتەوە، تەركیزكردنە سەر هێرش و داگیركاریی نازییەكانە بۆسەر بێلاروس وەك بەشێك لە پلانی باربارۆسا (هێرش بۆسەر سۆڤێت). ئامانجی نازییەكان داگیركردنی خاكی فراوانی ڕووسیا بوو بۆ كردنەوەی گەورەترین كەمپی كاری زۆرەملێ و نیشتەجێكردنی هەموو جولەكەكانی ئەوروپا لەوێ و پاككردنەوەیان و بەئەڵمانییكردن/ئاریانیزەكردنی سەرتاپای خاكی ئەوروپا. 
چوار برای جولەكە، كە توانیویانە لە گرتن و ڕاوەدوونانی نازییەكان ڕزگاریان بێت، بڕیار دەدەن گروپێكی بەرەنگاریی پارتیزان پێكبهێنن: توڤیا، زوس، ئاسایل، و ئارۆن بیلسكی، لە گوندەكەیان ڕایانكردووە، بەڵام كەسوكارەكەیان بە تەڵەی نازییەكانەوە بووە و قڕكراون. دواتر یەك بەدوای یەك نزیك و خزمانی دیكەیان دەكوژرێن. لەڕاستیدا، فیلمەكە خەیاڵی مێژوویی نییە، بەڵكو لەسەر بنەمای چیرۆكی ڕاستەقینەی گروپی بەرەنگاریی بیلسكی دروستكراوە، برایانی بیلسكی سەر بە كۆمەڵەیەكی جووتیاریی بوون لە بێلاروس و گەورەترین یەكەی پارتیزانیی جولەكە بوون لە ئەوروپای خۆرهەڵات. لەسەرووی ٢٠ هەزار جولەكە لەو یەكە پارتیزاییە دژی بەربەریزمی نازیی خەباتیان كردووە. 
لەناكاو ڕۆشنبیرێك لەناو گروپەكەدا ئایدیای دروستكردنی كۆمیونیتی بەگوێی توڤیادا دەچرپێنێت، توڤیاش بڕیاردەدات چەندە بۆی دەكرێت جولەكەكان ڕزگار بكات، بە منداڵان و نەخۆشانەوە، بەبێ جیاوازیی. لە گیتۆكەدا لەگەڵ حاخامێكدا دەبێتە مشتومڕی كە ناچالاكانە بانگەواز بۆ «لە چاوەڕوانیی خوادا» دەكات. بەڵام دانیشتوانی گیتۆكە بڕیاردەدەن بچنە پاڵ پارتیزانانەوە، ئەستێرە زەردەكانیان لە جلوبەرگەكانیان دەكەنەوە و بەدزییەوە خۆیان دەگەیەننە دارستانەكە. پیرەپیاوێك توانای خۆی لە چاككردنەوەی چەكەكان پیشان دەدات. پەروەردەی منداڵان بەردەوامە – خۆ ئەگەر نەتوانین جەستە ببوژێنینەوە، دەتوانین خۆراك بە مێشك و دەروونمان بدەین. 
وەك هەر گروپێكی دیكەی پارتیزانیی، نەزم ئیشی خۆی دەكات: هەموان وەك یەك كار دەكەن، ژنان خۆیان فێری جەنگ دەكەن، هاوشانی پیاوان، بۆ كەمكردنەوەی باری قورسی كۆمەڵەكەش، منداڵبوون، قەدەغە دەكرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، لایكا، خۆشەویستیی داهاتووی توڤیا، فەرماندەكە ڕازیدەكات بەناوی هیوای داهاتووە فەرمانێك ژێرپێ بخات: كچێكی لاو لەلایەن ئەفسەرێكی نازییەوە پەلاماری سێكسیی دەدرێت و دووگیان دەبێت و بە سەلامەتی منداڵەكەی دەبێت. هیوا دەدرەوشێتەوە. 
