چۆن ڕێگای لێبگرین؟ بۆچی قسەكردنی منداڵ دوا دەكەوێت؟

15/02/2021

د. خەڵات محەمەد
یەكێك لەو دیاردانەی ئێستا تا ڕاددەیەك بڵاوەو جێگای هەڵوێستە لەسەركردنە، درەنگكەوتنی قسەكردنە لە منداڵاندا.
ئەم بابەتە دەبێت بە شێوەیەكی زانستییانە و بە گرنگییەوە لێكۆڵینەوە لە هۆكارەكانی بكرێت، ئایا هۆكاری ژینگەیین یان هۆكاری تر.
سەرەتای قسەكردن لە منداڵاندا بە دوو قۆناغی وەرگرتن و دوای ئەوەش دەربڕین دەبێت، ئەو بەشەی مێشك بەرپرسە لە وەرگرتن و دەربڕینی قسە دەكەوێتە لای چەپی مێشك.
سەرەتا منداڵ تەنها هەستەوەرەكانی وەرگرتنی دەنگەكان لە دەوروبەریانەوە وەردەگرن، دواتر لەگەڵ گەشەكردنیان هەوڵی دەربڕینەوەی ئەو دەنگانە دەدەن.
 منداڵ لە ٤-٦ مانگ گروگاڵ دەكات، لە تەمەنی ٩ مانگیدا یەك بۆ دوو وشە دەردەبڕێت، بەڵام مەرج نییە بەباشی لە وشەكان بگەین، لە یەك ساڵیدا ٢ وشە بە باشی دەردەبڕێت، لە ١٨ مانگیدا توانای هەیە ١٠ وشە بە باشی بڵێت، قۆناغی دواترو لە ٢ ساڵی دا ٥٠-١٠٠ وشە بەباشی دەڵێت و  لەوانەیە دوو وشە پێكەوە بنوسێنێت، لە ٣ ساڵ ٣ وشە پێكەوە دەنوسێنێت لە ٧٥٪ی قسەكانی تێدەگەین، تەمەنی ئاسایی گفتوگۆكردنی منداڵ ٥ ساڵییە.
ئێستا بەهۆی ناسروشتی زۆربەی زۆری رووداوەكانی دەوروبەرمان گەشەكردنی منداڵ بە گشتی و گەشەكردنی قسەكردنییان بە تایبەتی ئاسایی نییە . 
كاتێك كۆرپەلە لە سكی دایكیدایە بەهۆی پیسبوونی ژینگە و خواردنی زۆری ئەو خواردنانەی تەندروست نین، جەستە و مێشكی منداڵ بە شێوەیەكی ئاسایی گەشە ناكەن .
لە قۆناغی دواتریش بە هۆی ئەوەی زۆربەی دایكان بە نەشتەرگەری منداڵیان دەبێت، منداڵ بە قۆناغە ئاسایەكانی منداڵ بووندا ناڕوات ئەوەش كاریگەری لەسەر گەشەی جەستە و مێشكی دروستدەكات، دوای لە دایكبوونیش زۆربەی دایكان بە بیانووی كەمی،  شیری خۆیان نادەن بە منداڵ ئەوەش هۆكارێكی تری خراپ گەشەكردنی مێشكی منداڵە بە تایبەتی لە ساڵی یەكەمی تەمەنیدا.
هۆكارێكی تری دواكەوتنی قسەكردن لە منداڵاندا، زۆرو خراپ بەكارهێنانی شاشەكانی مۆبایل و تابلێت و تەلەفیزیۆنەكانە بە تایبەت لە ساڵی یەكەم و دووەمی تەمەندا.
دەبێت منداڵ لە ساڵی یەكەم و دووەمی تەمەنیدا بە هەموو شێوەیەك لە شاشەكان بە دوور بگیرێت، چونكە زۆرترین كاتی گەشەكردنی مێشكی منداڵ لەو ماوەیەدایە.
بەشی زۆری قسەكردن و رەفتاركردن لەگەڵ دەوروبەر لەو دووساڵە فێردەبێت.
كاتێك منداڵێك لە  تەمەنی ٦ مانگیدا لە بەردەم شاشەیەك دادەنرێت و بە جارێك ئەو هەموو ڕەنگ و جوڵەو دەنگە ناسروشتییانە پێكەوە وەردەگرێت، دەبێتە هۆی پڕبوونەوەی ئەو بەشەی مێشك كە بەرپرسە لە فێربوونی زمان و قسەكردن، ئەوەش وادەكات شوێن بۆ فێربوونی قسەی ئاسایی نەمینێتەوە، لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی دواكەوتنی قسەكردن.
یەكێكی تر لە هۆكارەكان كەم تێكەڵ بوونی منداڵە لەگەڵ منداڵانی تردا. تێكەڵبوونی منداڵ لەگەڵ هاوتەمەنەكانیدا هاندەرێكی باشە بۆ قسەكردن و دروستكردنی زۆرترین پەیوەندی بە دەوروبەرییەوە.
یەكێكی تر لە كێشە زۆر باوەكان ناڕێكی كاتی نوستنی منداڵە، خەوی شەوان زۆر گرنگە بۆ گەشەی جەستەو مێشكی منداڵ بە پێچەوانەوەشەوە درەنگ نوستن لە منداڵاندا دەبێتە هۆی تێكچوونی سیستمی هۆرمۆنی جەستە بە تایبەت هۆرمۆنی گەشە، درەنگ خەوتن كاریگەری خراپیش لەسەر گەشەی خانەكانی مێشك دادەنێت.
بۆ كەمكردنەوەی مەترسی دواكەوتنی قسەكردن و فێربوونی زمان لە منداڵاندا پێویستە دایكان و باوكان ڕەچاوی ئەم خاڵانە بكەن :-
1-هەر لەسەرەتای دروستبوونی كۆرپەلە دەبێت دایكان هەوڵبدەن زۆربەی كات خواردنی تەندروست بخۆن، هەوڵ بدەن بە شێوەی سروشتی و لەكاتی خۆی منداڵ لە دایك ببێت. هەروەها پێدانی شیری دایك زۆر گرنگە بۆ گەشەی جەستە و مێشك.
2-دایكان و باوكان دەبێت منداڵەكانیان بپارێزن لە شاشەی مۆبایل وتابلێت و تەلەفزیۆن بە تایبەت لە دوو ساڵی یەكەمی تەمەنییاندا .
3-تێكەڵكردنی منداڵ لەگەڵ منداڵانی تر گرنگی خۆی هەیە بۆ فێربوونی زمان و قسەكردن هەروەها رێك خستنی كاتی خەوتنی منداڵ بە تایبەت لە شەوان، دەبێت ڕێگریبكرێت لە درەنگ خەوتنی منداڵ.

پرۆفایل:
د.خەڵات محەممەد
بروانامەی دكتۆرا لە نەخۆشییەكانی منداڵان