كۆرۆنا هەموو شتی گۆڕی، تەنیا كوردی نەگۆڕی

13/02/2021

سامان غفور هۆرامی
هاتنی كۆرۆنا هەموو شتی دابەشكرد، بۆ هەر بڕیارێك دوو ئاڕاستە دروست بوو، ئەم دوو ئاڕاستەیە زۆر بەڕوونی دەركەوتن، گەر پێشتر ئەم لێك دژیە هەبووایە، ئەوەنە بەڕوونی دیار نەبوو. هاتنی كۆرۆنا دیدگای مرۆڤی گۆڕی، وایكرد مرۆڤ بیت لە تەندروست ژیان بكاتەوە. سەرەتاكانی كۆرۆنا دوو ئاڕاستە دروست بوون، ئاڕاستەی زانست خوازەكان، بەڵگەكانیان بەو جۆرە بووكە ئەم ڤایرۆسە لە سروشتەوە میوتەیشنی كردووە، بەڵگەكانیشیان باوەڕ‌ێن بوون. ئاڕاستەكەی تریان، ئەوانەبوون كە بارەڕیان بەتیۆری پیلانخوازی هەبوو، ئەم ئاڕاستەیە باوەڕیان وایە هەر ڕووداوێك داوی پیلانێكە! ئەم گروپە ڕاستەوخۆ وتیان ئەمە تیرۆری بایۆلۆژیە! بەڵگەكانیان باوەڕهێن بوون. یەكێك لەو بەڵگانەی باسی لێوە دەكەن دەست پێكی ئۆڵۆمیادی 2012ەیە، دەڵێت دوو دەقیقە بێدەنگبوون دەلالەتی دوو ساڵ درێژە كێشانی ئەم پەتایەیە!، دواتر لۆگۆكە و ئەو هەموو بێدە و دابەشبوونەكانی بەشێوەی بازنەیی دەلالەتی بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە بە جیهاندا!
كۆرۆنا گورزی لە لایەنی ئابوری و بازرگانی و گەشت و پرۆسەی خوێندندا! لەسەر ئاستی كۆمەڵ گورزی وەشاند و لەسەر ئاستی تاكیش بەهەمان شێوە.. ئێستە هەنگاوەكان بە ئاڕاستەی ئەوەن كە پرۆسەی خوێندن زیندوو بكەنەوە! بۆئەوەی نەوەی داهاتوو ئامادەبكرێن و لەخوێندن دوانەكەون.
لە كوردستان پرۆسەی خوێندن دەیانەوێت ئاسایی بكرێتەوە بەڵام مامۆستا ئامادەیی تێدا نیە! بەهۆكاری نەبوونی موچە و پشتگوێخستنیان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە!
 
كۆڤید 19 گەورەترین زیانی بە پەروەردە و فێركردن گەیاندووە لە هەموو جیهاندا، بەدرێژایی مێژوو هیچ شتێك بەقەد كۆڤید19 زیانی بە پەروەردە و فێركردن نەگەیاندووە! كاریگەری لەسەر 1.6 ملیار خوێندكار هەبووە  زیاتر لە 190 وڵات لە جیهاندا. داخستنی قوتابخانەكان بەرێژەی %94 كاریگەری لەسەر خوێندكارانی وڵاتە پێشكەوتوەكان هەبووە، ئەم ڕێژەیەش بۆ %99 بەرزبوویەوە لە وڵاتە هەژارەكاندا. 
ئەم پەتایە كاریگەری لەسەر پەروەردەی منداڵان و گەنجان كرد، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی كە پەروەردە گرنگ نیە بەلایانەوە، ئامانجی وڵاتە دواكەوتوەكان بەڕێكردنی كاتە، وەك لەوەی كەسی بەتوانا و كەوادری پیشەیی دروست بكەن. كار لەسەر گەمژاندنی خەڵك دەكەن وەك لە پەروەردەكردنی نەوەكانیان. ئەو وڵاتانەی هیچ كارێكیان بەسەرچاوە مرۆییەكان نیە. بۆیە ئاساییە خوێندن پەكی بكەوێت!
داخستنی قوتابخانەكان نەك تەنها كاریگەری لەسەر پەروەردە و فێركردن هەیە، بەڵكو فشارێكە بۆسەر منداڵەكان و دایك و باوكانیان.. جا ئەگەر ئەو جێگەیەی كە دەرگاكانی خوێندنی داخرابێت، شوێنێكی دواكەوتو بێت و زۆر بەلایەوە گرنگ نەبێت چ كارەساتێك دروست دەبێت گەر دەرگای خوێندنگەكان داخرابن و ئامادەسازی نەكردبێت بۆ منداڵ و خێزان، ئەوا كارەساتەكە گەورەتر دەبێت.
لەپاڵ مەترسیه تەندروستیەكاندا خێزانەكان فشاری مادیان كەوتە سەر و هەندێك خێزان لەبەریەك هەڵوەشان، هەندێك منداڵ وەك پسپۆرە دەرونیەكان لەبارەیەوە دەدوێن كارەساتی دەرونی لەسەر دەرونی منداڵ جێدەهێڵێت.
بیر لەزۆر ڕێگە كرایەوە بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەی خوێندن، بەڵام هیچ ڕێگەیەكیان بەقەد ئامادەبوونی خوێندكار لەناو كەمپەكاندا نیە. هیچ شوێنێكی ئەم گۆی زەویە وەك كوردستان نیە، نە كۆرۆنا وایلێ دەكات بیربكاتەوە، نە دوژمن وایلێكردووە بیربكاتەوە، تەنها ئەوەی لەمێشكی بەرپرسەكانیدا هەیە چ ڕێگەیەك بدۆزنەوە بۆ چەوسانەوەی مامۆستا و خوێندكار، موچە ناداتە مامۆستا! خوێنكاری ناردوەتە ماڵەوە دایناون بەدیار دراما توركیەكان و یوتوبەوە، باكی نیە نەوەیەكی معەوەق دروست ببێت، یان ناتەندروست لەڕووی دەرونیەوە.
هیچ بەڵگەیەك نیە كەكاتی كۆتایی هاتنی ئەم پەتایە بەدیاری كراوی بخاتەڕوو بۆیە هەندێك وڵات بیریان لەوەكردەوە كە چۆن ڕێكاری گونجاو بگرنەبەر بۆ كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان.
 
