بەفر و شار

2 مانگ پێش ئێستا

پەیڕەو ئەنوەر
ئەزموونی ئێمە لەگەڵ "بەفر" لەشاردا ئەزموونێكی هەژار، بێ پێشینە و كورتە! 
بەفر، بارینی بەفر، ژیانكردن لەگەڵ بەفر بۆ ئێمە دیاردەیەكی ناشاری بووە. دیاردەیەك بووە زیاتر لەگەڵ شاخ، دەرەوەی شار بووە. بەفر لە یادەوەری بەشێكی ئێمەدا تێكەڵە بە خەبات و بەرخۆدان لە شاخ لەبەرامبەر ئەوانیتردا، رژێمی ناوەند، دەسەڵاتی ناوەند، سەرباز و سوپای مۆدێرنە. ئەم دۆخە وەك جیۆپۆلەتیك و كەش و هەوا و تۆبۆگڕافیا بۆ كورد وەرچەرخان و خاڵی بنەڕەتی مانەوە، بەرگریكردن و راوەستان بووە. 

ئەمڕۆ هەموومان لە شارین! لەناو سیستم و ئۆردەری كوردین! گرێیەك دروستبووە كە "بەفر" نابارێت، میوانمان نابێت. شار دەزگایەكی مۆدێرنە. پڕە لە جوڵە، زمانی پیشەسازی، جوڵەی دبلۆماسی، بازاڕ، چایخانە و مۆڵی گەورە. بەفر زمانێكی جیۆگرافی تایبەتی شارە! ئۆرهان پاموك باشتر لە رۆمانەكانی، چیڕۆكەكانی ئەو وێنەیەك پیشاندەدات. بەتایبەت لە رۆمانی "ئیستەنبۆڵ' جەیمیس جۆیس لە رۆمانی "دبلنییەكان كێن!" بەختیار عەلی لە "شاری مۆسیقارە سپییەكان" نیكۆس كازانزاكیس لە "زۆربا" ڤیكتۆر هۆگۆ لە رۆمانی "قەمبورەكەی نۆتردام" 

بەگشتی شار لەژیانی مۆدێرندا دەروازەیەكی یەكجار گرنگ و باڵایە. تێكەڵاوبوونی بەفر، ئەزموونكردنی بەفر لەگەڵ شاری ئێمەدا فۆرمێكە لە چێژ، باڵایی، راكردن لە بیرۆكراتیەت و پەڕینەوە لە "گرێی ئۆدیب" ئێمە تا ئەم چركەساتەش لە چاوەڕوانی بارینی بەفرداین! ئەم مۆدێڵە لە چاوەڕوانی بەدیار بەفرەوە پڕە لەهەستی گۆدۆییانە. ئێمە هەموومان لەشارین و لە چاوەڕوانی گۆدۆ/بەفرداین. دەبیت دۆخی گۆدۆ تێپەڕێنین! بەفر بێت، ببارێت، هەموومان لەوشارە رزگاربكات! بارینی ئەمجارە مانەوە و دۆخێكی ئۆنتۆلۆژییە، زیندووبوونەوەیە!