بۆڵە بۆڵی عەلمانیەكان و تاجی سەرپۆشی یەكگرتووەكان!

2 مانگ پێش ئێستا

بەشی توێژینەوە

لە هەڵەبجەدا، یەكگرتوو رێورەسمی تاج لەسەرنانی ئەو خانمانەی رێكخستووە كە سەرپۆشیان لەسەرنراوە!
هەقمان بەسەر سیاسەتی سەرپۆشی یەكگرتووەوە نییە، كە گەیاندیانە تاجی بە كۆمەڵی سەرپۆشان، لەبری تاجی شای جوانان، رەنگە مەبەستیشیان ئەوە بێ‌، بڵێن: بە كۆمەڵ سەرپۆشی بەهای زیاترە لە شای جوانی تاكە كەس! بێگومان ئەوان، بەشێكی سیاسەتەكەیان، لەچك و سەرپۆشی و پەرەپێدانی ژیانی كۆمەڵایەتی ئیسلامییە. (27) ساڵە ئەم سیاسەتەیان نەشاردۆتەوە. ئەوەی مایەی سەیر و سەمەرەیە، رەخنەی هێزە بەناو عەلمانیەكانە لە بەرامبەر ئەم سیاسەتەی یەكگرتوو.
جارێ‌، عەلمانیەكان دەبێ‌ بزانن كە یەكگرتوو، بە زەبری لەشكر و پارە هەڵڕشتن ‌و تۆقاندن ئەم (1300) ژن و كچەی سەرپێ‌ شۆڕ نەكردووە هەتا سەریان پێ‌ بپۆشێ‌. بە قەناعەتی عەقیدەیی ئەم كارەی كردوە و بەردەوامیش دەیكات.
دەپرسین؟
هێزە عەلمانیەكان، رێكخراوە پیشەیی و دیموكراسیەكان، ژنان و ئافرەتان، هێزە مەدەنیەكان، ئەمانە لە گوێی كام گای رۆژگار نوستون..؟
مانگانە.. هێزە عەلمانیەكان و پاشكۆكانیان، موچە و بودجە و كرێی بارەگا و كاروانی سەیارەكانیان، سەفەر و كەیف و سەفایان، دەیان ملیۆن دۆلارە. كەچی لە بەرامبەر مەترسیدارترین دژەكانی دیموكراسی و عەلمانیەتدا، ناوێرن لە كولەكەی تەڕیشدا، زمانە بچكۆلەكانیان هەڵبهێنن.
ئەم هێز و رێكخراوە بەناو دیموكرات و پیشەییانە، ئەم یەكێتیەی ژنان و ئافرەتان و خانمانە، وا دەزانن دیموكراسی و گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی، بە بۆڵە بۆڵ دێتە دی! ئەمانە هێشتا تێنەگەیشتون، دیموكراسی و عەلمانیەت، ئەركێكی مێژوویی سەختن. تەنها بە ململانێی سیاسی و فەلسەفی و خەباتی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی دێنە دی. نەك بە سیاسەتی شەرمنانە و پرتەو بۆڵەی پیرەژنانە!
گوناحێكی گەورەیە هەر كادرێك، تێنەگات خەباتی دیموكراسی و عەلمانیەت و مەدەنیەت، گرێ‌ دراوی یەكترن، بكرێتە سكرتێر و رابەری رێكخراو و سەندیكاكان. لە كاتێكدا لایەنی كەمی وشیاری مەدەنی نەبێ‌؛ بەڵام باشترین موچە و جوانترین سەیارەی هەبێ‌!!
بێگومان.. حیزبەكان و رێكخراوەكان و سەندیكاكان، هەتا لە سێبەری پارەی دەسەڵاتدا پشووی پێگە و پارە بدەن.. لە بەرامبەردا یەكگرتوو، نەك سەرپۆش دەكاتە سەر (1300) ژن.. بەڵكو ژینگەی كۆمەڵایەتیش لێوان لێو دەكات لە ئەندێشەی سەدەكانی ناوەڕاست!
هێزە ئیسلامیەكان رۆژانە، لە مزگەوتەكان و سەر شاشەی تیڤیەكان، سیاسەتی سەرپۆشی و دەرونی خەمۆكی دەكەنە نەریتی خەڵك.. لە بەرامبەردا هێزە عەلمانیەكان، تەنها سەرقاڵی قۆرغكردنی دەسەڵات و پێگەی ئابوریانن. خەریكی یەكترشكاندن و بوختان هەڵبەستنن!!
ئیسلامیەكان هەموو رۆژێك ئەندێشەی خۆیان بڵاودەكەنەوە، هێزە مەدەنیی و رێكخراوەكانیش، بەساڵ وتارێك بڵاوناكەنەوە بەرگری بكەن لە دیموكراسی راستەقینە و ئازادی راستەقینە و مەدەنیەتی راستەقینە!!
ئەم حیزب و رێكخراوانە.. گۆڤاری مەدەنیان نەماوە. بەرنامەی مەدەنیان لە تیڤیەكاندا نییە. كادرەكانیان بە رەخنەی بوێرانە لە بەرامبەر هێزە ئیسلامیەكاندا پەروەردە ناكەن. كۆڕ و سیمیناریان دژی سەلەفیەكان نەماوە. بە ئاستەمیش توخنی پەروەردەی عەلمانی و كولتوری رۆشنگەری ناكەون، كەچی دەشیانەوێ‌ یەكگرتووەكان.. تاجی سەرپۆشی نەخاتە سەر (1300) ژن و كچی هەڵەبجەی قوڵترین برینی نەتەوەی كورد!!