توركیا بە ئێوە چی!

22/02/2021

هێژا دڵشاد
جارێكیان لە سەفەرێكم بۆ توركیا لەگەڵ كەسێكی ئەكادیمی كەوتینە گفتوگۆیەكی قوڵەوە لەسەر مەسەلەی كورد و تورك و پرسی كورد لە توركیا و پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا. من گوێگرێكی باشم تاكوو بزانم رای ئەو لەسەر ئەو بابەتانە چییە، دواتر منیش بۆچونی خۆمم راشكاوانە وت، كە تەواو پێچەوانەی بۆچونەكانی ئەو بوو، لەبەرئەوەی ئەو ئەكادیمی و نوسەرێكی دیاری تورك بوو، سەرۆكی ناوەندێكی ئەكادیمیش بوو، زۆرێك لە قسەكانی لەسەر ئەو تەوەرانە رەخنەگرتن بوو، بێ ئەوەی گفتوگۆكەی لەگەڵ مندا درێژبكاتەوە، لێی پرسیم توركیا بە ئێوە چی؟ 
وتم چۆن یەعنی؟ 
وتی: (ئێوە لە باكووری عێراق هەرچی میدیا و سیاسیەكانتان قسە و باسیان لەسەر توركیایە، زۆر خوتان بە توركیاوە گرتووە، توركیا بە ئێوە چی؟ باشتر وایە ئێوە سەرقاڵی كێشە و مەسەلەكانی خۆتان بن).
وەڵامی من بەم شێوەیەبوو: بۆ ئێمەی كورد باكووری كوردستان وەك قیبلەی گەلی كورد وایە، هەرچۆن میسر بۆ عەرەبەكان پێگەیەكی گرنگی هەیە، بۆ ئێمەش ئامەد هەمان گرنگی هەیە. لەبەرئەوەی لە ٤٠ ملیۆن كورد، نیوەی لە توركیا دەژی، دووەم: توركیا بەجۆرێك ئامادەگی لە سێ پارچەی كوردستان هەیە، باكوور، باشوور و رۆژئاوای كوردستان، بۆیە قسەكردنی ئێمە لەسەر خودی توركیا نییە بەڵكو لەسەر كورد لە توركیایە، یان سیاسەتی توركە لەگەڵ كورد واتە ئەوەی پەیوەستە بە كوردەوە. 

هەڵبەتە ئەمە دیدێكی شۆڤێنی ئەو نوسەرەیە، بەڵام واقیعیش بین تا رادەیەك قسەكەی راستە! ئێمە لە هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك پرسی جدیمان هەیە كە تائێستا چارەسەر نەكراون، مەسەلەی كورد لە دەستوری عیراق و مادەی ١٤٠ بخەینە ئەولاوە، كێشەی زۆرمان هەیە، خزمەتگوزاری و كارەبا و كێشەی داهات  و موچە، كێشەی گەندەڵی و فەسادی ئیداری، كێشەی بێ كاری و نەبونی كارگەی گەورە و دەیانیتر كە ماوەی ٣٠ ساڵە دەسەڵاتی كوردی ئاوڕێكی جدی لێنەداوەتەوە. 

هەرچۆن باشترە مرۆڤ لەپێشدا ناوماڵی خۆی رێك بخات ئەوجا رەخنە لە ماڵەكەیتر بگرێت، بەراستی ئێمە لە هەرێمی كوردستان لەو ئاستە باشەدا نین كە خۆمان پێوەر بكەین لەگەڵ وڵاتێكی وەك توركیا! لەبەرئەوەی جیاوازییەكان رادەبەدەر زۆرن، لە پڕۆسەی سیاسییەوە تاكوو سیستمی بەڕێوەبردنی وڵات و یاسا و دەستور، مەسەلەی هەڵبژاردن و بوارەكانی خزمەتگوزاری و زۆر شتیتر. 
ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە خودی مەسەلەی كورد و قسەكردنە لەسەر سیاسەتی توركیا لەهەمبەر مەلەسەی كورد.