لەناكاو بەریەككەوتن لەگەڵ هێزەكانی سۆڤێت، گروپی پارتیزانەكان بەسەر دوو براكەدا دابەش دەكات: توڤیا و زوس. زوس پێیوایە شكستی میلیتارییانەی ئەڵمانەكان زۆر گرنگترە لەتەنها مانەوە و دەربازبوون. زوس ڕەخنەییانە ناو لە كردەوەی براكەی، توڤیا دەنێت: «سیاسەتی دیپلۆماسیی» و پاشان پەیوەندیی بە یەكەی سۆڤێتەوە دەكات. كۆمۆنیستەكان لە دونیا واناسرابوون تاكە هاوپەیمانی جولەكەن، هیتلەر دەیگوت فەڕقی كۆمۆنیزم و جولەكە نییە، بەڵام دەبینین لەناو سوپای سۆڤێتیشدا دژەجولەكایەتیی هەر هەیە: «جولەكەكان ناجەنگن»، فەرماندەیەكی سوپا وا دەڵێت. زوس تەحەدای دەكات و ڕووبەڕووی دەبێتەوە، هەست بە دژەجولەكایەتیی ناو میلیشیاكەی سۆڤێت دەكات. برای فەرماندەكەی سوپای سۆڤێت ڕوو بە زوس: «باندی دزیی جولەكە» و لە شوێنێكدا فەرماندەی سوپای سۆڤێت داوا لە براكەی دەكات داوای لێبوردن بكات و ئەویش: «ببوورە جولەكەی هاوڕێ!». 
دروشمەكەی توڤیا «تۆڵەكردنەوەمان بۆ ژیانە»، دەبێتە هۆی بەرگریكردن لە كەمپەكە. نەخۆشیی، برسێتیی، بێ نەزمیی، كەمپەكە دەگرێتەوە. دوای دابڕان و شەڕی زۆر، برایانی بیلسكی لە كۆتاییدا بەیەك شاد دەبنەوە. 
حیكایەتیی پارتیزانەكانی بیلسكی، حیكایەتیی ئازایەتیی، مرۆڤایەتیی، حیكایەتیی جەنگ و مانەوەیە. حیكایەتی شكستی میلیتاریی، بێ ئەزموونیی و فێربوونە. حیكایەتیی جولەكە، وەك گەورەترین تاوان بە ناوچاوانی مرۆڤایەتییەوە، بەڵام فیلمەكەی تسڤیك بەڕادەیەكی تێپەڕاندنی كلیشەیەكە «ئایكۆنۆگرافیی گشتیی هۆلۆكۆست» كە پێیوایە بەگشتیی «بووە بە ئایكۆنۆگرافییەكی بەقوربانییی پیشاندان». جیاوازییەك هەیە لەنێوان ناچالاكیی و بێدەسەڵاتییدا، لە نێوان هیچ نەكردن و بێدەسەڵاتیی لە هیچ كردندندا. پارتیزانەكانی بیلسكی بژاردەی دووەم دەگرن: بێدەسەڵاتیی لە هیچكردندا. شتێك دەكەن، بێ دەسەڵاتن، دەسەڵات پەیدا دەكەن، فێری ئازایەتیی دەبن، خەڵكیش ڕزگار دەكەن. 
جوڵەی كامێرا، خێرایی، گرتە دوور و نزیكەكان، خێرایی لە گۆڕینی دیمەنەكان، هاتن و چوونی كامێرا و گۆڕینی شوێن لە توڤیاوە بۆ زوس و بەپێچەوانەوە، هەستی بەردەوامبوون لە بینەردا دروستدەكەن، جۆش و خرۆشێك، سەرتاپای فیلمەكە دەگرێتەوە. بەڵام فیلمەكە پڕیەتی لە كڵێشەسازیی هۆلیوودیی، لە نزیكەوە سەیركردن، بینەر بێزار دەكات. دیالۆگی بێزاركەر. بەڵام دروستكردنی هەستی قوڵ لە بینەردا بەرانبەر بە بیلسكی، ئەو توانایە لە بینەر دەستێنێتەوە، ڕەخنەییانە سەیری بەرهەمەكە بكات، دیالۆگەكان بە وردیی هەڵبسەنگێنێت، كە دەمەوێت پەنجەیان بۆ ڕاكێشم. 
