جیاكردنەوەی (دیین) لـە (دەوڵەت) یان جیاكردنەوەیی (بانگەواز) لـە (سیاسەت)؟

20/02/2021


ئەكبەر غەریب ئەحمەد
شەرم كردن و ترسان لە دەربڕینی بیركردنەوەكانت گەورەترین تیرۆری فكرییە، ئازاری بە ناشرین سەیركردنت، سوكترە لە ئازاری خۆ خواردنەوەو دەرنەبڕینی جۆری بیركردنەوەكەت، هەركاتێك دڵسۆزیەك لە دڵتا هەبوو لەزماندا گرێت دا، دەبیتە خاوەنی دڵێكی پڕ مەراق و زمانێكی خیانەت كار. 
چەندین ساڵە بزافە ئیسلامییەكانی كوردوستان لە قەیرانی گوتاردا دەژین، هەتا ئێستا نەیانتوانیوە گوتاری بانگەوازو گوتاری سیاسی لەیەك جیابكەنەوە٫ لەدوو كیان و بازنەی جیاواز مامەڵەی لەگەڵ دا بكەن، لەكاتێكدا ئەم دوو گوتارە لە ڕووی میكانیزم و شێوازو كارو كاركتەرەوە دونیایەك جیاوزیان هەیە، هەتا ئێستا لە هەڵبژردن و ململانییە سیاسیەكاندا تەنها پشت بە بانگخوازو وتاربێژان دەبەستن ..!! 

یەكێك لەو گورزە كەمەرشكێنانە لە گوتاری ئاینیی دراوە هۆكارەكەی بەسیاسی كردنی ملاو بانگخوازەكانەو لەسەر بنەمایی عاتیفەی دینیی و جەماوەریی بانگخوازیی كەسایەتیەكان دەنێرنە هەستیارترین شوێنی سیاسی لە كاتێكدا ئەو مەكانەتە ئەوەندە پێویستی بەعەقڵێكی سیاسی هەیە نیو ئەوەندە پێویستی بە وتاربێژو داعی نیە ..!
 
عەلمانیەكانی كوردوستان زۆر ژیرانە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە دەكەن، زۆر ئاسان بزافە ئیسلامیەكان لەژێر كاردانەوەدا دەخەنە ژێر تەڵەی تێكەڵ و پێكەڵ كردنی گوتاری " بانگەوازو" گوتاری "سیاسی" . 
ئەوان لەژێر دروشمی جیاكردنەوەیی دین لەدەوڵەت ئەمان دەخەنە ژێر كاریگەریی عەتف و سۆزو هەڵچونی سیاسی و ئایینی و ( بڕیاری سوربوون لەسەر بەتێكەڵ و پێكەڵكردنی بانگەواز سیاسیان پێ دەدەن).
 
 نوسینی ئەم توێژینەوەم ، زۆرێك لەسیاسیە ئیسلامییە باڵاكانم دواندووە، ئەوانەی ئەزموونێكی سیاسیان هەیە و لەڕووی فكریەوە خوێندنەوە بۆ چەمكی گوتاری سیاسی و گوتاری بانگەواز دەكەن هەمویان دەردەداری دەست ئەوە هەڵە مێژویەن كە ئەو دوو گوتارەیان تێكەڵ و پێكەڵ كردووە، هەر لەم توێژینەوەدا باسی ئەوەم كردووە كە واباشترە ناوی ئیسلام لەهەموو كۆمەڵەیەكی سیاسی بكرێتەوە، لەپێناو بەرژەوەندی خودی ئیسلام. 

پێویستە لەسەر ئیسلامییەكانی كوردوستان هەنگاوی جدی لەم بابەتە بنێن، چی دی توانایی بانگخوازان لەسیاسەت دا بەفیڕۆ مەدەن، ڕابردوو پڕە لە تەرمی ئەو بانگخوازە ناودارو گەورانەیی كە لە سەنگەری سیاسەت دا كوژراوە. 
(بانگەواز و سیاسەت) دوو بواری تەواو جیاوازن، كەسێك یا دامەزراوەیەك ناتوانێت هەردوكیان لەخۆێ دا كۆبكاتەوە، هەرچەندە هەردوكیشیان یەكانگیربن لەڕووی بەدی هێنانی ئامانجە باڵایە مرۆیەكانەوە، بەڵام سروشتی كاركردن و ئامرازو مامەڵەی هەردووكیان جیاوازەو دوو كاروو دوو پسپۆڕی جیاوازن، ئەمەش مانای دژایەتی نێوان ئەم دوانە ناگەینێت، بەڵكوو جیاكردنەوەی دووگوتارە لەیەكدی، نمونەی بانگخوازی گەورەش لەم كوردستانە زۆرن كە سیاسەت بووە بەهۆی خستنی خۆی و كەمكردنەوەی هەستی ئایینی بەم هۆكارەیەوە. 
كەواتە پێویستە لەبازنەی گەورەی ئیسلام دا بازنەی سیاسەت و بانگەوازو لەدوو بازنەی جیاوازو سەربەخۆیان بن.