خەیاڵی شەعبی (Pulp Fiction)

13/02/2021

شادمان محەمەد
- بەر لە هەموو شتێك فیلمی سینەمایی "Pulp Fiction" بە یەكێك لەسەد فیلمە مێژوویەكەی سینەما هەژمار دەكرێت. 
یەكەم؛ ناوی "pulp Fiction"

- سەرەتا لە ناوی فیلمەكەوە دەستپێدەكەین، زۆرجار ناو دوو واتا لە خۆ دەگرێت، یەكیان مانایەكی حەرفیە، واتا وەرگێرانێكی وشەكە بە تەنها، ئەوەی تریان زاراوەیەكی قوڵتر لە خۆ دەگرێت كە زیاتر ئەمیان دەچێتە چوارچێوەی واتا و مانا دروستەكەوە. 
كەواتە "پەڵپ فیكشن" وەك مانای حەرفی، واتا  "كرۆكی خەیاڵ"، ئەمەش دیسان دەكرێت واتای تر بدات بە دەستەوە ئیتر خۆتان ئازادن چ لەوەی چ مانایەكی بۆ دادەنێن. بەڵام لە ڕووی ناوەرۆكەوە بە واتای خەیاڵی شەعبی دێت، خەیاڵی خەڵك بە گشتی، لەگەل ئەوەی بە پێی زۆرێك لە ڕاكان ناوی فیلمەكە لە گۆڤارێكی"شەعبی ئەمریكی"یەوە وەرگیراوە كە لە ناو خەڵكی ئەمریكیدا زۆر باوەو خوێنەری زۆرە و گۆڤارێكی ئاسانبەدەست و هەرزان بەهایە لە ناو خەڵكیدا. 
هەربۆیر گەر سەرنج بدەن لە دوو شوێندا بەرگی گۆڤارەكە نیشان دراوە، یەكەم جارێك بەدەستی خانمە ئەكتەر "ئوما سرۆمان" و جارێكیش بە دەستی ئەكتەری سینەمایی "جۆنتڕاڵا ڤۆڵتا"ەوە.

دووەم؛ چیرۆك (Story)
- وەك زۆربەی جارەكان، تارانتینۆ خۆی نوسەری چیرۆك و سیناریۆكانە، چونكە خۆی دەتوانێت خەیاڵەكانی خۆی دوبارە ئاوێزان بكاتەوە بە پرۆسەی دەرهێنانەوە. 
جا چیرۆكی ئەم فیلمە لە سێ بەشی سەرەكی و پاشان تێكەڵ كردنەوەی بە چەند بەشێكی تر پێكهاتووە. كە ئەمە ستایلە سەرەكیەكەی كاركردنی تارانتینۆیە، بێینەوە سەر  واتای چیرۆكی فیلمەكە، چیرۆكی مافیایەك و ژنە سەركێشەكەی، چیرۆكی ژیانی دوو بكوژی ڕاهێنراو و بەكرێگیراو كە پیاوی مافیاكەن، هەروەها چیرۆكی بۆكسێنەرێكی پیشەگەر كە مافیاكە دەیەوێت قومار بە ژیانییەوە بكات!
دوو بكوژەكە، یەكێكان زۆر باوەری بەقەدەر هەیە و زۆربەی قسەكانی لە چوارچێوەی دەقی ئینجیلدا كۆدەكاتەوە، بەلام كاریشی لەسەر ناكات! ئەوەی تریشیان زۆرتر سەرقاڵی قسەی پووچ و بێ مانا و قسە دووبارەكانی ژیانە كە دواتر رادەسپێرێت كە هاورێ و هاودەمی ژنی مافیاكە بێت و هیانی بپارێزێت.
هەرچی كاراكتەری بۆكسێنەرەكەشە دەیەوێت شانازی بەو شتانەوە بكات كە وەك یادگارییەك لە باوكییەوە   بۆی بەجێماوە، شانازیكردن بە ڕابردووە، بۆ نمونە سەعاتەكەی دەستی باوكییەتی كە بە دیاری بۆی جێهێشتووە. دواتر ئەم كاراكتەرانە هەمویان ڕووبەرووی یەكتردەبنەوە. 

سێهەم؛ ستایل و مۆركی چیرۆك و سیناریۆ لای تارانتینۆ
- تارانتینۆ لە بێ چیرۆكدا، چیرۆك دروست دروست دەكات، چونكە لە بناغەدا هێلێكی سەرەكی چیرۆك نیە كە لەسەری بڕوات، بۆنمونە لەم فیلمەدا هاوشێوەی شانۆ بەشەكانی فیلم  پەردە پەردە رووداوی فیلمەكە دەروات، زۆرجار بێگرێدانەوە، زۆرجاریش بەستنەوەیەكی تەواوكارانە! لە دیالۆگدا تارانتینۆ هاوشێوەی دۆستۆیفیسكی یاری بە ئەقڵی مرۆڤ دەكات، زۆرجار وەك كۆمیدیای رەش پەیام دەگەیەنێت، تێكەڵكردنی دیالۆگی سادە، دیالۆگی ئاڵۆز،  دیالۆگی ئایینی و فەلسەفی وتەنانەت قسەی قۆری بازاریش. ئەمەش مۆركی كاركردنی تارانتینۆیە كە بەرلەوەی دەرهێنەر بێت ئەو سیناریستێكی بەهێزە.