چۆن بیربكەینەوە؟ (2)

2 مانگ پێش ئێستا

بەشی دووەم و كۆتایی

یادگار واژەیی
مرۆڤ پێش ئەوەی لە ڕێگەی زمان و كردەوەیەوە بێتە دەرەوە و خۆی بە دەرەوەی خۆی ئاشنا بكات، پێویستە دەرگای بیر و مێشكی بكاتەوە و لەوێوە یەكەمجار بێتە دەرەوە. دەرگای بیركردنەوە گرنگترین دەروازەی بیركردنەوەیە كە، لەوێوە بە ئاسانی ڕێگەكانی تریشی پێ دەكرێنەوە، هەر قسە و كردارێك كە لە دەرگای بیركردنەوەوە چووە دەرەوە، ئەوا ئەو قسەیە شوێنی خۆی دەگرێ و جێی بیری بەرامبەر و چواردەور بۆ خۆی دەگرێ. كورد جوانی ووتووە (قسە لە دڵەوە دەرچێ دەچێتە ناو دڵ) لێرەدا مەبەستی لە دڵ، ڕازیبوون و متمانە بوونی مێشكی خۆتە بەوەی كە دەیڵێی ئەگەر دروست بێ و گونجاو بێت، ئەوا دڵنیابە هەتا ناو دڵی بەرامبەر ناوەستێ و زوو شوێنی خۆی دەگرێت، لەبەر ئەوەی لە دەرگای بیركردنەوەوە ئەو قسەیە دەرچووە بۆیە هەتا نەگاتە بیری بەرامبەریش ناوەستێت.

بیركردنەوە لە دەمی ڕابردوو، بریتیە لە فەرزكردنی هەموو گریمانەكان لە دۆخ و شوێنی خۆیدا، ئەمەش بەوە دەبێت كە عەقڵ و خەیاڵت بخەیتە ئەو دۆخەی كە بیری لێ ئەكەیتەوە، مەرج نیە تۆ بە جەستە بگەڕێیتەوە بۆ ئەو دۆخ و زەمانە، بەڵام مەرجە تۆ بە بیرێكی كراوەوە بچیتە ئەو دۆخە و لێكدانەوە و گریمانەكان بە بیرە داخراوەكەی پێشووت نەبێت! چونكە بیرە كراوەكە بە زمانی حاڵ پێت ئەڵێ كە ئەو ڕابردووە چۆن بە هەڵە تێپەڕیوە بەسەرتا و تۆ لەو ساتەدا هەرگیز بیرت نەكردبویەوە ئەگینا ئەمەی ئێستا ڕوویداوە ڕووی نەدەدا، یان ئەگەر بیرت بكردایەتەوە ئەمە دەبوو بەوە و نەدەبوو بەوە. ھەر بۆیە لە كوردەواریدا لەكاتی ئەنجامدانی ھەنگاوێكی ھەڵە یان بڕیارێكی نادروست لە دۆخێكدا كە تێپەڕیوە، زۆر جوانە كە بۆ پەشیمانبوونەوە لەو ھەنگاوە ھەڵەیە ووتراوە : عەقڵم لەو كاتەدا میوان نەبوو! واتە لەو كاتەدا بیرم داخرابوو، نەمكردبویەوە، ئەگینا ئەو ھەنگاوە ھەڵەیە یان ئەو بڕیارە نادروستەم نەدەدا.

كاتێك تۆ بیر دەكەیتەوە واتە پێشتر بیرت یان داخراو بووە، یان كەمتر كراوەتەوە و دەرگاكەی لەسەر پشت نەبووە، بۆیە ئێستا ھەر بە بیری خۆت دەبێ بیكەیتەوە، بۆ ئەوەی بە باشی بیربكەیتەوە، دەبێ مێشكی خۆت بكەیتەوە، لێرەدا پێویستت بە كلیلی تەنھا خۆتە، بەڵێ خۆت و بەس! چونكە جگە لە كلیلی خۆت كلیلی هیچ ئایدۆلۆژیا و فیكرەیەك ناتوانێت بیری تۆ بەتەواوەتی بكاتەوە! كە ئەڵێم كلیلی خۆت، واتە ھەموو ئەو گەڕان و خوێندنەوە و ئاستی مەعریفەت و تێگەیشتنانەت و ھەموو ئەو زانیاریانەی كە ڕۆژانە و بە ئەزموون لە ڕێگەی جیاوازەوە بەدەستی ئەھێنیت. ئەمانە ھەمووی كلیلی كردنەوەی بیری خۆتن. 

