مەلاكان واز لە نوێژ دەهێنن!

23/02/2021

لەنجە عەبدولواحید
بەشێك لە مەلاكانمان كە پێیان دەوترێ زانای ئایینی (شەیتان الاخرسن)، من سەرۆكی حكومەت بومایە، ئەانی چیم دەكرد؟
كاتێ لیژنەی فەتوام بینی، لێم یەقین بوو كە بێ"ومان مانگیان نەبینیوە چونكە هێشتا زۆری ماوە بۆ رەمەزان و جەژن، بۆیە زانیم گۆبەندێكیان پێ یە!
وتم رەنگە دواجار بوێربن و بۆ بریارەكەی دادگا هاتبێتنە دەنگ و فرمێسكی مناڵەكەی بادینان سۆزی ئەوانیشی جوڵاندبێ!

دواتر وتم نا، لەنجە بۆستە، مەلاكان راعین، ئایینی ئێمە ئەفەرموێ (كلكم راع و كلكم مسول عن رعیته)، بۆیە مەلاكانیش هاتون دژ بە دواكەوتنی موچەی خەڵك رەشوروت بدوێن، هاتون بڵێن جەنابی سەرۆك دەستمان دامێنت، وا گەورەكان هەڵەیاكرد، بۆچی مناڵەكان سزا بدرێن لەپای هەڵەی باوانیان!
هاتون بڵێن: جەنابی سەرۆك شێوازی بریاردان لەدادگاكان پیاچونەوەی بۆ بكرێـ چونكە هۆكارە بۆ چاندنی تۆوی سكانداڵی!

هاتون بڵێن ناكرێ مناڵانی ئەم هەرێمە دروێنەی خەم و باجی هەڵەكانی دایك و باوك و گەورەكانیان بكەن، نابێ راگەیاندن بەو شێ,ەیە ببێتە پەردەی داپۆشینی هەڵەكانی حكومەت و ئابروچونەكان داپۆشێت!

من وامزانی مەلاكان ئەڵێن خەمتان نەبێ مناڵینە ئەو ئێمەش ئەبینە قەڵغان و چرا لە ماڵە تاریكەكان هەڵدەكەین، دەبینە پارێزەر و چیتر ژنكوژی ناهێڵین، دەبینە سەنگەر بۆ پارێزگاری لە راستی و بە حكومەت دەڵێین چڵكاوخۆرەكان راست ناكەن كە لە بەرامبەر چنگێك پارە ئامادەن گەواهی لەسەر خودی خۆیشیان بدەن!
وامزانی هاتون بە حكومەت بڵێن چۆن لە پەروەردە لاسایی سوید دەكەیتەوە و بۆشت ناكرێ، لە دادوەری و دادگاكانیش هەمان ئیش بكە!

كە بینیم دەركەوت هەموو خەیاڵەكانی من راست نین!
مەلاكان هاتبون باسی تاتۆ دەكەن، هەموو كارەساتەكانیان پشتگوێ خست و حەرامی و حەڵاڵی تاتۆیان باسكرد، ئەمیش بۆ ئەوەی سكانداڵەكانی تری پێ بشاردنەوە، گوناه نیە ئەو جۆرە مرۆڤانە نوی،َەرانی ئایینی ئیسلام بكەن!!
(انی اعوژ بك من الجهل و من قوم الجهالە).

من دژی تاتۆم، دژی بۆتۆكسم، لە سوید چەندین ساڵ پزیشكەكان هەوڵیان دا رێگر بن چونكە مولولەكانی خوێن دادەپۆشێت، بەڵام 17 ساڵیشە لەم وڵاتەم، قەشەیەك نەهات بڵێ ئەو شتە حەرامە یان ئەو شت حەڵاڵە!
قەشەیەكم نەبینی خوێنی ژنێك حەڵاڵ بكات، باسی جلی ژن بكات، بەڵام مەلاكانی ئێ/ە تازە دەگەڕێنەوە سەردەمی جەهالەت!

مەلاكان قسە دەكەن و بیریان چوە كە:
بێكاری خۆیان بە میللەت دەفرۆشنەوە، لەكاتێكا مایكرۆفۆنی بەردەم و قوماشەكەی بەریشیان بەپێی پێوەرەكانی خۆیان، حەرامە! چونكە هەموو ئەوانە دروستكراوی ئەهلی كوفرە( بە قەولی خۆیان)! یان بانێكە و دوو هەوا!

مەلاكان بۆ باسی ئەو هەموو تیاترۆخانە و هاوردەكردنی لەشفرۆش و زۆربونی یانەكانی شەوانە ناكەن، باسی كوشتنی ژنی بێتاوان ناكەن؟ باسی لەخشتەبردنی گەنجان ناكەن لەلایەن باندەكانی لەشفرۆشی، باسی زیندانی بەناهەق و دادگایی كارتۆنی ناكەن!؟

مەلاكان لەسەر پانتۆڵی كچان و شێوازی پۆشاك و ئارایشتی ژنان ئامادەن هەزار وتار بدەن، كەچی لە ئاستی ناعەدالەتی و ستەم دەمیان بەستراوە و بە چرپەش دەنگیان نایەت!
وڵات سەیری ئایندە دەكات، كەچی مەلاكان هەنگاویان روەو كۆریای باكورە و پێ بە پێی دەسەڵات رێدەكەن! نهێنیەكەش موچە و قوت و پارەیە!
پێموایە ئەگەر نوێژ كردن بە پارە بوایە، مەلاكانی ئێمە هەموو وازیان لە نوێژ دەهێنا و سەریان بە فەرزدا نەئەكرد، وەك چۆن ئەگەر پەروەردگار بۆ چونە بەهەشت بەڵێنی پارەی بدایە ئەوا هەموو كۆمەڵی لەمەڕ ئێمە موسوڵمان دەبوو!!!