كێشەیەكی دیكە، نیشاندانی سەربازانی سۆڤێتییە، كە گوماناوییە. بیرۆكراتییەتی ستالینیستیی دژە-جولەكایەتیی كردبوو بە بەشێك لە ئەكتی ناسیۆنالیستیی و هەڵمەتی خۆی دژی ترۆتسكی و ئۆپۆزیسیۆنی چەپ، لەوانەیە مانەوەی دژە-جولەكایەتیی لە ناو سوپای سۆڤێتدا، شتێكی حەتمیی بێت. بەڵام، پیشاندانی یەكەی سەرڤازیی سۆڤێت وەك ڕەوەئاژەڵێكی دژەجولەكەی سەرخۆشی دژەمرۆڤ، هەڵوێستی پێشبڕیارانەی دژەكۆمۆنیستیی فیلمساز دەردەخات تا حەقیقەتی مێژوویی. لە هیچ دۆكۆمێنتێكی مێژووییدا باس لە بێ نەزمیی و مەستیی و سەرخۆشیی سوپای سۆڤێتیی و بێ موبالاتی نەكراوە. ڕقی شاراوەی فیلمساز، كە سەرەڕای ئەوەی ناتوانێت خۆی لەو ڕاستییە بدزێتەوە، كە تەنها یارمەتیی و پەنادانی جولەكەكان لە ئەوروپای خۆرهەڵاتیی سۆڤێت بووە، بەڵام بە دێوكردنی سوپاكەی، ڕقی ناخودئاگا و نەستی سیاسیی فیلمساز دەردەخات. هێرشی نازییەت بۆسەر سۆڤێت، قوربانیكردنی زیاتر لە دە ملیۆن هاووڵاتیی و سەربازی سۆڤێتیی بوو، فیلمەكە هەروا بە سانایی فەرامۆشی دەكات. سەرەڕای هەموو ئەمانە، سوپای سۆڤێت هیچ ئامادەكارییەكی نەبوو بەرانبەر بە هێرشی لەناكاوی نازییەكان، بەڵام شكستی نازیزم لە سۆڤێت، شكستی یەكجارەكیی مێژووی نازیزم بوو، فیلمەكە بازی پڵینگ بەسەر ئەم ڕووداوەشدا دەدات. 
دەرهێنەر دیسان لە چیرۆكی سەركەوتوانەی پارتیزانەكانی بیلسكی كلیشەیەكی كۆن دووبارە دەكاتەوە، بەگشتیی كلیشەیەكی ناسیۆنالیستیی و دژەجولەكە: دارستان. بێگومان ڕەهەندی جوگرافیی ڕۆڵێكی یەكلاكەرەوەی لە سەركەوتنی پارتیزانەكاندا هەبوو، بەڵام دەرهێنەر بەسانایی ڕەهەندی سیاسیی و مێژوویی لەبیر دەكات. نازییەكان پێیانوابوو جولەكە تێكدەری دارستان و سروشتە و شارسازە، سیاسییە و لە هونەر و ئێستاتیكا تێناگات، وەڵامەكە ئەمە: بەهێزیی سیاسیی و ڕەهەندی كرێكاریی پارتیزانانی بیلسكی، پێشمەرجی یەكەم بوو لە سەركەوتنی پارتیزانەكاندا. ئەگەرنا لە زۆربەی گروپە پارتیزانییەكانی دیكەی ئەو سەردەمە، كە دارستانی فراوانتریشیان بەكارهێناوە، بەڵام بە ئەندازەی بیلسكی سەركەوتوو نەبوون. تەنانەت ڕەهەندی كۆمەڵایەتیی، هەموان وەك یەك كاردەكەن، یەكسانن لە دابەشكردن و مافدا، لەوپەڕی هەڕەشەی لەناوچووندا، ئایدیایەكی بەلشەڤیی باڵادەستی ناو پارتیزانەكانی بیلسكی بوو. لە لایەكی دیكەوە، دەرهێنەر وەك هەر كلیشەسازێكی دیكە، تەركیز دەكاتە سەر یەك پاڵەوان، هەبوونی پاڵەوان ئایدیای ئەبستراكت و مەحبوبی تێگەیشتنی لیبراڵییە بۆ مێژوو، بە سانایی خەباتی ئازایانەی ئەوانیدیكە فەرامۆش دەكات، یان دەیخاتە ژێر زوومی دوور، گرتەی دووری كامێراوە. 
سەرەڕای هەموو عەیب و لاوازییەكان، فیلمەكە، شاكارێكی گەورەی سەدەی بیست و یەكە. پەیوەندیی ئێستا و ڕابردوو دروستدەكات و یارمەتیمان دەدات، یادەوەرییمان زیندوو ڕابگرین، ڕادیكاڵیزەی بكەین و دواجار بینەر دەكاتە هاوسۆز و هاوپەیمانی قوربانیان، نەك براوە و داگیركەران.