پەروەردە پێش كۆڤید19
جیهان لەپێش كۆرۆنادا بەجۆرێك بوو كە هەموو منداڵێك مافی ئەوەی هەبوو فێری خوێندن و نوسین و بڕینی پلەكانی خوێندنی هەبێت، بەبێ جیاوازی.هەرچەندە جیهان توشی هیچ كارەساتێك نەبووبوو بەڵام بەڕێژەی 387ملیۆن منداڵ لە جیهاندا كاتی چوونە نێو قوتابخانەیان بوو بەڵام نەخراونەتە بەر خوێندن بەهۆكاری سیاسی و ئابوری وڵاتەكەیان.
هەندێك ڕێكخراوی پەروەردەی جیهانی لەسەرەتاكانی 2020دا نزیكەی 148 بلیۆن دۆلاریان تەرخان دەكرد بۆ ئەو وڵاتانەی كە ئاستی داراییان كەم بوو لەپێناو بەرزكردنەوەی خزمەتگوزاری پەروەردەیی لەو جێگانە. بەڵام لە كوردستاندا لە ٢٠١٤ ەوە پرۆسەی خوێندن بەپێی پێویست نەبووە! بەهۆكاری پاشەكەوت و بڕینی موچەكانیان.
 
داخستنی دەرگاكانی ناوەندەكانی خوێندن
بەدرێژایی مێژوو هیچ شتێك نەیتوانیوە پرۆسەی خوێندن شەلەل بكات، بەڵێ‌م كۆرۆنا توانی ئەوە بكات، لەساڵی ٢٠٢دا لە سەدا ٩٤ خوێندكارانی جیهان كاریگەری نێگەتیڤی لەسەر جێهێشتن! نزیكەی ١٥٨ ملیار منداڵ بەهۆی ئەم پەتایەوە كاریگەریان خرایە سەر بەجۆرێك لەجۆرەكان نەتوانرا پرۆسەی فێركردنیان پێ بگەیەنرێت. ئەم ڕێژەیە زیاتر لە ٢٠٠ وڵاتی گرتەوە! بەڵام كاتێك باس دێتە سەر كوردستان قسەكان بەجۆرێكی ترە ڕاستە كۆرۆنا هەبوو، دەرگای خوێندنگەكان داخرا بەڵام پێش هاتنی كۆرۆناش هەروا بوو، پرۆسەی خوێندن وەك پێویست نەبوو چونكە حكومەت نەیدەتوانی وەك پێویست موچە بداتە فەرمانبەرەكانی.

كردنەوەی خوێندگاكان
ئاساییكردنەوەی دەوامی مامۆستا و كردنەوەی دەرگای خوێندنگاكان ئامادەسازی دەوێ بەڵام حكومەتی هەرێم بێ ئامادەسازی و بێ موچە دەیەوێت دەرگای خوێندنگەكان بكرێتەوە، بێ ئەوەی ڤاكسینی بۆ مامۆستایان حازركردبێت، وڵاتانی جیهان زۆر بەحەزەرەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو كارەدا دەكەن، بەڵام حكومەتی هەرێم هەموو مەترسیەكی بەئاسایی وەرگرتووە.