سەردەمانێك لە هۆڵیود

17/02/2021

ڕامیار موحەممەد
س: سینەما تیولیپ
شیكردنەوەی فیلمی سەردەمانێك لە هۆڵیود
ئەمە نۆهەمین فیلمی دەرهێنەری بەناوبانگ (تارانتینۆ)یە، كە بێگومان نوێترین فیلمیشیەتی، لە ڕۆڵگێرانی ئەكتەرانی بەناوبانگ (لیۆناردۆ دیكاپریۆ، براد پیت، مارگۆت ڕۆبی، ئەلپاچینۆ بە ڕۆڵێكی لاوەكی)یـە

فیلمەكە باس لە ئەكتەرێك بە ناوی (ڕیك داڵتن) و دۆبلێرەكەی بە ناوی (كڵیف بوپ) دەكات، كە دەیانەوێ لە جیهانی فیلم و زنجیرەدا لە ساڵانی ١٩٦٩ ی هۆڵیود بە ناو بانگ بن و ببن بە كەسایەتیەكی دیار

گەر شارەزاییت نەبێ لە مێژووی كەسایەتییەكان بێجگە لە دووانە سەرەكیەكە، ئەوا دەكەویتە گێژاوێكی ناخۆشەوە، وردەكارییە لە ڕادەبەدەرەكەی تارانتینۆ توشی بێتاقەتی و بێزاریت دەكا، كە خۆی بەشێكی زۆری جوانی فیلمەكە لە وردەكاری سیناریۆكەیدایە. !سیناریۆیەكی تا بڵێی تۆكمە و بێ كەم و كورتی و پڕا و پڕ لە وردەكاری دەرهێنەر

ئەو سەردەم و چاخەی كە تارانتینۆ باسی دەكات بۆمان، سەردەمی زێڕینی هۆڵیودە، وە لە هەمان كاتدا ئەو سەردەمەیە كە دەرهێنەر خودی خۆی، لە ڕێی فیلم و خوێندنەوەی زۆرەوە گەڵاڵەی كردووە، چونكە بۆ خۆی لەو كاتەدا تەنها منداڵێكی بچوك بووە، دەكرێ بڵێین گەر ئەم فیلمە لە ساڵانی نەوەدەكانی تارانتینۆ بەرهەم بهاتایە، فیلمێكی بێ كەڵك و خراپ دەبوو، چونكە بەو تۆزە شارەزاییەوە لە مێژووی فیلم، ناتوانرێ فیلمێكی وەها پڕ وردەكاری بەرهەم بێت، واتە چونكە تارانتینۆ خۆی بەرواری لە دایكبوونی '١٩٦٣'یە، وە فیلمەكە باس لە ساڵانی ١٩٦٩ دەكات، واتە تارانتینۆ لەو كاتەدا تەمەنی تەنها ٦ ساڵ بووە، بۆیە ساڵ بە ساڵ چ لە ڕێی ئەزموونی خۆی وەكو دەرهێنەر چ وەكو بینەر و خوێنەر، خۆی لەو مێژووە شارەزا كردووە، وە بەو وردەكاریە زۆرەوە ئەو فیلمەی بەرهەم هێناوە كە باس لە كۆتایی شەستەكان دەكات

دەشێ بڵێین كارەكتەری ڕیك كۆپیەكی بیركردنەوەی تارانتینۆیە سەبارەت بە ژیانی پیشەیی خۆی! واتە تارانتینۆ دەپرسێت: ئاخۆ دواتر چی روودەدات؟ هەمیشە ئەو ترس و دڵەڕاوكێیەی ڕیكمان نیشان دەدات كە سەبارەت بە ترسی لە داهاتوو هەیەتی، دەشێ بڵێین ئەمە نەك بە تەنها ترسی تارانتینۆیە، بەڵكو ئەمە پرسێكی دیاری ناو كەسایەتیەكانی هۆڵیودە، كە ئاخۆ لە دوای ئەوەی كە چیدی ئەو پاڵەوانەی ناو خەڵكی نامێنن، چییان بەسەر دادێت؟

دەمەوێ لێرەدا هەندێ لەسەر كارەكتەری شارۆن تەیت بدوێم كە لێرەدا تارانتینۆ لەم كەسایەتیەدا هێند مەبەستی گەیاندنی فیكرێكی تایبەتە، هێند مەبەستی نواندن و دەركەوتنی (مارگۆت ڕۆبی) نییە! تارانتینۆ ئەم كەسایەتییەی وەكو لایەنە پڕ ئومێدەكەی هۆڵیود و لایەنە خۆشحاڵەكەی هۆڵیود نیشان داوە، ئەو كەسەی كە سەما دەكا و دەچێتە ئاهەنگە شەوانەكانەوە و دەچێتە سینەما بۆ بینینی ئەو فیلمەی كە خۆی ڕۆڵی تێدا گێڕاوە، لەگەڵ هەر دەركەوتنێكی لە شاشەكەدا ڕوخساری دەدرەوشێتەوە، ئەمە ئەو كەسایەتی و ئەو بیرۆكەیەیە كە هەمووان هەیانە بەرامبەر بە هۆڵیود

لە هەمان كاتدا دەبینین، تا چەند دڵخۆشی (شارۆن)مان نیشان دەدات، دوو ئەوەندە دڵەڕاوكێ و ناخۆشی و باروو دۆخی دەروونی (ڕیك)یشمان نیشان دەدات، كە هەمیشە ترسی لە لە دەستدانی پێگەكەی و ناوبانگی هەیە لە هۆڵیود

لەم فیمەدا تارانتینۆ وەكو فیلمی (ئینگلۆریەس باستێردس) كۆتاییەكی جیاواز لە واقعی بۆ فیلمەكە داناوە، بەوەی كەوا لە ڕاستیدا چەند كەسێك لە ساڵی ١٩٦٩ هەڵدەكوتنە سەر ماڵی (پۆڵەنسكی) كە دەكاتە هاوسەری (شارۆن تەیت)، و لە هەمان كاتیشدا دەرهێنەرە، چوار كەس دەكوژن بە (شارۆن)یشەوە كە دووگیانە بە منداڵێك، بەڵام لەو كاتەدا (پۆڵەنسكی) لە وڵاتەكەی خۆیدا نییە و ئەو ناكوژرێ

لێرەدا تارانتینۆ دێت و بە كۆتاییەكی جوان بۆ فیلمەكە و وەكو هەموو كاتێكیش پڕ لە خوێن و شەڕ، ئەو كۆتاییە تاڵە دەگۆڕێت و كۆتاییەكی جودا بۆ فیلمەكە دا دەنێ

دەمەوێ بڵێم ئەم فیلمەی تارانتینۆ تاقە فیلمێكی ئەو دەرهێنەرەیە كە تیایدا وا هەست دەكەین بە ڕاستی دەرهێنەرێكی بە تەمەن دەری هێناوە، دەتوانین بڵێین كارێكی ناوازەی تر خرایە سەر فیلمە جوانەكانی تری ئەو.