بۆ تانەدان لەدەسەڵات مەبنە پاڵنەری خۆكوشتن!

2 مانگ پێش ئێستا

ئارەزوو نوری
خۆكووشتن و سەرپێچی لە داخی حكومەت و یاسا، رێگەیەك نییە تا مرۆڤ ژیانی خۆی لەپێناودا بخاتە مەترسی و لەدەستدان.
هەمیشە ئەوانەی لەئەنجامی نەبوونی و بێ مووچەیی و بێ كاری و كرێچێتی و.... پەنا بۆ خۆكوشتن و خۆسووتاندن دەبەن، بەجۆرێك دەبنە مانشێتی سەر شاشەو سۆشیال میدیا وەك ئەوەی كارێكی دروستی كردبێت و دەیكەن بە پاڵەوان لەدژی ئەو حكومەتەی ئەو پەسەندی ناكات.. ئەمەش دەبێتە پاڵنەرێكی بەهێز بۆ هەموو ئەوانەی بێ كارو نەبوون و كرێچی و داخ لەدڵن تا بوون بەپاڵەوان هەمان رێچكە بگرنەبەر..

پێویستە كاتێ رووداوگەلێكی لەم چەشنە روویدا، هەمیشە ئەو هەوڵانە ئیدانە بكرێن و كارەكەیان بەنابەجێ و نادرووست ئەژمار بكرێت. نەوەك ببنە پاڵنەرێك بۆ كەسانی دیكە تەنها بۆ تانەدان لە دەسەڵاتێك كە تۆ پەسەندی ناكەی..
ژیانی مرۆڤەكان زۆر لەوە پیرۆزترە بۆ دەردەدڵی خۆت ببیە هۆكاری زیادكردن دیاردەی خۆكووشتن لەدژی دەسەڵات..

ئەگەر تۆ میدیاكاری، وەك ئەرك و بەرپرسیارێتی پیشەكەت پێویستە چیرۆكی بڵاوكردنەوەی رووداوەكە وەك كارێكی نادرووست و نابەجێ بهۆنیتەوەو ئەنجامدەر نەكەی بەپاڵەوان و قوربانی نادادی سیستمێك.
ئەگەریش هاوڵاتییەكی و پێت خۆشە لەئەكاونتی خۆت وێنەو هەواڵێكی لەم چەشنە بڵاو بكەیتەوەو سەرنجی هاوڕێكانتی پێ رابكێشی، ئەوە باشتر وایە نەیكەی..چوون هەموومان مرۆڤین و مافی ژیانمان هەیە، ئەم جۆرە هەواڵانە كاریگەری خراپ لەسەر دەروون و بیركردنەوەی خەڵكی جێدەهێڵێ جگە لەوەی لەمێشكی كەسانێك وەك بەدیلێك بۆ چارەسەری كێشەكان دەچەسپێ.

بۆیە وا پێویستە خۆمان بەدوور بگرین لەبڵاوكردنەوەی وێنەو هەواڵ و بەپاڵەوانكردنی ئەو كەسانەی خۆیان دەكەنە قوربانی وەك بەدیلێك بۆ چارەسەری گرفتەكانیان، تا نەبینە پاڵنەر بۆ ئەوانەی باری دەروونیان ناجێگیرەو هەمیشە رێی كرداری نادرووست لەهزریاندا بوونی هەیە.