لـــــە ڕۆژی جیهانی دادپەروەری كۆمەڵــایەتیدا، تیشكێك لەسەر كوردستان

2 مانگ پێش ئێستا

سەركـــۆ یونس*
نەتەوە یەكگرتووەكان، 20 شوباتی هەموو ساڵێك، بەڕۆژی جیهانی دادپەروەری كۆمەڵــایەتی داناوە، لەبڕیارەكەیدا ئاشكرای كردووەو دەڵێت; گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی و دادپەروەری كۆمەڵایەتی، دەبێتەهۆی بەدەستهێنانی ئاشتی و سەقامگیری.
نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ئەم یادە دەڵێت; دادپەروەری كۆمەڵایەتی، بنەمایەكی سەرەكی یە، لەبنەماكانی پێكەوەژیانی ئاشتیانە، لەناو نەتەوەكاندا.
یادكردنەوەی ئەم ڕۆژە، لەم كاتەدا كە جیهان سەرقاڵی ڤایرۆسی كۆرۆنا ودەرئەنجامەكانیەتی، ئاستەنگێكی تری خستوەتە بەردەم جێ بەجێكردنی دادی كۆمەڵایەتی، لەزۆربەی وڵاتانی جیهاندا.
لاوازی كەرتە ڕاستەقینەكانی ئابوری و بەرەوپێشچوونی ئابوری ژمارەیی(دیجیتاڵی) لەڕێگای ئەنتەرنێتەوە، بەدەستهێنانی داهات وقازانجێكی لەڕادەبەر بۆ كەمینەیەك لەلایەك و بێكاربوونی ملیۆنان دەستی كارو هەژاربوونیان لەلایەكی ترەوە، جێ بەجێكردنی دادوەری كۆمەڵایەتی، كەمتر و سنوردار كردووە.

دادپەروەری كۆمەڵایەتی، هەڵدەستێت بەدابەشكردنێكی دادوەرانە و پاك و بێ گەرد، لەسامان و خزمەتگوزاری تەندروستی و پەروەردەو فێركردن و خۆشگوزەرانی و دادپەروەری یاسایی. 
هەروەها كار دەكات بۆ بەدەستهێنانی یەكسانی لەنێوان هەردوو ڕەگەزدا، بەدەستهێنانی مافەكانی گەلانی خانەخوێ و كۆچكەراندا. لابردنی بەربەست و ئاستەنگەكان كەڕوبەڕووی گەلان دەبێتەوە، بەهۆی جۆری ڕەگەز یان ڕەنگ یان تەمەن یان ئایین یان كلتور. 

دادپەروەری كۆمەڵایەتی، دادەنرێت بەسەرچاوەی گەشەپێدان، ئامانج پاراستنی كەرامەتی مرۆڤە.
قاموسی "ئۆكسفۆرد" پێناسەی دادپەروەری كۆمەڵایەتی كردوە بە: دامەزراندنی كۆمەڵگایەكی دادگەر و هاویەك، پارێزگاری مافەكانی هەموو تاكێك بكات و بڕیارەكان بەشێوەیەكی پاك و ڕاستگۆیانە دەربكرێت.

دادپەروەری كۆمەڵایەتی، بڕبڕەی پشتی هەر كۆمەڵگایەكی تەندروست و دیموكراتی یە.
نـــادادی كۆمەڵایەتی، یەكێكە لە هۆكارەكانی سەرهەڵدانی توندڕەوی و توندوتیژی كۆمەڵایەتی و سیاسی، تەنانەت ئاینیش، جیاوازی چینایەتی دروست دەكات، كە كۆمەڵگا تووشی پەرتەوازەیی و ڕق و نائارامی دەكات. 
دادپەروەری كۆمەڵایەتی، پێش ئەوەی یاساو سیستەم بێت، هۆشیارییە، كەبەداخەوە لەكۆمەڵگای كوردیدا بوونی هۆشیاری لە ئاستێكی زۆر نزمدایە، بۆیە دادی كۆمەڵایەتیش بەهەمان ئاستی هۆشیاری مرۆڤەكانی كۆمەڵگای كوردی، دێتە كایەوە.

گومانی تێدا نی یە، دادپەروەری كۆمەڵــایەتی، بابەتێكی ڕێژەییە و دادی كۆمەڵــایەتی بەڕەهایی بوونی نی یە، بەڵام دەكرێت مەودای جیاوازییەكان كەمتر ببێت.
هەروەها تێڕوانینی دەستەڵاتداران و لایەنەحكومڕانەكان، بۆ دادپەروەری ڕۆڵێكی گرنگ و یەكلاكەرەوەی دەبێت، لەسەر جێ بەجێكردنی پێوەرەكانی دادپەروەری لەكۆمەڵگادا، بەداخەوە لەهەرێمدا، ئەم تێڕوانینە نێگەتیڤە بۆ چەمكی دادپەروەری و سەروەری یاسا..

پرسیارەكە ئەوەیە، ئایـا لەهەرێمدا، تاچەند دادپەروەری كۆمەڵایەتی پەیرەو دەكرێت، لەسەر بنەماكانی نەتەوە یەكگرتووەكان؟
ئایا كار بەو ئامڕاز و پێوەرانە دەكرێت، بۆ بەدیهێنانی دادی كۆمەڵایەتی لەناو كۆمەڵگادا...؟
لێرەدا، بەكورتی پێوەرەكانی دادی كۆمەڵایەتی نەتەوەیەكگرتووەكان لەهەرێمدا دەخەینە پێشچاو.

