چارەسەری دەروونی چییە و چیش نییە؟

17/02/2021

د.كۆیار شێركۆ 
چارەسەری دەروونی یان سایكۆپێراپی، ئەو جۆرەی چارەسەرە كە لە ڕێگای زانستی و شێوازی تایبەتی دەروونییەوە دەبێتە هۆكاری ئەوەی كەسێك باشتر لە خۆی تێبگات و ڕەفتار و شێوازی ژیانی بۆ شێوازێك ئاراستە بكات كە خۆی ئارەزووی دەكات. 

چارەسەری دەروونی دەبێت لەلایەن كەسی پسپۆر و شارەزای بوارێكی دیاریكراوی دەروونییەوە ئەنجام بدرێت. چارەسەركار دەبێت جێی متمانە بێت و لە یەكەم دانیشتنەوە ڕاستگۆیی خۆی لای چارەخواز نیشان بدات. هاوكات چارەسەركار دەبێت پرۆفێشناڵانە كارەكەی ئەنجام بدات و لە دەرەوەی ژوری چارەسەر نهێنییەكان نەدركێنێت. لە كاتی چارەسەریشدا، گەرم و گوڕ بێت و ئەوە نیشانی چارەخواز بدات كە بەرەو باشتر چوونی ئەو، ویستی سەرەكی پزیشك یان چارەسەركارەكەیە. 

چارەسەركردنی دەروونی جیاوازە لە دەستنیشانكردنی نەخۆشی. واتا كاتێك كەسێك بۆ پێراپی دێتە لای چارەسەركاری دەروونی، مەرج نییە نەخۆشی دەروونی هەبێت. چونكە نەخۆشی دەروونی جیاوازە لە گرفتی دەروونی و ئاڵۆزی ژیانی ڕۆژانە. لەبەرئەوە نابێت چارەسەركار چاوی لەسەر دەستنیشانكردن و ناونانی حاڵەتی كەسەكە بێت. 

هاوكات چارەسەركار دەبێت خۆی وەك واعیز و بانگخواز نەبینێت، هاوشێوەی ئەوەی بەشێك لە دەروونناسە كوردەكان دەیكەن. دەروونناسی بریتی نییە لە ئامۆژگاری كردنی چارەخواز و نیشاندانی ڕێی ڕاست و هەڵە و بوونە مامۆستای ئەخلاقی خەڵكی. هیچ چارەسەركارێكی دەروونی ئەو مافەی نییە بڕیاری ئەخلاقی لەسەر چارەخواز بدات و ئامۆژگاری بكات بە ئاراستەی ئایدۆلۆجیایەكی دیاریكراو. هاوكات چارەسەركردنی دەروونی، تەنها دانیشتن و گوێگرتنێكی بێدەنگیش نییە. بەڵكو پرۆسەیەكی دوو لایەنەی زانستییە كە یارمەتیرۆڤ دەدات باشتر لە خۆی بگات و بەرچاو ڕوونی زیاتر بێت سەبارەت بەو شتانەی لە چواردەوریدا ڕوودەدەن تا چارەسەری كێشەكانی بكات و گرفتە دەروونییەكانی بڕەوێنەوە.