ئایدۆلۆژیا بەتەنیا بۆ خۆی دەیەوێت بچێتە ناو دەرگای بیركردنەوەتەوە و خەمی ئەوانیتر ناخوات ھەتا ھەموویان بێ جیاوازی بھێنێتە ناو مێشكتەوە و بیرت بۆیان فراوان بكاتەوە! بۆیە ئەم كلیلەش مێشكی تۆ بەتەواوەتی ناكاتەوە و تەنها بە قەبارەی خۆی بیرت پێ ئەكاتەوە، لێرەشدا بیری تۆ تەسك دەبێتەوە، تەنها ئایدۆلۆژیای پێوە دەچێ، ئایدۆلۆژیاش ڕێت پێ نادات جێی ئەوانیتر بكەیتەوە، چونكە ئایدۆلۆژیا بە قەبارە و حەجمی خۆی دەرگای بیرتی كردۆتەوە، نەك زیاتر! بۆیە كردنەوەی بیریشت دەبێتە بیركردنەوەیەكی ئایدۆلۆژیانە، هەتا بیركردنەوەیەكی گشتگیرانە یان هەمەلایەنانە، لە كاتێكدا قەبارەی بیری تۆ زۆر لە قەبارەی ئایدۆلۆژیاكان گەورەتر و فراوانترە!

ئەمە بۆ هەموو ئەوانی تریش ھەر وایە، حیزب و واعیز و كاهینی سوڵتە و ..ھتد، هەموویان وەك ئایدۆلۆژیا ئەوەندە بیرت پێ ئەكەنەوە كە تەنها خۆیانی پێوە بچن! بگرە هەندێ جار تۆش بەجێدەهێڵن و ناهێڵن تۆشی پێوە بچیت بە دەرگای بیركردنەوە! ئالێرەدا كه تۆ بەتەنیا جێدەهێڵن، تۆش ئەگەر فریای خۆت نەكەویت و خەمی خۆتت نەبێت، كەس فریات ناكەوێت و هیچ فریاد ڕەسێكیش لەو فریادڕەسانەی كە هەر ئایدۆلۆژیا بانگەشەی بۆ ئەكات خەمت ناخۆن! چونكە بیركردنەوە پڕۆسەیەكی تاكەكەسیە و بە كۆ ناكرێت.

بۆیە باش بزانە كلیلی خۆت باشترین دەرەچەی كردنەوەی بیر و هزرتە و دەشتوانی هەر بە تەنیا خۆت بیر لە هەموو ئەوانە بكەیتەوە كە بیرت پێ ئەكەنەوە، چونكە هەر هێزی بیركردنەوە و عەقڵی بیركردنەوەی تاك بووە كە ئەم ھەموو حیزب و ئایدۆلۆژیا و كاهینی سوڵتە و ..ھتد دروست كردووە. كەواتە تۆش چونكە مرۆڤیت، ئەگەر خاوەنی عەقڵێكی ساغ و بیرێكی تەندروست بیت، دڵنیابە ئەو توانای بیركردنەوە و هێزی عەقڵەت بە زیادەوە تێدایە و هەرگیز خۆت بە كەم مەزانە بۆ ساتێك بیركردنەوە، متمانەی خۆت بە توانای خۆت هانی بیركردنەوەت ئەدا و قووڵتر ئەتباتە ناو گۆش و ڕەهەندەكانی بیركردنەوە. 

من كاتێك بەشی یەكەمی ئەم بابەتەم نووسی هیچ گەرەنتیەكم نەبوو بۆ بەشی دووەم و هیچ ووشەیەكیشم بۆ ئەم بەشە ئامادە نەبوو، لەولاشەوە بەڵێنیشم بە خوێنەر دابوو كە بەشی دووەمیش دەنووسم، متمانەیی خۆم بە خۆم بە دوو ڕۆژ بیركردنەوە بەشی دووەمیشی پێ نووسیم. 

خۆ ئێستاش ئەتوانم بەڵێنی چەند بەشێكی تری ئەم بابەتە بدەم و بەردەوام بە بیركردنەوە، بەش بۆ بەش بۆی زیاد بكەم، بەڵام دەمەوێت بەشەكانی تری بۆ تۆی خوێنەر بە جێ بهێڵم و تۆش ووردە ووردە دەست بكەیت بە بیركردنەوە لەوەی كە هەوڵبدەیت دروسترین ڕێگە بەكار بهێنیت بۆ بیركردنەوە.