* یەكسانی و جیاكاری نەكردن،دەرفەتی وەك یەك:
ئەم پێوەرە، لەهەرێمدا كاری پێ ناكرێت،ئەو دەرفەتی كارانەی كە دەرەخسێنرێن، جیاكاری تێدادەكرێت و بەیەكسانی دابەشناكرێت بەسەر تاكەكانی كۆمەڵگای كوردیدا، بەڵكو بەهۆی پشتگیری لایەنەكان و خزم خزمێنەوە، ئەم پێوەرە پشتگوێ خراوە.
دەرئەنجامی گەندەڵی، ڕێژەی بێكاری، ساڵ لەدوای ساڵ زیاتر بەرز دەبێتەوە، لەئێستادا زیاترە لە(30%) دەستی كاركەران، بێكاری بەردەوامیش دیاردەی هەژاری لێ دەكەوێتەوە، بەمەش كۆمەڵگا دواكەتوو دەكات.

*دابەشكردنی داپەروەرانە بۆ دەرامەت: 
ئەم پێوەرە لەهەرێمی كوردستاندا، نە كاری پێكراوە، نە كاری پێدەكرێت، ئەوەی هەیە لەدەرامەت و داهاتی نەتەوەیی لەئێستادا بەهۆی گەندەڵی كارگێڕی و سیاسییەوە بەفیرۆ دراوە و دەرامەت و داهاتەكان بەیەكسانی و دادپەروەرانە دابەشناكرێت، چینێكی كەم، خاوەنی هەموو شتێكن، چینە زۆرەكەش خاوەنی هیچ شتێكن، بێ بەشن لەداهات و خێروبێری وڵـات بەتایبەتی چینی گەنجانی خاوەن بڕوانامە، چینێك ڕۆژ لەدوای ڕۆژ داهات و سامانەكانیان، لەسەر حسابی زۆرینەی كۆمەڵگا زیاد دەكات و زۆرینەی كۆمەڵگاش داهات و بژێویان، بەرەوخوارتر دەڕوات.

* بیمەی كۆمەڵـــایەتی: 
لەهەرێمی كوردستاندا، بیمەكردن لەسنورێكی بەرتەسكدایە، ڕێژەیەكی كەمی هاونیشتیمانیان بیمەیان بۆ كراوە، ئەویش لەلایەن كەرتی تایبەتەوە.
بیمەی كۆمەڵایەتی، بوارەكانی پەروەردە و خزمەتگوزاری تەندروستی و تۆڕەكانی پاراستنی تاكەكانی كۆمەڵــــگا دەگرێتەوە. تائێستا حكومەتی هەرێم، نەیتوانیوە بیمە بۆ هاونیشتیمانیان دابین بكات، هیچ دامودەزگایەكی فەرمی كار لەم بوارەدا ناكەن.

* دابین كردنی كاڵــا گشتییەكان:
ئەم پێوەرە، لەناوچەیەك بۆ ناوچەیەكی تر و لە شارێكەوە بۆ شارێكی تر، جیاوازی هەیە، لەهەندێ شاروشارۆچكە تاڕادەیەكی باش زۆربەی كاڵا گشتیەكان دابین كراوە، لەهەندێ شوێنی نیشتەجێ بوونیش كەخاوەندارێتیان بۆ كەرتی تایبەت دەگەڕێتەوە، دابینكردنی كاڵاگشتیەكان، كەوتووەتە سەر كەرتی تایبەت، لەبەرامبەردا هاونیشتیمانیان بڕێك پارە دەدەن.
بەشێوەیەكی گشتی دەتوانین بڵێن، كەموكوڕی زۆر هەیە لەدابینكردنی كاڵاگشتیەكاندا، بەگشتی ئاوی خواردنەوە و كارەبا و ڕێگاوبان و ئاوەڕۆ وپرۆژەگشتیەكانی وەك پارك و باخچە.
لێرەو لەوێ ڕۆژانە گوێبیستی داواكاری وگلەیی هاوڵــاتیان دەبین لەم بوارانەی سەرەوە.

* دادپەروەری لەنێوان نەوەكاندا:
ئەوەی كەڕوون و ئاشكرایە، پشكی شێر، بۆ نەوەی پێشووە و نەوەی ئێستا و داهاتوو، بێ بەش ماونەتەوە و بەدیار داهاتوویەكی نادیارەوە، چونكە بەپێ ی داتاكان و بارودۆخی ئابوری و دارایی هەرێم بێت، هەرێم نزیكەی (27) ملیار دۆلار قەرزی لەسەرەو سەرەرای كێشەو قەیرانەكانی تر. 
نــە بۆ ئێستا نە بۆ داهاتوو دادپەروەری بەدی ناكرێت، كاتێك كە یاسا سەروەر نەبێت و كار بەدەقی یاسایی نەكرێت، هیچ جۆرە دادپەروەرییەك بەدی نایەت، لەنێوان تاكەكان و دەسەڵاتداراندا. یاسا لەهەرێمدا، بۆ بێ دەستەڵــاتەكان و ژێردەستەكان جێ بەجێ دەكرێت و بەڵام خاوەن پایەیی كۆمەڵایەتی و حزبی و گەندەڵكارە گەورەكان لەسەرووی یاساوەن.
هیوادارین، لەساڵانی داهاتوودا، تێڕوانینی حكومڕانانی هەرێم، لەمەڕ دادپەروەری كۆمەڵـــایەتی گۆڕانی بەسەردابێت، هەرێمیش وەك وڵاتانی تر، بتوانێت پێوەرەكانی دادپەروەری كۆمەڵـایەتی، بۆ هاونیشتیمانیان جێ بەجێ بكـــــات.

*ئابووریناس