موشەكەكان پەیامیان بۆ ئەمریكا و هەرێمی كوردستان پێ بوو!

17/02/2021

دلێر عەلی
موشەكەكان پەیامی هێزە  شیعیەكانی عێراقن، بەتایبەت ئەو هێزانەی لە  ئێران  نزیكن، وە  بێ  پرسی ئێرانیەكان ئەو موشەكانە ئاڕاستەی هەولێر نەكراون،  هەموو هێزە شیعیەكان لە پەڕلەمانی عێراق، بەفەرمانی ئێران دەنگیان یەكخست و بڕیاریاندا ئەمریكا دەبێ عێراق جێ بهێڵێت، هەر دوای  بڕیاری پەرلەمان لە  تەواوی  پارێزگاكانی خوارەوە  هێزە شیعیەكان تەنگیان بە هێزی هاوپەیمانان و ئەمریكا  هەڵچنیوە، جموجۆڵەكانیان سنوردار  كردون، موشەك بارانكردنی هەولێریش درێژكراوەی بڕیارە پەڕلەمانیەكەی هێزە شیعیەكانە بۆ ئەمریكا و هەرێمی كوردستان.

پەیامی ڕونی مووشەكەكانی دوێنێ شەو بۆ، هەرێمی كوردستان، پەكخستنی كایە ئابووریەكانە بەگشتی، هاوكات پەكخستنی هاتووچۆی فڕۆكەخانەی هەولێریش لەگەڵیا ،وە پەیامێكی ڕاستەوخۆ  و ڕوونیشە  بۆ  كۆمپانیا  نەوتیەكان،و بەڕونی ئەو پەیامە لە موشەك بارانەكەی هەولێر دەخوێنرێتەوە، كە بە دەسەڵات دارانی هەرێمی كوردستان دەڵێت، نزیكیتان لە ئەمریكیەكان واڵاكردنی دەرگا بۆیان نزیكیتانە لە ئاگر و سوتان، بۆیە پارێزراو نین !

پەیامی بۆ  هێزی هاوپەیمانان و ئەمریكاش ئەوەیە كە پێیان دەڵێت ،كە  ئەوە  هەر  بەغدا و پارێزگا عەرەب نشینەكان نیە  كە  بۆ  ئێوە  نائارامە ، بەڵكوو  لە  هەركوێی جوگرافیای   عێراقدا بن  نائارامە ،وە هەر وەك لە بەغا و خواروی عێراق دەرمان پەڕاندون ،لە هەرێمیش دەبێ بڕۆن،ئەم موشەكانەش لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی بڕیاری پەرلەمانی عێراقە كە كۆی هێزە شیعیەكان دەنگیان دا  ئەمریكا دەبێ لە عێراق بڕوات، وە بە ئاشكرا شیعەكان دەڵێن، ئەمریكا ئەبێت بڕوات!

كورد و هەرێم دەبێ لەوە تێبگەن، خزانە  ناو  ململانێكانی ئەمریكا و ئێران، هەرێم دەسوتێنێت و لە توانایاندا نیە، ململانێی بەوەكالەت بۆ ئەمریكا بە كورد ناكرێ و داڕمانی ئابوری و سیاسی زیاتر بە دیاری بۆ هەرێم دێنێ، چونكە  ڕوداوەكانی  ناوچەكە  ئەوەمان  پێدەڵێت ئەگەر جەنگ و پێكدادانی "ئیقلمی ،هەرێمی" بهێنرێتە  باشوری كوردستان، ئەوا  ئەو  شەڕی  بە  وەكالەتیە ڕەوشێكی  ناهەمووار  و پڕ  لە  خوێن و  داڕمانی یەكجارەكی ئابووری تا خنكانی یەكجارەكی لەگەڵ خۆیدا  ئەهێنێت، وە  ئەمریكاش هیچی پێناكرێ !

نمونەی زیندو و نزیكیش هەیە، سعودییە و ئیماراتی هاوپەیمانی ئەمریكا، لەم دوو ساڵەی ڕابردوو،ئێران لە ڕێگەی حوسیەكانی یەمەنەوە ،بە فڕۆكەی بێفڕكەوان،  فڕۆكەخانەی ئەبووزەبی، و  وە كۆمپانیای نەوتی ئارامكۆی سعودی بۆردمان كرد، زیانی سەدان ملیار دۆلاری پێگەیاندن، وە ئەمریكا و سیستەمە بەرگریەكەیان بەناو پاتریۆت لەو دوو وڵاتە هیچی پێنەكرا  !